له پێڕه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌ندا هه‌ندێك به‌رپرسی یه‌كێتی و گۆڕان پابه‌ند نه‌بوون و ناهه‌قییه ئه‌گه‌ر بگوترێت ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له ڕووداو و پرسه‌كاندا بۆچوون و هه‌ڵوێست و قسه‌ى نه‌بووه.
ئازاد محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دیار نییه بودجه‌یان بۆ 2018 هه‌یه یان نا، نازانن پڕۆژه له سلێمانی ده‌كه‌ن یان له رووی دارایییه‌وه ناگونجێ. هاوكات دووپاتی ده‌كاته‌وه له‌و شاره جگه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، كه‌س بۆی نییه به‌ناوی سلێمانییه‌وه قسه بكات و هه‌ڵوێست رابگه‌یه‌نێت.
ئازاد محه‌مه‌د كه له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا كه خۆی له وه‌ڵامی راسته‌وخۆی هه‌ندێك له پرسیاره‌كان ده‌شارێته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه ململانێكانی ناو سلێمانی ته‌نیا هی دوو حزب نین، به‌ڵكو به گوته‌ی ئه‌و "هی ئه‌و حزبانه‌ن كه له ئه‌نجوومه‌نی خۆجێیدا به‌شدارن". بۆ بابه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تیش له ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، روونكردنه‌وه ده‌دات.
كاره‌كانى ئه‌نجوومه‌ن و خزمه‌تكردن و پڕۆژه‌كان بۆ ساڵى داهاتوو چى ده‌بێت؟.
كارى ئه‌نجوومه‌ن و خزمه‌تكردن به‌پێى ده‌سه‌ڵاتى چاودێرى و به‌دواداچوون، ده‌ركردنى ڕێنوێنی و پێڕه‌و له سنوورى جیۆگرافى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌ن، بۆ ڕێكخستنى كاروباره‌كان به تایبه‌تى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هاووڵاتییان به مه‌رجێك پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور و یاساكانى هه‌رێمى كوردستان نه‌بێت، كه خۆى له 42 ماده‌ى یاساكان ده‌بینێته‌وه، له كاتێكدا له یه‌كه‌م ڕۆژى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌و خوله‌ى ئێمه، تا ئێسته هیچ جۆره پاره و بودجه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌ته ئه‌نجوومه‌ن، له ڕووى پڕۆژه‌وه هیچمان نه‌بووه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى خۆمان بۆ چاودێرى و به‌دواداچوون به‌كار هێناوه، بۆ ساڵى نوێ پێڕه‌وى یاساكه ده‌كه‌ین و كارى خۆمان ده‌كه‌ین، له كاتێكدا هیچ بڕه پاره‌یه‌ك دیار نییه ته‌رخان ده‌كرێ بۆمان.
كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌ن سستن و له كاتى خۆیان ناكرێن، بۆچى؟
هه‌ر كه‌سێك له‌ناو ئه‌نجوومه‌ن یان له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌ن باسى له دره‌نگ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی كردبێت، به هه‌ڵه‌دا چووه، له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌ن كه پێكهاتووه له سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌ن و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكى لیژنه هه‌میشه‌یییه‌كان، به‌رده‌وام بووه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بۆ هه‌ر كارێكى ڕۆژانه له ڕێى لیژنه‌كانه‌وه و له ڕێى نوێنه‌رانى ئه‌نجوومه‌ن له ناوچه‌كانى سنووره‌كه. له هه‌ر ڕاپۆرتێك به‌دواداچوون ده‌كه‌ین، ئه‌و یاداشت و بابه‌تانه ده‌به‌ینه ناو كۆبوونه‌وه‌ى گشتى ئه‌نجوومه‌ن كه پێویستى به ده‌نگدان بێت، له پێڕه‌وى ناوخۆی ئه‌نجوومه‌ندا هه‌یه كه وا هاتووه هه‌موو سێشه‌مێك كۆبوونه‌وه بكرێت، ئه‌گه‌ر نا كۆبوونه‌وه به مانگێك یان 45 رۆژ جارێكیش بكرێت، كێشه نییه.
