بۆ كپكردنه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان ..ئێران داوایه‌ك ئاراسته‌ ته‌له‌گرام ده‌كات


وه‌زیرى پێوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیاى زانیارى له‌ ئێران، پێوه‌ندى به‌ دامه‌زرێنه‌رى تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى ته‌له‌گرام ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌كانى پێوه‌ندیكردن رابگرێت.

  ئاژانسى هه‌واڵى ئیرنای بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د جه‌واد جه‌هروومى وه‌زیرى پێوه‌ندییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیاى زانیارى داوایه‌كى ئاراسته‌ى سایتى ته‌له‌گرام كردووه‌ و داواى كردووه‌، هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵانه‌ى پێوه‌ندیكردن رابگرێت كه‌ بره‌و به‌ كارى توندوتیژى ده‌ده‌ن.

 وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌ هاتووه‌ پاول دۆرۆڤ دامه‌زرێنه‌رى تۆڕه‌كه‌ گوتوویه‌تى هه‌ر كه‌ناڵێك داده‌خرێت كه‌ بره‌و به‌توندوتیژى بدات. وه‌ك له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى دامه‌زرێنه‌رى ته‌له‌گرام ده‌رده‌كه‌وێت یه‌كسه‌ر به‌ڵێنى داخستنى نه‌داوه‌، به‌ڵكو گوتوویه‌تى "سه‌ره‌تا سه‌یر  ده‌كه‌ن له‌راستى زانیارییه‌كان دڵنیا ده‌بنه‌وه‌".

ماوه‌ى سێ رۆژه‌ شه‌پۆڵێكى ناڕه‌زایى و خۆپیشاندان سه‌رتاسه‌رى ئێرانى گرتووه‌ته‌وه‌. وه‌ك له‌ شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى ده‌ركه‌وت، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هۆكارێكى گرنگن بۆ به‌رده‌وامبوونى خۆپیشاندانه‌كان، بۆیه‌ ئێران چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌كارهێنانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ سنووردار بكات.

 سه‌رچاوه‌ / ارنا


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


AM:10:06:31/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