په‌رله‌مانتاران: ده‌بێ كورد له عێراق پۆسته‌كانی بكات به مه‌رجی وه‌رگرتنی مافه‌كانی
پێ ده‌چێت بۆ ئه‌مساڵیش بودجه‌ی عێراق به‌ئاسانی په‌سند نه‌كرێت و چه‌ندان كێشه‌ی بێته پێش، دوای ئه‌وه‌ی له كاتێكی دره‌نگی 2017 له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، بڕیاره له‌م رۆژانه‌دا تاوتوێ بكرێت له‌ناو چه‌ندان كێشه كه ئه‌گه‌ری تێپه‌ڕاندنی به‌زۆرینه له‌لایه‌ن شیعه و سوننه‌وه، دوور له كورده‌وه هه‌یه.
كورد له بودجه‌دا تێبینی رژدی هه‌یه كه گرنگترینیان كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كه‌یه‌تی له 17% بۆ 12%, جیا له‌وه‌ی بودجه‌ی سیادی زۆر به‌رز كراوه‌ته‌وه و كورد ئه‌گه‌ر 17%یشی بدرێتێ هه‌ر بودجه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی ده‌ست ناكه‌وێت بگات به خۆشگوزه‌رانی.
نه‌جیبه نه‌جیب په‌رله‌مانتاری كورد و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له په‌رله‌مانی عێراق، به "وشه"ی راگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای بوونی ناكۆكییه‌كی زۆر له نێوان پێكهاته‌كان له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی 2018ی عێراق، به‌تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی كورد زۆر خراپه و سوننه‌یش داواكارییان هه‌یه، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌ین بودجه‌كه په‌سند بكرێت و به‌زۆرینه تێپه‌ڕ بكرێت، چونكه زۆرینه‌ی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرینه ده‌رده‌چن و بڕیار بۆ زۆرینه‌یه و زۆرینه‌ش له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕكردنین.
زیاتر گوتی، ناكۆكییه‌كانی شیعه له نێوان خۆیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه نابنه رێگر بۆ په‌سندكردن كه ئه‌وان هه‌وڵی راكێشانی جه‌ماوه‌ری خۆیان ده‌ده‌ن له رێی بودجه‌كه‌وه، هه‌رچی سوننه‌یه داوای زیادكردنی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان ده‌كه‌ن كه ره‌نگه موناقه‌له‌یه‌كیان بۆ بكرێت و رازی بكرێن، چونكه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و وه‌زیری پلاندانان سوننه‌ن.
به‌ڵام به‌گوته‌ی نه‌جیب "بۆ كورد دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه، ئه‌گه‌رێكی زۆر به تێپه‌ڕاندنی بودجه‌یه به‌و شێوه‌ی ئێسته كه خراپه بۆ كورد، ئه‌گه‌رێكی بچو‌وكیش هه‌یه هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌ن به رێككه‌وتن، ئه‌وه‌یش ببێت به‌هۆی هه‌مواركردنی بودجه‌كه و كوردیش به‌شداری له په‌سندكردنی بكات".
"سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو له ساڵی 2005ه‌وه تا ئێسته چه‌ندان رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ عێراق واژوو كردووه و زۆر هاریكاری بودجه‌ی عێراقی كردووه، دوا رێككه‌وتنیش له 2015 كرا كه ده‌ستنیشانی ده‌كات عێراق بڕی پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلار به سێ قیست و به سوود له سندووقه‌كه وه‌رده‌گرێت، له ساڵانی 2015 و 2016 و 2018، ئێسته عێراق دوو ملیار و 500 ملیۆن تا سێ ملیار دۆلاری وه‌رگرتووه و له به‌رانبه‌ر پێدانی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش سندووقه‌كه مه‌رجی هه‌یه، له‌وانه چاكسازی له سیسته‌می دارایی و ئابووریی عێراق، لێره‌وه ده‌توانین بڵێین بودجه‌ی 2018 به‌بێ دانیشتن له‌گه‌ڵ سندووقه‌كه هاته په‌رله‌مان، له‌وكاته‌ی ده‌بوو به‌ر له ره‌وانه‌كردنی بودجه حكوومه‌ت و سندووقه كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام بدایه" نه‌جیب وای گوت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره دووپاتی كرده‌وه، داواكارییه‌كم پێشكه‌شی سندووقه‌كه كرد كه ناكرێت پشكی هه‌رێم كه‌م بكرێته‌وه و سته‌مه، ئه‌وان داوای خه‌رجی پێویستییه‌كانی هه‌رێمیان كرد و بۆمان ره‌وانه كردن، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه عێراق سه‌ره‌ڕای بوونی پێوه‌ندی، به‌ڵام زۆر پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی سندووقه‌كه نییه، بۆیه مه‌رجه‌كانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تی زۆر كاریگه‌ر نابن له‌سه‌ری.
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كورد له‌م دۆخه‌دا، نه‌جیبه نه‌جیب گوتی "یه‌كڕیزیی كورد ده‌كرێت سوودی هه‌بێت بۆ گۆڕینی دۆخه‌كه و بودجه‌كه، بۆ نموونه سه‌رۆك كۆمار و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و وه‌زیرانی كورد ئه‌گه‌ر پۆسته‌كانیان بخه‌نه به‌رانبه‌ر مافه‌كانی كورد له عێراق، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی بودجه‌وه، سه‌رده‌كه‌وین".
لای خۆیه‌وه ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری كورد، به"وشه"ی راگه‌یاند، كه‌موكورتییه‌كانی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی 2018ی عێراق زۆرن، وه‌ك فراكسیۆنه‌كانی كوردستان تێبینییه‌كانی خۆمان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌تیش داوه، پرسی تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ش به زۆرینه راده‌وه‌ستێته سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق بۆ كورد، ئێمه ده‌مانه‌وێت حكوومه‌ت گۆڕانكارییه‌كان له پڕۆژه‌كه‌دا بكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته بابه‌تێكی هه‌ڵبژاردن، چونكه ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌مواری بكاته‌وه، ئه‌وكات حكوومه‌ت ده‌توانێت تانه‌ی لێ بدات، بۆیه ده‌بێت خۆی هه‌مواری بكاته‌وه.
زیاتر گوتی، هه‌موو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه پڕۆژه‌كه پێشێلی مافی كورد ده‌كات و یه‌كێك له بژاره‌كانی كورد له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا ئه‌گه‌ر سوور بێت له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی، ئه‌وه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق پاشه‌كشه بكه‌ین و باس كراوه.
"پێشتر توانیمان به هاوكاری فراكسیۆنه‌كانی تر نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه له په‌رله‌مان بشكێنین تا حكوومه‌ت چاره‌سه‌ری كه‌موكورتییه‌كان بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواكاریی سوننه و ئه‌وانیتر بێته دی، ره‌نگه پاڵپشت نه‌بن بۆ كورد جارێكی تر، بۆیه كارمان له‌سه‌ر ئه‌ویش كردووه" جاف وای گوت.
روونی كرده‌وه، خاڵێكی گرنگ هه‌یه زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان له عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، وای بۆ ده‌چن كه هه‌ر كه‌سێك دژایه‌تی كورد و كوردستان بكات ده‌نگی زیاتر دێنێت له هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆیه نامانه‌وێت پرسی بودجه بچێته ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه كه بژێوی و ژیانی خه‌ڵكه. دووپاتی كرده‌وه "ئه‌گه‌ر كورد یه‌كده‌نگ بێت، ده‌توانین رێگر بین له په‌سندكردنی پڕۆژه‌كه به‌و شێوه‌ی ئێسته، چونكه كورد پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراق و هاوبه‌شه له پرۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ك نه‌بین، ئه‌وه به‌ئاسانی تێپه‌ڕ ده‌كرێت".