بۆچی ئه‌نجوومه‌ن هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر به‌نزینى خراپ و ژه‌هراوى نییه، ته‌نیا لیژنه‌ى پیشه‌سازى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌تان هه‌ڵوێستى هه‌یه كه ده‌یسه‌لمێنێ به‌نزین خراپه، كه‌چی هه‌ر دێته ناو سلێمانی؟
بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو هاووڵاتییان و لایه‌نه‌كان بزانن، به‌نده وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن چه‌ندان جار به‌دواداچوونم كردووه، لیژنه‌ى كاتیم دروست كردووه، به‌ده‌ر بووه له لیژنه‌ى پیشه‌سازى ئه‌نجوومه‌ن كه له چه‌ند لایه‌نێكى پێوه‌ندار پێك هاتوون، ئه‌و لیژنانه ڕاپۆرتى خۆیان هێناوه‌ته‌وه و ڕاپۆرته‌كه چووه‌ته ناو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌ن، له‌ناو كۆبوونه‌وه كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌رچووه له‌باره‌ی هێنانى به‌نزین بۆ سلێمانی، ئه‌و بڕیارانه جگه له‌وه‌ى ڕه‌وانه‌ى لایه‌نى پێوه‌ندار كراون، وێنه‌یه‌كمان ئاراسته‌ى داواكارى گشتى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى لێپرسینه‌ى ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه بكات كه ئاماژه‌یان پێ كراوه و به‌نزینی خراپ هاورده ده‌كه‌ن، بخرێنه لیستى ڕه‌ش و مۆڵه‌تیان لێ وه‌ربگیرێته‌وه و بدرێنه دادگا.
به‌ڵام به‌نزین هه‌ر دێته بازاڕ، كه‌واته با بپرسین كه‌س هه‌یه له پشت هێنانى به‌نزین كه له ئه‌نجوومه‌ن گه‌وره‌تر بێت؟
هیچ كه‌سێك له ئه‌نجوومه‌ن گه‌وه‌تر نییه لاى ئێمه، ئه‌گه‌ر گه‌وره‌تر بووایه نه‌مانده‌دا به دادگا، بۆیه ئه‌وه‌مان ڕه‌وانه‌ى دادگا كردووه و ئه‌گه‌ر ڕێكاره‌كانى تر سه‌رنه‌گرن، دادگا كارى خۆى ده‌كات، كردووشیه‌تى و به‌رده‌وامیشه.
بۆچى له سلێمانى چاكسازى و ئاشكراكردنى گه‌نده‌ڵى وه‌ك ناوچه‌كانى تر نییه، ئایا سلێمانى گه‌نده‌ڵى تیادا نییه؟
كاتێك چاكسازى یان گه‌نده‌ڵى ئاشكرا ده‌كرێت، ئێمه بانگه‌وازى بۆ ناكه‌ین، هه‌ندێ حاڵه‌ت هه‌یه پێویستى به ئاشكرای ڕاگه‌یاندن هه‌یه، ئه‌گه‌ر نا به‌رده‌وام ئه‌و كێشانه‌ى كه هاووڵاتییان و گونده‌كان و شارۆكه و شاره‌دێكان و سه‌نته‌ری شاریش هه‌یانه كه دێته لاى ئێمه، به هه‌زاران كێشه بوون و چاره‌سه‌ر كراون، به‌ڵام كێشه‌كان به‌شێكى به ئه‌نقسه‌ت به‌لاڕێدا براون، به‌شێكیشیان به كه‌مته‌رخه‌مى و نه‌زانى كراون، هه‌موو ئه‌و كێشانه هاتوونه‌ته ئه‌نجوومه‌ن وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی حه‌ق بووه حه‌قى بۆ وه‌رگیراوه، ئه‌وه‌شى به یاسایى كرابێت حه‌قى نه‌بووه و پێمان ڕاگه‌یاندووه، زۆر كاریش ماوه بیكه‌ین و بڕیارى تریش ده‌ركراوه به تایبه‌تى ڕێكخستنى كاروبارى سیتییه‌كان و كامێراكانى چاودێرى.
