نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان دیاری كرا

:: PM:04:43:01/01/2018 ‌

نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان لە شاری هەولێر دیاری كراوە بۆ مانگی كانوونی یەكەم و خاوەن مۆلیدەكان دەڵێن، دیاریكردنی نرخەكان و وەرگرتنی پارەی ئەمپێرێك كارەبا لە گەڕەكێك بۆ گەڕكێكی تر دەگۆڕێت.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی كانوونی دووەم، عارف محەمەد خاوەنی مۆلیدە لە گەڕەكی نەورۆزی شاری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ مانگی 12 بڕیار دراوە بۆ هەر سەعاتێك كارەبا بڕی 46 دینار وەربگیرێت لە هاووڵاتییان، بەڵام لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر دەگۆڕێت.

ئەو خاوەن مۆلیدەیە زیاتر گوتی، لیژنە لقییەكانی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكان ئەمڕۆ نرخیان بۆ ناردووین و سەعاتەكانی كارەبا نرخی كۆتا دیار دەكەن، هەروەها ئەو نرخەی كارەبایە لەگەڵ مانگی 11 یەك دینار كەمترە.

عارف ئاشكرای كرد ئەگەر خاوەن مۆلیدە پێوە پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و هاووڵاتییان لەسەر پسوولەی پێدانی پارەكانیان ژمارەی سكاڵای لیژنە لقییەكان دیاری كراوە دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، هەروەها ئەگەر ئەو مانگە نرخی گاز بەو شێوەیە بێت و كارەبای نیشتمانی بەو شێوەیە بێت، پارەی مۆلیدە ناحكوومییەكان كەمتر دەبێتەوە.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەكان و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای هەولێر دیاری كراوە، پێویستە خاوەن مۆلیدەكان بەیانیان سەعاتێك و نیو كارەبا بدەن و ئێوارانیش لە سەعات چوار و نیو تا 12ـی شەو كارەبا بدەن ئەگەر كارەبای نیشتمانی نەبوو.



وشە - رامیار جەواد