"سیمای خوڵەمێش" بەشداری لە فێستیڤاڵی جیهانی دەکات

:: PM:09:03:04/01/2018 ‌
فیلمی سیمای خوڵەمێش بە فەرمی بەشداری دەکات لە فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی (سینەما و ئیسلام) کە بڕیار وایە مانگی ئادار لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بەڕێوە بچێت، به‌پێی ئه‌و ڕاگه‌یاندراوه‌ی له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكدا ڕایان گەیاندووە.

فیلمی (سیمای خۆڵەمێش) بەشداری کردووە لە زیاتر لە 20 فێستیڤاڵی جیهانی و چەندان خەڵاتی جیهانی بەدەست هێناوە، گرنگترینیان خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی کازان لە ڕووسیا ساڵی 2015، خەڵاتی لێژنەی داوەران لە فێستیڤاڵی سینەمایی (پردێك بۆ هونەر) رۆستوف لە ڕووسیا  ساڵی 2017 به‌ ده‌یست هێنا.

سیمای خۆڵەمێش بەرهەمی ساڵی 2014یەی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە و لە نواندنی کۆمەڵێك ئەکتەری کوردە لەوانە، (ناسر حەسەن، ئەنوەر شێخانی، گۆڤار ئەنوەر، تەحسین بولبول، هێرۆ حەسەن زادە، محەمەد شێروانی، ئاناهیتا حەبیبی)یە.

فیلمی سیمای خوڵەمێش له بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە و نووسین و دەرهێنانی شاخەوان ئیدریسە، فیلمەکە باس لە پێکەوەژیان دەکات لە کوردستان لە ساڵانی هەشتاکان و چۆن شەڕ دەبێتە مایەی نەهامەتی بۆ مرۆڤ، سەرجەم وێنەکانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و کاری مۆنتاژی لە بولگاریا بۆ ئەنجام دراوە، مۆسیقای فیلمەکە لەلایەن ڕینیە نیکلو دانراوە کە موزیکژەنێکی بەناوبانگی یۆنانە.

ناسر حەسەن، یه‌كه‌م ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورده‌ له‌ به‌ناوبانگترین كاره‌كانی دراما ی ژاڵە و درامای مەمی ئالانه‌، زیاتر لە 50 ساڵە ئەم هونەرمەندە کاری هونەری دەکات و هەگبەیەکی دەوڵەمەندی هەیە له‌ بواری هونه‌ریدا.

ئەو یەکەم هونەرمەندە لە باشووری کوردستان کە درامای کوردی لەناو ستۆدیۆوە گواستەوە بۆ دەرەوە، یەکەم کاریشی زنجیرە درامای "ژاڵە" بووه،‌ کە ساڵی ١٩٨٤ بەرهەمی هێنا.

ناسر حەسەن سەرەتای تێکەڵبوونی لەگەڵ میدیا و هونەر لە ساڵی ١٩٦٦ لە ڕادیۆی دەنگی کوردی بەغداوە دەست پێ کردووە، دواتر خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ هونەری نواندن و دەرهێنەری.

پێشتر له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاندبوو، لەو کاتەوە دەستی بەکار  کردووە، تا ئێسته‌ ٥٠٠ بەرهەمی هونەری هەیە لە بوارەکانی فیلم و زنجیرە دراما، شانۆ و دۆکیۆمێنتاریی لەگەڵ کلیپ بۆ گۆرانیی هونەرمەندانی کورد. لەوانە سەرجەمی کلیپەکانی گۆرانیبێژی ناسراو عەلی مەردان، خاتوو گوڵبەهار، محەمەد عارف جزیری و عوسمان شارباژێڕی و چەندان هونەرمەندی تر.

ناسر حەسەن ساڵی ١٩٤٧ لە خانەقین لە دایک بووە و دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدایە، ساڵی ١٩٧٢ وەک دەرهێنەر دەستی بە کارکردن کردووە.






وشە - محەمەد میران