خه‌ڵكی سلێمانى ماندوون و ده‌ڵێن شاره‌كه بووه‌ته جێى ململانێى دوو حزب و ئێمه قوربانین، ئه‌مه وایه؟
سلێمانى جێى ململانێى ته‌نیا دوو حزب نییه، هه‌رچه‌ند وه‌ك ئه‌نجوومه‌ن كارى ئێمه سیاسیی نییه، به‌ڵام سلێمانى هیچ گومانى تێدا نییه بووه‌ته جێى ململانێى سیاسیى هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه له حكوومه‌تى خۆجێى سلێمانیدان.
كێشه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان چى به‌سه‌ر هات، بۆ ئه‌و كێشه‌یه چه‌ند ساڵه چاره‌سه‌ر ناكرێت و به‌پێی گوته‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه هه‌ر ڕۆژه‌ى ڕه‌نگى ئاوه‌كه‌ى جۆرێكه؟
كێشه‌ى هاووڵاتییان بۆ ئاوى خواردنه‌وه تا ئاستێك چاره‌سه‌ر كراوه، له‌وكاته‌ى ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى كه له داهاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بۆ خۆى خه‌رج ده‌كرێت، تا ئێسته به‌و بڕه پاره‌یه توانراوه كێشه‌ى ئاو له سلێمانى چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا به‌رده‌وام له ڕێى كاره‌با و ته‌قینى بۆڕى و سووتانى ماتۆڕ و تۆرباینه‌وه كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كرێت، به‌ڵام پرسی ئاو پێویستى به چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه.
ماوه ماوه كێشه و ئاڵۆزی له سلێمانی دروست ده‌بێت و ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه كه سلێمانی ده‌یه‌وێ جیا بێته‌وه له كوردستان، ئایا ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكه له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ى سلێمانییه له هه‌رێمى كوردستان؟
تا ئێسته ئه‌نجوومه‌ن قسه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نه‌كردووه سلێمانى جیا بێته‌وه له هه‌رێمى كوردستان، بۆیه ئه‌نجوومه‌ن هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو شایسته دارایییه‌كان و هه‌موو ئه‌و شایستانه‌ى بۆ خزمه‌ت و خزمه‌تگوزارى خه‌ڵكی پارێزگاى سلێمانییه، له ڕێى حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌سته‌به‌ری بكات.
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی پێشتر له پڕۆژه یاسایه‌ك داوای لامه‌ركه‌زیه‌تی زیاتری كرد، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا له سلێمانی ده‌سه‌ڵات له ده‌ست پارێزگا و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادایه تا لامه‌ركه‌زییه‌تی زیاتریان پێ بدرێ؟. بۆ نموونه هێز جووڵاندن و بڵاوه پێكردنی له‌ناو شار به بڕیاری سیاسییه‌كانه، گۆڕینی به‌رپرسه‌كان به بڕیاری جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ته، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ماوه‌یه‌كی زۆر كێشه‌ی پارێزگاری پێ یه‌كلا نه‌كرایه‌وه، ئه‌نجوومه‌نێك كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی جێبه‌جێ نه‌كات، ده‌سه‌ڵاتی زیاتری بۆچییه؟
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى ئه‌نجوومه‌ن بۆ لامه‌ركه‌زیی بۆ دامه‌زراندنى ده‌سه‌ڵات بوو، پارێزگار ده‌سه‌ڵاتى خۆى هه‌یه و ئه‌نجوومه‌نیش ده‌سه‌ڵاتى خۆى، ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجوومه‌ن و پارێزگار جیاوازه، به‌ڵام هه‌ردووكى تێكه‌ڵ بكرێن، شتێكى زۆر باشتره و ده‌توانرێت خزمه‌تى زیاترى هاووڵاتییان بكرێت، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كرد بۆ دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌وێوه بۆ وه‌زاره‌ته‌كان و له‌وێوه بۆ پارێزگار و دواتر له پارێزگاره‌كانه‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ر و قایمقامه‌كان، داوامان كردبوو هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك داهاتى هه‌یه به‌لانى كه‌م 50%ی له داهاته‌كه‌ى بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پێویستى فه‌رمانگه‌كان.
بۆچى ئه‌نجوومه‌ن له ڕووداو پرسه گرنگه‌كاندا هه‌ڵوێست و بۆچوونى نییه و شه‌رم ده‌كات، به‌ڵام به‌رپرسێكى حزبى به ناوى سلێمانییه‌وه له ڕووداوه‌كان هه‌ڵوێست ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟.
