كۆمپانیایەكی ژاپۆنی دەبێتە سپۆنسەری نوێی یانەی بەرشەلۆنە

:: AM:09:38:17/11/2016 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ كۆمپانیای (راكوتێن)ی ژاپۆنی بۆ ئەلیكترۆنیان راگەیاند و لەسەرەتای ئەمساڵیش شوێنی ناوی ئەم كۆمپانیایە شوێنی هێڵی ئاسمانی قەتەر دەگرێتەوە.

یانەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە گرێبەستەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای راكوتین بۆ ماوەی 4 ساڵە و تا 2021 بەردەوام دەبێت، بۆ هەر ساڵێكیش بڕی 55.5 ملیۆن یۆرۆ لە كۆمپانیاكە وەردەگرن.

یانەكە ئاشكراشی كرد كە ئەگەر لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا ناسناوی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بەدەست بێنن، وەك پاداشت بڕی 1.5 ملیۆن یۆرۆی تر لە كۆمپانیاكە وەردەگرن، هەروەها ئەگەریش ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش ببەنەوە ئەوا 5 ملیۆن یۆرۆی تر لە كۆمپانیا ژاپۆنییەكە وەردەگرن.

ناوی كۆمپانیای راكوتین بەفەرمی لە سەرەتای ساڵی 2017 لە شوێنی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی قەتەر لەسەر درێسی یانەی بەرشەلۆنە و یاریگە و سەرجەم كەلوپەلە وەرزشییەكانی یانەكە دەنووسرێت.

یانەی بەرشەلۆنە لە بەیاننامەكەدا ئاشكراشی كرد كە بەگوێرەی گرێبەستەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای راكوتین ساڵی داهاتوو یارییەك یان چەند یارییەكی هەڤاڵینی لە وڵاتی ژاپۆن ئەنجام دەدەن.

جێی باسە سپۆنسەری كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی قەتەر لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە سەرەتای ئەمساڵ بەكۆتا دێت و لە یارییەكانی دوای سەری ساڵ لەسەر درێسی یانەی بەرشەلۆنە ناوی كۆمپانیای راكوتین دەنەخشێنرێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م