ژنێكی ته‌مه‌ن 37 ساڵه له شاری سلێمانی ده‌ژی، دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا ده‌كات، له‌لایه‌ن نزیكترین هاوڕییه‌وه گه‌وره‌ترین خیانه‌تی به‌رانبه‌ر ده‌كرێت، كاتێك وێنه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌بینێت له ژووری نوستنه‌كه‌ی، ئه‌وكاته‌ی ده‌یه‌وێت دووباره هاوسه‌رگیری بكاته‌وه و هاوڕێ و هاوسه‌ری پێشووی ژیانی بۆ جارێكی تر لێی تێك ده‌ده‌نه‌وه.
زینه ژنێكی باڵابه‌رزی قژكاڵی سه‌رنجڕاكێشه، جوانی ئه‌و له‌ناو خزم و هاوڕێ و له ناو كۆلێژیشدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بووه، چه‌ندان داواكاری ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به هیوای كارمان كه له ده‌ره‌وه وڵات بووه و ته‌نیا له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌بووه، دوای چوار ساڵ چاوه‌ڕوانی هاوسه‌رگیری ده‌كات، به‌ڵام گۆڤه‌ندی هاوڕێی ئه‌و ژیانه‌ی كه چوار ساڵ خه‌ونی پێوه بینیوه، لێی تێك ده‌دات.
له زانكۆ كارمان ده‌ناسێت، دوای چه‌ند مانگێك له دروستبوونی پێوه‌ندییه‌كه‌یان، كارمان له‌گه‌ڵ ماڵی باوكی ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵێنی ئه‌وه به زینه ده‌دات دوای ساڵێك یان ده‌گه‌ڕێته‌وه به یه‌كجاری یان ئه‌ویش ده‌بات و هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچیان ڕوو ناده‌ن و زینه چوار ساڵ له چاوه‌ڕوانیدا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و باسی چیرۆكی خۆی بۆ "وشه" ده‌كات و ده‌ڵێت، تاوانی گه‌وره‌م ئه‌وه‌بوو زۆر ڕاستگۆ بووم له خۆشه‌ویستی وله هاوڕێیه‌تیشدا باجی ئه‌و ڕاستگۆیه‌شم بۆ ته‌مه‌نم كۆتا نایه‌ت.
ئه‌و ماوه دوور و درێژه‌ی كارمان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، من زۆرترین ناخۆشیم به‌سه‌ر هات، جگه له‌و كێشانه‌ی به‌هۆی زۆری داواكردنمه‌وه ڕووبه‌ڕووم ده‌بوونه‌وه، كارمانیش به دڵپیسییه‌كی زۆر ناخۆش و قووڵه‌وه ژیانی تێك دابووم، هه‌موو شتێكم لێ قه‌ده‌غه بوو. من ته‌نیا خۆم كردبوو به كۆیله‌یه‌ك و به فه‌رمانی كارمان هه‌ڵسوكه‌وتم ده‌كرد. ئێسته كه له خۆم ده‌پرسم نازانم بۆ قبووڵم ده‌كرد، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌م كرد كه چه‌ند ساڵ قبووڵی پیاوێكم كرد له‌ودیوی ته‌له‌فۆنه‌وه و ڕێم دا ژیانم وێران بكات.
زینه باس له هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كارمان ده‌كات و ده‌ڵێت، دوای چوار ساڵ له چه‌شتنی هه‌موو ناخۆشییه‌ك و قبووڵكردنی قسه‌ی هه‌موو خزم و كه‌س و هاوڕیی و توانجێك، كارمان گه‌ڕایه‌وه و هاوسه‌رگیریمان كرد، ئیتر ده‌ستم به‌وه كرد تامی ژیان بكه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌مه‌نێك چاوه‌ڕوانیم كرد، به‌ڵام پێش ئه‌وی ساڵیادی هاوسه‌رگیری بگێڕم له گه‌ڵی له یه‌كتر جیا بووینه‌وه.
