كوردێك پڕۆژەیەكی هونەری لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام دەدات

:: AM:11:08:11/10/2016 ‌
هونەرمەندی شێوەكاری "عەدنان عەبدولقادر ڕەسام" كە خاوەن چەندان پێشانگەی تایبەت و دەیان تابلۆیە، لە ئێستەدا كار بۆ ئامادەكردنی گەورەترین پڕۆژەی هونەری دەكات لەسەر ئاستی عێراقدا.

عەدنان ڕەسام لەبارەی پڕۆژەكەی بە "وشە"ی گوت: دوای كردنەوەی چەندان پێشانگەی هونەری و نمایشكردنی كار و بەرهەمەكانم، ئێستە سەرقاڵی ئامادەكردنی گەورەترین پڕۆژەی هونەریم لەسەر ئاستی عێراق وەك تاك، بەشێوازێكی مۆدێرن ئەنجامی دەدەم، ئەو پڕۆژەیەم پێك هاتووە لە هەزار تابلۆی زەیتی و لە ماوەی دوو ساڵدا كارەكانی تەواو دەكەم بەو مەرجەی هاوكاریم بكرێت، چونكە تێچووی زۆرە و لە توانای خۆمدا نییە.

ئاماژە بەوە دەكات كە داوای هاوكاریی لە چەند شوێنێك كردووە و دەڵێ: "بەڵێنی بێ كردار و هیچیان بۆم نەكردووە"، ئەو پڕۆژەیە لە بواری شێوەكارییە و ئامانج لێی گەیاندنی شاكارێكی كەم وێنەیە لە هەموو عێراق و كوردستاندا.

ڕەسام زیاتر گوتی: شوێنی زۆرم داناوە كە لە ناو پاركی گەورەی شارەكان نمایشی بكەم، سەرەتا لە شاری كەلار نمایشی دەكەم و دواتر بەهیوام لە هەموو شارەكانی كوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش نمایشیان بكەم.

لەبارەی ناوەڕۆكی كارەكان دەڵێ: كارەكانی ئەو پڕۆژەیەم هەندێكیان باس لە خەون و ئازاری كوردان دەكەن و هەندێكیشیان باس لە مرۆڤی ڕۆژهەڵات دەكەن بە هەموو خەون و خۆزگە و ئازارەكانییەوە. 

ئەو هونەرمەندە شێوەكارە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە جگە لەو كارە هونەرییە، خاوەنی هەزاران تابلۆیە لە بواری هونەری ئەكادیمیدا و لە ماڵی خۆیان پاراستوونی.

عەدنان عەبدولقادر ڕەسام ساڵی 1991 بە پلەی زۆرباشە بەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانیی تەواو كردووە و خاوەنی 28 پێشانگەی تایبەتی شێوەكارییە، جگە لەبەشداریكردنی لە دەیان پێشانگەی تر و خاوەنی زیاتر لە دوو هەزار تابلۆیە لە بوارەكانی كاریكاتێر و مۆتێڤ و مۆنۆتایب و خۆشنووسی. 

وشە/ شاخەوان شێخانی
پێداچوونەوە: ك.ش










وشە - كوردۆ شابان