پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران لە رۆژی جیهانی هاتوچۆدا لە سەنتەری شارۆكەی سۆران، چەند چالاكییەكیان ئەنجام دا.
رۆژی 17ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی جیهانی هاتوچۆ دیاری كراوە، لە شارۆكەی سۆرانیش لە ژێر دروشمی "ئەم خاكە خوێنی رژاوە با هەموومان پارێزەری بین"، یادەكە لە فولكەی گشتیی بازاڕی سۆران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و ژینگە دۆست و مامۆستایان و قوتابییان و شوفێر و هاووڵاتییانی سۆران لەلایەن رێكخراوی وار و هاتوچۆی سۆران بەرز راگیرا.
هەژار ماهیر ئیدلبی، بەرپرسی رێكخراوی "وار" بۆ پاراستنی ژینگە بە "وشە"ی راگەیاند، وەك رێزێك بۆ ئەو پێشمەرگانەی كە پارێزەری لە خاك و ژینگە دەكەن، چەندان چالاكیی جۆراوجۆری هاتوچۆیی و ژینگەپارێزی وەك، "كردنەوەی پیشانگە بۆ پێشاندانی رووداوەكانی هاتوچۆ و كاریگەرییەكانی لەسەر خاك، ئاو و هەوا، مانۆڕی هاتوچۆ، دابەشكردنی نامیلكەی هاتوچۆیی و ژینگەیی، وەستانی ئوتۆمبێل بۆ ماوەی سێ خولەك و چەندان چالاكیی هونەری وەك موزیك و شانۆ و ...." ئەنجام دا .
زیاتر روونی كردەوە، ئەنجامدانی چالاكییەكان بۆ هوشیاركردنەوەی زیاتری خەڵكە و بەو هۆكارەیش لە هۆڵی داخراوەوە یادەكەمان هێنایە سەرشەقام و لە نێو بازاڕی سۆران بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بۆ خزمەتكردنی شارۆكەی سۆران بەڕێوە برد.
كرمانج عیزەت، قایمقامی شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، لە سایەی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، لە رۆژی جیهانی هاتوچۆدا سۆرانیش وەك هەموو دنیا رێز لەو رۆژە دەگرێت و ڕۆژی جیهانی هاتوچۆ بە چەندان چالاكی پیرۆز دەكەین بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان و سەلامەتی ژینگەی كوردستان.
سۆران – موڕشید برادۆستی