له ناوچه شاخاوییه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و برادۆست، راوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی قه‌ده‌غه‌یه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی سه‌رما خه‌ڵكێك ده‌ستیان به راوكردن كردووه و له بازاڕێكی شارۆكه‌ی سۆران له پێش چاوی پۆلیس و به‌رپرسانی ژینگه، كڕین و فرۆشتنیان پێوه ده‌كه‌ن.
له ناوچه‌ی پیشه‌سازی كۆن له خوار بازاڕی سۆران /96كم رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/، ژماره‌یه‌ك دووكانی تایبه‌ت بۆ كڕین و فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی كراونه‌ته‌وه و بازاڕیان گه‌رمه، ئه‌مه‌ش رێكخراوه ژینگه‌یییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه.
مانگی رابردوو به‌هۆی شۆرتێكی كاره‌باوه، ئاگر له چه‌ند دووكانێكی شوێنه‌كه كه‌وته‌وه و نزیكه‌ی هه‌زار په‌له‌وه‌ر و باڵنده و ئاژه‌ڵی كێوی ئاگریان تێبه‌ربوو و له‌ناو چوون. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سۆران ده‌ڵێت، "به‌هۆی نه‌بوونی یاساوه ناتوانن رێگری له‌م دووكاندارانه بكه‌ن" .
هه‌ژار ماهیر ئیدلبی سه‌رۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه له سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به به‌رپرسیاریه‌تی ژینگه‌یی و پاراستنی ژیانی باڵنده‌ی كێوی و جوانی سروشتی ده‌ڤه‌ری سۆران، ئه‌مساڵ بانگه‌وازێكی چوار خاڵییان ئاراسته‌ی قایمقامیه‌تی سۆران و داواكاری گشتیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سۆران كرد، كه ئاژه‌ڵ و باڵنده كێوییه‌كان ده‌خرێنه ناو قه‌فه‌س و كڕین و فروشتنیان پێ ده‌كرێت دوور له به‌ها مرۆییه‌كان و به سه‌رما و گه‌رما به‌بێ هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی، بازرگانی به ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ده‌كرێت، كه‌چی مۆڵه‌تی كاركردن به دووكانه‌كان دراوه و ئێسته‌ش زیاتر له جاران به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاره‌كان.
سه‌رۆكی رێكخراوی وار دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، ئاگادارن له سنووری شارۆكه‌ی چۆمان و ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و برادۆست له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌و شه‌پۆله به‌فربارینه، راوكردن له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه ده‌ستی پێ كردووه و رێگرییه‌كی ئه‌وتۆشیان. بۆیه داوای له لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان كرد رێوشوێنه‌كان توندتر بكرێن بۆ رێگریكردن له‌و كه‌سانه كه هه‌وڵی راوكردن ده‌ده‌ن، به تایبه‌تی راوكردنی كه‌و كه به باڵنده‌یه‌كی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێت.
ره‌عد عه‌لی به‌رپرسی رێكخراوی برادۆست بۆ گه‌شتوگوزار، به"وشه"ی راگه‌یاند، راوكردنی ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان له ده‌ڤه‌ری برادۆست و ناوچه سنوورییه‌كان، ده‌ستی پێ كردووه و خه‌ڵك بێویژدانانه راوی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ده‌كه‌ن و دواتر بازرگانییان پێوه ده‌كه‌ن. ئه‌و داوای كرد پێشمه‌رگه‌ی ژینگه بگه‌ڕێته‌وه ناوچه شاخاوییه‌كان تا دیارده‌ی راوكردن كه‌م ببێته‌وه .
ئه‌م به‌رپرسه ده‌ڵێت، "جێی داخه له كاتێكدا حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌سته‌ی ژینگه و فه‌رمانگه ژینگه‌یییه‌كان راوی نایاسایی‌یان قه‌ده‌غه كردووه، كه‌چی به رۆژی رووناك باڵنده و په‌له‌وه‌ره كێوییه‌كان له ناو قه‌فه‌س ده‌كرێن و فروشتنیان پێوه ده‌كرێت."
