كچێك له‌ هه‌ولێر له‌داخی ئه‌وه‌ی نه‌یاندا به‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بزانه‌ بڕیاری چی دا


کچێک لە هەولێر، دوای ئەوەی ماوەی دووساڵ پێوەندی لەگەڵ کوڕێک دەبێت و کوڕەکە چەند جارێک داخوازی دەکات، ماڵی باوکی ئەو کچە ڕازی نابن بەو هاوسەرگیریە، کچەکە خۆی دەسووتێنێت. ئێسته‌ ئەو کچە بەشێک لە ڕووخسار و جەستەی شێواوە و لە ماڵی باوکی بەردەوام چارەسەر وەردەگرێت، ئەو کوڕەش کە خۆشەویستی بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تردا کردووە و بەو کچەی گوتوە، من ئەو کاتە دەمویستی کە جوان بووی ئێسته‌ بە سووتاوی چیت لێ بكه‌م، نامەوێ بشت بینم.

هەوری، کچێی تەمەن 20 ساڵە، دوای ئەوەی قۆناخی قوتابخانە دەبڕێت و چاوەڕوان دەکات لە زانکۆ یان پەیمانگه‌ دەست بە خوێند بکات، بڕیار دەدات لەگەڵ خۆشەویستەکەی هاوسەرگیری بکات، بەڵام ماڵی باوکی ڕیگە بەو هاوسەرگیرییە نادەن و دەڵێن ئەو کوڕە شایەنی ئەوە نییە لەگەڵی بژیت و ببیت بە هاوسەری. هەوری باسی چیرۆکی خۆسووتاندنەکەی و هەڵوێستی خۆشەویستەکەی بۆ "وشە" دەکات و دەڵێت گەورەترین هەڵە ئەوەبوو، ئەو کوڕەم خۆشویست، لەو هەڵەیەش گەورەتر ئەوبوو خۆم لە پێناوی شتێک سووتاند کە شایەنی نەبوو.

لە خولی هاوینەی پۆلی 12ی ئامادەیی "ناودار"م ناسی كه‌ شۆفێری پاس بوو، هاتوچۆی بە بەشێک لە قوتابییەکان دەکرد، هاوڕێیەکم بەیەکی ناساندین، وردە وردە لەیەک نزیک بووینەوە ژمارە تەلەفۆنمان گۆڕیەوە پێوەندیەکەمان گۆڕا بۆ خۆشەویستی من بڕوای تەواوم بە هەموو ئەوشتانە هەبوو کە لەنێوانمان ڕووی دەدا قەت بە بیرمدا نەدەهات ڕۆژێک لە ڕۆژان بگۆڕێت یاخود من بەو بارودۆخە بگەم بەهۆیی کەسێکەوە کە دووساڵ هەموو ژیانی خۆمم پێی بەخشی.

زیاتر دەڵێت، بەهۆی ئەو پێوەندیەمانەوە، رووبەڕووی چەندان کێشە بوومەوە، ساڵێکی خوێندنم لەسەر دانا و لە پۆلی 12 بووم بە دوو ساڵە، لەگەڵ ماڵەوە کەوتمە کێشەی زۆر، چونکە من بە بەردەوام پارەم دەدا بە ناودار، کار گەیشتە ئەوەی لە ماڵەوە مۆبایلیان لێ وەرگرتم و من بە نهێنی مۆبایلم هەڵگرت و بە بەردەوام بە بیانووی خوێندنەوە لە ژوورەکەمدا بووم و لەگەڵ ناودار قسه‌م دەکرد، لە کۆتاشدا بە سووتانی خۆم و وازهێنانی ئەو ته‌واو بوو.

دوای ئەوەی هەوری قۆناخی 12 تەواو دەکات، لەگەڵ ناودار بڕیار دەدەن هاوسەر گیری بکەن، دووجار دایکی و پووری خوشکەکانی دەچن بۆ داواکردنی بەڵام ماڵی هەوری ڕازی نابن، دوای ئەو دووجارەش سێ جاری تر ژن و پیاوەکانی ماڵی ناودار دەچنە داوای، بەڵام دوو بارە ماڵی باوکی ڕازی نابن.

 "وشە" بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بۆ ماڵی باوکی هەوری بەو هاوسەرگیرییە ڕازی نەبوون، عائیشە دایكی هه‌وری گوتی، کوڕەکە زۆر خراپ بوو، چاوی لە ماڵ و سامانمان بوو بۆیەش ئەوەندە زۆری دەکرد، هەر ڕۆژە و کەسێکی دەنارد بۆ داوای، دەیەویست دوای ئەوەی ببێت بە زاوامان، بەخێوی بکەین، ئێمە زۆر ڕیگه‌ی جیاوازمان لەگەڵ کچەکەمان تاقی کردەوە تا ئەو  نەگات بە بڕیاری هەڵە، بەڵام سوودی نەبوو، خراپتر لەوە ڕووی دا کە چاوەڕێمان دەکرد.

ئەگەر ناودار کەسێکی زۆر باش بوایە، ئەوە لە هەمان ئەو کاتەدا هاوسەرگیری نەدەکرد کە کچەکەم لە نەخۆشخانە کەوتبوو، پزیشک %50 هیوای ژیانی پێدابوو، ئێمە زۆر پرسیارمان لە خێزانەکەشی کردەوە، زۆر دڵنیا بووین لەوەی، لە پێناوی پارە زۆر شت دەکەن، وەک چۆن کچەکەم لە 20 مسقاڵ ئاڵتوون هیچی نەما و هەمووی بۆ ئەو فرۆشتبوو، جگە لەوەی بەهەموو شێوەیەک هاوکاری دەکرد و پارەی دەدایە. عایشه‌ وا ده‌ڵێ.

هەوری نایشارێتەوە، بە هەموو شیوەیەک پارەی بە خۆشەویستەکەی داوە، هەندیک جار بە درۆی جۆراوجۆر پارەی لە ماڵەوە وەرگرتووە و بۆ ناوداری بردووە، جگە لەوەی لەو ماوەیه‌ی کە خۆشەویست بوون، ئەو ئاڵتوانانەی کە هەیبووە بۆ فرۆشتوە هەر جارە و بۆشتێک و پارەکەی داوەتێ، ئەو دەڵێ پەشیمانە کە هەمووشتێکی بە دڵ بۆ کەسێک کردووە لە کۆتادا زانیویەتی تەنیا بۆ پارە لەگەڵی بووە.

هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولره‌حمان


وشە - كوردۆ شابان


PM:03:37:04/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 57868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