یوسف سه‌لمان به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسى پارێزگاى دهۆكی كۆمسیۆنى باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق له دیمانه‌یه‌كى "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت، حوزه‌یرانى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى گشتیى عێراق ئه‌نجام ده‌درێ و ئه‌گه‌رى دواخستنى نییه تا ئێسته و كاره‌كانى كۆمسیۆن بۆ ئاماده‌كاری به باشى به‌ڕێوه ده‌چن. هاوكات ورده‌كاری دانانی سندووقى ئه‌لیكترۆنى خسته ڕوو كه به شێوه‌یه‌كى باش رێ له‌و ساخته‌كارییانه ده‌گرێت كه له تۆماری ده‌نگده‌راندا هه‌بووه.
له‌ناو ئه‌و هه‌موو ده‌نگۆیه‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردن، كه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتیى عێراق ده‌كرێ؟
ئه‌و ماوه‌یه‌ى دیاری كراوه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه 12ی ئایاری ئه‌مساڵ 2018 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام له رووى یاسایییه‌وه ده‌بێت په‌رله‌مان خۆى له خولی یاسادانان ته‌واو بكات و هاوكات بودجه‌ی دیاریكراو بۆ هه‌ڵبژاردن بخاته سه‌ر حیسابى كۆمسیۆن و رۆژی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى جێگیر بكات، به‌ڵام پێشتر بۆچوونی كۆمسیۆن له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیران له دانانی ئه‌و رۆژه بۆ هه‌ڵبژاردن وه‌رگیراوه.
ئێوه وه‌ك كۆمسیۆن ئێسته چی له لاتان روون نییه و داوای چی ده‌كه‌ن؟
كۆمسیۆن داواى بڕه پاره‌یه‌كی كردووه له سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران تا بتوانین كاروبارى رۆژانه وه‌ك ئاماده‌كاری به‌ڕێوه ببه‌ین تا ئه‌وكاته‌ی یاساى بودجه‌ى 2018 له په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت و ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. واته ئێمه وه‌ك ئۆفیسى دهۆك له هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق چاوه‌ڕێى سێگوشه‌ی "لایه‌نى دارایى، واده‌ى هه‌ڵبژاردن سه‌رۆك كۆمار رای بگه‌یه‌نێت و یاسای هه‌ڵبژاردن" كه له‌م رۆژانه‌دا په‌رله‌مانى عێراقى گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كات.
به‌ڵام به‌رده‌وام باس له دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێ به تایبه‌ت له‌لایه‌ن سوننه‌وه كه خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاواره‌یه؟
ئێمه وه‌ك كۆمسیۆن ناتوانین بڕیار له‌سه‌ر دواخستن یان پێشخستنی هه‌ڵبژاردن بده‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیار له من بكه‌ی وه‌ك به‌رپرسێكى كۆمسیۆن ئایا له شیاندایه 12ی ئایار هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ببه‌ن؟ به‌ڵێ ده‌توانین و تا ئێسته كاره‌كان به دروستى به‌ڕێوه ده‌چن و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه له به‌رده‌م كۆمسیۆن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاسا له‌كاتى خۆیدا له په‌رله‌مان ده‌رنه‌چێت یان بودجه نه‌خرێته سه‌ر حیسابى كۆمسیۆن، ئه‌وه بابه‌تێكى تره و بڕیار له ده‌ستى ئێمه‌دا نییه.
زۆر باس له‌سه‌ر گوڕینى یاساى هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، یاساكانی پێشوو كێشه‌كانی چین؟
بابه‌ته‌كه پێوه‌ندى به یاسادانانه‌وه هه‌یه و ئه‌ندامى جڤاتى نوێنه‌ران وه‌ڵامیان لایه، ئێمه وه‌ك كۆمسیۆن له‌وانه‌یه مافی ئه‌وه‌مان نه‌بێت بڕیار له‌سه‌ر پرسێكى وا بده‌ین، چونكه ره‌نگه ئێمه تێبینی خۆمان هه‌یه و ئه‌وانیش تێبینی خۆیان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی باش بێته به‌رهه‌م لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق به‌ر له ده‌رچوونی یاساكه راوێژ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن ده‌كات. ورده‌كاری زیاتر له ئۆفیسی كۆمسیۆن له پارێزگاكان نییه. له كۆتادا ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌یكات به یاسا، ئێمه جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.
چی نوێ ده‌خه‌نه ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تا ئه‌و هه‌موو تانه‌یه‌ی لێی ده‌درێ كه‌م بێته‌وه؟
یه‌ك له‌و پڕۆژانه‌ى كۆمسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی رژد كاری له‌سه‌ر ده‌كات، كڕینى ئامێری تایبه‌ت و سندووقى ئه‌لیكترۆنییه كه بودجه‌ى بۆ ته‌رخان كراوه، سندووقه ئه‌لیكترۆنییه‌كه ناوی "ئامیرێ خێرا راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان"ـه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كۆمسیۆن گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كى كۆرى واژوو كردووه به‌ناوى (میرۆ) كه پابه‌ند ده‌بێت به ئاماده‌كردنى سندووقی ئه‌لیكترۆنى له ماوه‌ى دیاریكراوى ههڵبژادرنهكاندا.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌م سندووقه چییه؟
سندووقى ئه‌لیكترۆنى دوو جۆر ده‌بێت، جۆرێكیان له‌سه‌ر ئاستى وێسته‌گه ده‌بێت بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ى له رووى ته‌ناهییه‌وه ئارامن، جۆرى دووه‌م له‌سه‌ر ئاستى ناوه‌ند ده‌بێت بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ى له رووى ته‌ناهییه‌وه كێشه‌یان هه‌یه. وه‌ك ده‌زانن ژماره‌یه‌ك پارێزگاى عێراق زۆر نییه له‌ژێر ده‌ستی تیرۆریستان هاتوونه‌ته ده‌ر.