له به‌رانبه‌ردا ئه‌حمه‌د قادر قایمقامی شارۆكه‌ی چۆمان، به"وشه"ی گوت، وه‌ك یه‌كه‌ی كارگێڕیی چۆمان و باڵه‌كایه‌تی، ئه‌گه‌ر ئاگادار بكرێنه‌وه و بزانن ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ر پێكهاته‌كانی ژینگه وه‌ك بڕینی داری ته‌ڕ و راوكردنی نایاسایی ئاژه‌ڵ و باڵنده كێوییه‌كان، له رێی پۆلیسی خۆجێیی رێكاره یاسایییه‌كان ده‌گرنه به‌ر و رووبه‌ڕووی دادگایان ده‌كه‌نه‌وه.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه، له ماوه‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ك راوچی هاتوونه‌ته گرتن و كه‌سانێكیش به‌هۆی بڕینی داری ته‌ڕ ره‌وانه‌ی دادگا كراون. داوای له خه‌ڵك كرد له هه‌ر جۆره سه‌رپێچییه‌ك ئاگاداریان بكه‌نه‌وه.
به بۆچوونی ئه‌م به‌رپرسه راوچییه‌كان بۆشایی پێشمه‌رگه‌ی ژینگه‌یان /له ئه‌ركی سه‌ربازیدان له سه‌نگه‌ره‌كان/ به ده‌رفه‌ت زانیوه بۆ راوكردن و به پێویستیشی زانی بنكه‌یه‌كی پۆلیسی ژینگه له سنووری چۆمان بكرێته‌وه تا باشتر بتوانن ژینگه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه بپارێزن.
لای خۆیه‌وه كرمانج عزه‌ت قایمقامی شارۆكه‌ی سۆران له‌باره‌ی هه‌بوونی دووكانی فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی له شارۆكه‌كه‌ی، به"وشه"ی راگه‌یاند، كڕین و فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی نایاسایییه. ئه‌و ددانی به‌وه‌دا نا خه‌ڵكێك له‌پاڵ فرۆشتنی باڵنده ئاسایییه‌كان، ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێویش ده‌فرۆشن. به‌ڵام "به‌ڵێنی دا له پاش سه‌ری ساڵ بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی مامه‌ڵه‌كردن و كڕین و فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی له سه‌نته‌ری بازاڕی سۆران هه‌نگاو بنێن".
له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی به‌فر و سه‌رما، باڵنده و ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان له به‌رزایییه‌كانه‌وه به‌ره‌و نزمایی شۆڕ ده‌بنه‌وه و له گونده‌كان نزیك ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكه بۆ راوچییه‌كان ئاسانتر راویان بكه‌ن. ده‌ڤه‌ره‌كانی سۆران، بارزان، برادۆست و باڵه‌كایه‌تی خاوه‌نی چیای به‌رز و زستانی ساردن.
له لایه‌كی تره‌وه موقه‌ده‌م ره‌زا عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، 32 پۆلیس بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ژینگه‌ی سیده‌كان له ده‌ڤه‌ری برادۆست دابین كراون و پێویسته رێگری له هاووڵاتییان بكه‌ن كه راوی نایاسایی ده‌كه‌ن.
له سنووری رواندز و وه‌رتێ بنكه‌ی پۆلیس هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بووی میلاكی پێویست نه‌توانراوه له شارۆكه‌ی چۆمان پۆلیس دابین بكرێ. به گوته‌ی موقه‌ده‌م ره‌زا عه‌بدوڵا، یاسا بۆ راوكردنی نایاسایی هه‌یه، به‌ڵام هیچ یاسایه‌ك نییه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كڕین و فرۆشتن به ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ده‌كه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر سكاڵاش تۆمار بكرێت، ناتوانرێت سزای ئه‌و كه‌سانه بدرێت چونكه هیچ بڕگه‌یه‌كی یاسایی نییه كه سزای ئه‌و كه‌سانه‌ی تێدا بێت كه باڵنده‌ی كێوی ده‌كڕن یان ده‌فرۆشنه‌وه.
دووكانه‌كانی سۆراندا هه‌ن مۆڵه‌تی كاركردنیان بۆ فرۆشتنی هه‌ندێك باڵنده‌ی جوانی ناو قه‌فه‌س له سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی وه‌رگرتووه نه‌ك بۆ باڵنده و ئاژه‌ڵی كێوی. حه‌كیم تێلی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌كانی سۆران وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییه، پێی وایه "دروست نییه له سه‌نته‌ری بازاڕ گورگ و رێوی و ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی بێنه فرۆشتن و ئه‌ركی ده‌زگه‌كانی ژینگه و پۆلیسه رێگری لێ بكه‌ن".
وشه/ سۆران – مورشید برادۆستی