ناهه‌قییه ئه‌گه‌ر بگوترێت ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له ڕووداو و پرسه‌كاندا بۆچوون و هه‌ڵوێست و قسه‌ى نه‌بووه، له كاتى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى مانگى تشرینى دووه‌م ئه‌نجوومه‌ن به فه‌رمى هه‌ڵوێستى هه‌بووه و كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌تى كردووه، هه‌روه‌ها له ڕووداوه‌كانى خۆپێشاندانى مانگى كانوونى یه‌كه‌م، له دووه‌م ڕۆژى خۆپیشاندانه‌كان كۆ بووینه‌وه و بڕگه‌ى یه‌كه‌مى تایبه‌ت بوو به خۆپیشاندان و پشتگیرى ته‌واوى هاووڵاتییانمان كردووه بۆ داواكارییه‌كانیان، هاوكات سه‌ركۆنه‌ی سه‌ركوتكردنى خۆپیشانده‌ران و داواى ئازادكردنى گیراوه خۆپێشانده‌ره‌كانمان كرد و داواى خۆپیشاندانى هێمنانه‌مان كرد كه تیایدا هێزه‌كانی ته‌ناهیی ڕووبه‌ڕووى هاووڵاتییان نه‌بنه‌وه، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجوومه‌ن شه‌رمن نه‌بووه و هه‌ڵوێستى هه‌بووه و كه‌س بۆى نییه له برى ئه‌نجوومه‌ن هه‌ڵوێستى سلێمانى ڕابگه‌یه‌نێت.
كه‌واته یاسای ئه‌نجوومه‌ن بۆ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ناكرێت و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت به مه‌ركه‌زی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌رپرسی تر ده‌گۆڕێ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌ن بڕیاری له‌سه‌ر دابێت؟
به‌پێى یاساى ژماره‌ى 3ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان، به‌پێى بڕیارى ژماره یه‌كى ساڵى 2015ى په‌رله‌مانى كوردستان، دانانى پارێزگار و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێكان، متمانه له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاوه وه‌رده‌گرن، بۆ لادانیشیان به‌هه‌مانشێوه، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى كه له سنوورى سلێمانى روو ده‌ده‌ن، زۆرجار وه‌ك یاساكه جێبه‌جێ نه‌كراون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له‌م هه‌فته‌یه ئاڵ‌وگۆڕیان پێ كرا، به وه‌كاله‌ت دانراون، دانانى به‌ڕێوه‌به‌ر به وه‌كاله‌ت له ده‌ستى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیره‌كاندایه و پێوه‌ست نییه به ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاوه، به‌ڵام سلێمانى پۆستى وه‌كاله‌تى زۆر بووه، دانانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكان به هه‌میشه‌یی، ده‌بێت له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا متمانه وه‌ربگرێت، به‌ڵام ڕووی داوه له سلێمانى له پۆسته‌كانى یه‌كێتى و گۆڕانیش كه پێویستى به ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا بووه، به‌ڵام نه‌هاتووه، وه‌ك سه‌ردار قادر كه جێگرى پارێزگار بوو له پشكى گۆڕان له كاتى وازهێنانى، به‌ڵام نه‌هاته ئه‌نجوومه‌ن، هه‌روه‌ها قایمقامى گۆڕان كاتى ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى نه‌هاته ئه‌نجوومه‌ن، به‌شێك له كاندیده‌كانى یه‌كێتیش به هه‌مانشێوه.
غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێ، ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت نایاسایییه و سكاڵای له دژ تۆمار ده‌كه‌م. ئێوه راتان چییه یاسایییه یان نایاسایی؟
به‌دواچوونم بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه كردووه، ئه‌وانه‌ى دانراون وه‌كاله‌تن له پۆسته‌كاندا، بۆیه پێویستى به ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا نییه و له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستى سلێمانى مه‌به‌ستتانه لا نه‌دراوه له پۆسته‌كه‌ى، ئه‌گه‌ر لا بدرایه ئه‌وه ده‌بوو بێته ئه‌نجوومه‌ن، به‌ڵام به پله و پۆستى خۆى گوازراوه‌ته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى.
وشه/ سلێمانى- هۆشیار عه‌لى