یەكێتی و پارتی بە فەرمی دژی پێشنیازەكەی گۆڕان وەستانەوە

:: PM:03:05:17/11/2016 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم ئەندامانی پارتی و یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە فەرمی دژایەتی خۆیان بۆ پێشنیازەكەی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، كە داوایان كردبوو بەغدا ڕاستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بكات.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئارێز عەبدوڵا بەناوی فراكسیۆنی یەكێتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و تاریق گەردی بەناوی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دوان و هەردوولا جەختیان كردەوە كە دژی مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدان لەگەڵ پارێزگای سلێمانی كە بزووتنەوەی گۆڕان داوای دەكات.

هاوكات هەردوو لا هێمایان بۆ ئەوە كرد، كە باشترین چارەسەر بۆ ئەو پرسە، یەكلاكردنەوەیەتی لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجەی 2017ی عێراق، تا ڕوون ببێتەوە كە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت یان نانێردرێ.

لە رۆژانی ڕابردوو لەمیانەی خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئارام شێخ محەمەد هەڵسوڕاوی گۆڕان و جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، كە ئەگەر بەغدا و هەولێر نەگەنە رێككەوتن ئێمە داوا دەكەین و هەوڵدەدەین بەغدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بودجە و مووچە بۆ شاری سلێمانی بنێرێت، بەگوتەی چاودێرانیش ئەمە زیندووكردنەوەی فیدراڵیەتی پارێزگاكانە كە پێشتر هەوڵی بۆ دەدرا.


وشە - رامیار جەواد