واته له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئه‌نجامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌لیكترۆنى بۆ ناوه‌ندى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له به‌غدا به‌ڕێى مانگى ده‌ستكرد دێته ره‌وانه‌كردن، كه‌واته له بننكهكانی ده‌نگداندا مرۆڤ ده‌ستی له پرۆسه‌كه‌دا نییه و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و ژماردنی هه‌مووی ئه‌لیكترۆنییه. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى تر‌ى ئه‌م سندووقه ئه‌وه‌یه راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان خێرا ده‌كات و هه‌ركات بنكه‌ی ده‌نگدان داخرا، له دوو سه‌عاتدا به فه‌رمى ئه‌نجامه‌كانى سه‌ره‌تایی راده‌گه‌یه‌نرێت.
كه‌واته ئه‌م سندووقه چه‌ند تواناى ده‌بێت بو نه‌هێشتنى ساخته‌كاری كه له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا زۆر تانه ده‌درێ له‌و رووه‌وه؟
هه‌ر كاتێك باس له ساخته‌كاری ده‌كرێت، ده‌بێت به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بێت له‌سه‌ری, له رابردوودا به‌پێی زۆرتربوونی ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنه‌كان سكاڵای پارته‌كان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌م بوونه‌وه تا ئاستی 50%، بۆ نموونه دوو بنكه‌ى ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگ له پارێزگاى دهۆك هه‌بوون، له یه‌كێك له‌و بنكانه نیوه‌ى ئه‌نجامه‌كانى پارێزگاى دهۆكى تێدا دووباره كرانه‌وه، یه‌ك سكاڵاى پارته‌كان نه‌بوو و هه‌موویان به ئه‌نجامه‌كان رازى بوون. بنكه‌ى دووه‌میش به‌هه‌مانشێوه، واته به‌شێوه‌یه‌كى گشتیى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق هه‌نگاوى باشی ناوه بۆ نه‌هێشتنی ساخته‌كاری و ئه‌م ئامێرانه‌یش هه‌ر له‌و روانگه‌وه دێنه كڕین.
هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك باس له بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر ناوی مردوو و پاك نه‌كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌كرێ، له‌و رووه‌وه چیتان كردووه؟
ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردن زیاتر پێوه‌ندى به لیستى ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌یه و له رۆژى ده‌نگداندا، واته كهموكورى له تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه نه‌ك له ته‌كنیكی هه‌ڵبژاردن، بۆیه ماوه‌ى سێ ساڵه كۆمسیۆن كار له‌سه‌ر دروستكرنى لیستێكى ئه‌لیكترۆنى ناوى ده‌نگده‌ران ده‌كات له رێی بایۆمه‌ترییه‌وه، ده‌بێت هه‌ر كه‌سێك خۆی بچێت خۆی تۆمار بكات و په‌نجه‌مۆر و وێنه‌ی چاوی ده‌گیرێ، ئه‌مه باشترین رێكاره كه ده‌رگه‌ی سكاڵا له ساخته‌كاری داده‌خات. 50% پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێوه‌ندى به تۆماری ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌یه و به‌داخه‌وه له عێراق هیچ سه‌رژمێرییه‌كى دروست نییه كه هه‌ر كه‌سێك كۆدى خۆى هه‌بێت و كه‌س ده‌ستكارى نه‌كات.
با له‌وه بپرسین خانه‌نشینكردنى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه كه‌سێكى كورد بوو به دیاریكراوی هی پارێزگای دهۆكیش بوو، كاری نه‌كردووه‌ته سه‌ر كاری نووسینگه‌كانی كۆمسیۆن له كوردستان؟
كۆمسیۆن ده‌زگه‌یه‌كى پیشه‌یییه و دووره له هزرى نه‌ته‌وه‌یى و حزبی و ناوچه‌یی، تا ئێسته به خانه‌نشینكردنى كوردێك و جێگرتنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن عه‌ره‌بێك هیچ كارتێكردنی له كارى ئێمه وه‌ك ئوفیسهكانی هه‌ڵبژاردن نه‌كردووه. ئێسته‌یش دوو كۆمسیارى كورد له ئه‌نجوومه‌نی كومیسیارانی هه‌ن، به‌ڵام پێوه‌ندی ئێمه له‌سه‌ر ئاستى كه‌سى نین تا بتوانین جیاوازى نێوان كه‌سه‌كانى بكه‌ین كه كورده یان عه‌ره‌ب یا نه‌ته‌وه‌یه‌كى تر.
ئه‌گه‌ر كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان داوا بكات له هه‌ڵبژاردنی كوردستان سندووقى ئه‌لیكترۆنى عێراق به‌كار بێنێ، ده‌توانێت؟
ئێمه دوو ده‌زگه‌ى لێك جیاین، بۆ مه‌به‌ستێكی وا ده‌بێت به فه‌رمی كۆمسیۆنی كوردستان داوایه‌ك ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی عێراق بكات، دواتر نۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران بڕیار ده‌ده‌ن و ورده‌كاری گونجان و به‌كارهێنانه‌ی لێك ده‌ده‌نه‌وه و وه‌ڵامی كۆمسیۆنی هه‌رێم ده‌ده‌نه‌وه. بۆیه نازانم چۆن ده‌بێت له ئێسته‌وه.
وشه/ دهۆك- دێژین سدقی