گۆڤه‌ند نزیكترین هاوڕێی زینه‌یه، ئه‌و كه‌سه بووه وه‌ك زینه باسی ده‌كات، له پێناویدا ئاماده بووه بمرێت، ده‌رگه‌ی ماڵی باوكی و پاشان ماڵی خۆشی هه‌میشه به‌ڕوویدا واڵا بووه، ئه‌و خۆی سێ جار له خۆشه‌ویستیدا فه‌شه‌ل ده‌هێنێت، كاتێك ده‌بینێت هاوڕێكه‌ی له‌ته‌نیا پێوه‌ندیدا گه‌یشتووه به‌ژیانێكی ئارام، چاڵی بۆ هه‌ڵده‌كه‌نێت و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سه‌رنجی كارمان بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت، وای لێ دێت پێوه‌ندییه‌كه‌یان ئاشكرا ده‌بێت و به‌جۆرێك گه‌ڕانه‌وه‌ی نابێت بۆ خاڵی چاكبوونه‌وه.
زینه نایشارێته‌وه كه هه‌ستی به هه‌بوونی پێوه‌ندییه‌كی نامۆ كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده بڕوای به هه‌ردووكیان هه‌بووه هه‌مووجار خۆی سه‌رزه‌نشت كردووه، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی گۆڤه‌ند له‌گه‌ڵیدا ده‌كات به‌شه‌ڕ و هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ی كه له‌گه‌ڵ كارمان گرتوویه‌تی بۆی ده‌نێرێت وه‌ك سه‌لماندنی هه‌بوونی پێوه‌ندی نێوانیان، زینه ده‌ڵێت زۆربه‌ی وێنه‌كان له ماڵه‌كه‌ی خۆمدا بوون ئه‌و كاتانه‌ی من له ده‌وام بووم كاتیان له ماڵه‌كه‌ی من و ژووری نوستنه‌كه‌مدا به‌سه‌ر بردووه.
دوای كه‌متر له مانگێك له ئاشكرابوونی پێوه‌ندییه‌كه‌یان، زینه جیا ده‌بێته‌وه و ماوه‌ی سێ مانگ تێناپه‌ڕێت كه نزیكترین هاوڕێی و هاوسه‌ری پێشووی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، زینه باس له‌وه ده‌كات كه وه‌ك گاڵته پێكردنێك گۆڤه‌ند به‌به‌ره‌وام وێنه‌ی خۆیانی بۆ ناردووه و بۆی نووسیوه ئه‌وی شایه‌نی ئه‌و ژیانه‌یه منم نه‌ك تۆ.
دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێك زینه بڕیار ده‌دات دووباره هاوسه‌رگیری بكاته‌وه، هه‌موو شتێك كۆتای پێ دێت و ده‌گه‌ن به كۆتا بڕیار و زینه ماره ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بگوازرێته‌وه به‌هۆی ئه‌و قسانه‌ی كه له‌لایه‌ن گۆڤه‌ند و كارمانه‌وه ده‌خرێنه پاڵی جیا ده‌بێته‌وه و كۆتا به‌و هاوسه‌رگیرییه ده‌هێنێت پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست پێ بكات.
ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی پێوه‌ندی باش بووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی گۆڤه‌ند پێوه‌ندی پێوه كردووه و پێی گوتووه من ڕابردووم خراپه و كارمانیش له‌سه‌ر ئه‌و ڕابردووه لێم جیا بووه‌ته‌وه، ناخۆشی كه‌وته نێوانمان، من كاتێك هه‌ستم كرد ئه‌و كوڕه گومانم لێ ده‌كات، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌هیچ شتێك بكه‌ین، وازم له هه‌موو شتێك هێنا، چونكه من ئێسته پێویستیم به پیاوێك هه‌یه لێم تێبگات و قه‌دری ژنبوومنم بزانێت نه‌ك له سه‌ره‌تاوه گومانم لێ بكات.
وشه/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان