هه‌رچه‌نده پێرار ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان 65 هه‌زار دیناری وه‌ك ئه‌وپه‌ڕی نرخ له به‌رانبه‌ر خزمه‌تگوزاری بۆ دیاری كردوون، كه‌چی كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون /سیتی و گونده‌كان كه خانوو و شوقه‌ی تیادایه/ هه‌یه سه‌رووی 300 هه‌زار دینار له دانیشتوانی وه‌رده‌گرێت وه‌ك پاره‌ی خزمه‌تگوزاری. ته‌نگژه‌یی دارایی كه هه‌موو نرخه‌كانی له كوردستان دابه‌زاندووه، دینارێكی به‌وان نه‌هێناوه‌ته خواره‌وه و حكوومه‌تیش بێ ده‌نگه. له كاتێكدا نرخی هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون زیاتر له نیوه‌ی لێ بووه‌ته‌وه.
پێشتر و له ساڵانی فه‌رحانی، حكوومه‌ت به‌ناوی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نیشته‌جێبوونه‌وه زه‌وی بێ به‌رانبه‌ر و چه‌ندان هاوكاری به وه‌به‌رهێن دا، جیا له سوودی فرۆشتنه‌وه‌ی یه‌كه‌كان به نرخی خه‌یاڵی، داهاتێكی نه‌بڕاوه‌یان وه‌چه‌نگ كه‌وتووه كه له‌ڕێی خزمه‌تگوزارییه‌وه له دانیشتوانی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونی وه‌رده‌گرن و نرخیش به ئاره‌زووی خۆیانه.
عه‌بدوڵا محه‌مه‌د له یه‌كێك له كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوونی هه‌ولێر ده‌ژی و مانگانه ٢٠٠ هه‌زار دینار خزمه‌تگوزاری ده‌دات. ئه‌و كه ئێسته نرخی یه‌كه‌كه‌ی كه‌متر له نیوه‌ی جارانه، بۆ "وشه" ده‌ڵێ "نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان زۆره و كه‌سیش نییه به ده‌نگمانه‌وه بێت". ئه‌وه گوته‌ی زۆر له‌و كه‌سانه‌ن كه له‌سه‌ر به‌رزی نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان، پێوه‌ندییان به"وشه"وه كردووه.
ناڕازییه‌كان كه‌م نین و كۆمپانیای عه‌قاراتی حاجی سه‌لام كه ١٦ نووسینگه‌ی كڕین و فرۆشتنی زه‌وی و خانووبه‌ره‌ی له شوێنه جیاجیاكانی هه‌ولێر هه‌یه و زۆرترین كرێ و كڕین و فرۆشتنی یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوونیان لایه، باش ئاگاداری دۆخی خراپی خاوه‌ن یه‌كه‌كانن به‌ده‌ست به‌رزی نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان. موخلیس له كۆمپانیای حاجی سه‌لام نایشارێته‌وه كه خه‌ڵكی "دادوبێدادیانه به‌ده‌ست نرخی خزمه‌تگوزاریی" كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوونه‌وه.
ئه‌گه‌رچی له كوردستان پاككردنه‌وه و فڕێدانی زبڵ بێ به‌رانبه‌ره و پاره له خه‌ڵك وه‌رناگیرێت، به‌ڵام ئه‌وه دانیشتوانی ناو پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون ناگرێته‌وه و شاره‌وانی خۆی له پاككردنه‌وه‌یان ده‌بوێرێ. ئاخر به‌پێی گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون شوورای به‌ده‌وریدا دروست كردبێت و سنووری خۆی جیا كردبێته‌وه، پاككردنه‌وه و خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌گشتی له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كه ده‌بێت. واتا وه‌به‌رهێن ده‌بێت به‌و ئه‌ركه هه‌ستێت و له به‌رانبه‌ر بڕێك پاره‌ی مانگانه پێشكه‌شی دانیشتوانی بكات. ئه‌وه بووه‌ته ده‌رفه‌ت بۆ كۆمپانیاكان و هه‌ریه‌كه‌یان به خواستی خۆی نرخی خزمه‌تگوزاری وه‌رده‌گرێت، به‌جۆرێك بڕی پاره‌ی هه‌ندێكیان سێ به‌رانبه‌ری یه‌كێكی تره.
كاتێك ده‌چیته ناو كۆمه‌ڵگه‌كانی نیشته‌جێبوون، له ده‌روازه‌كانیان كامێرای چاودێری و ده‌رگه‌وانێك بۆ پرسینی هۆی سه‌ردانت پێشوازی ده‌كات. جگه له‌وه هیچ جیاوازییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌ودیو په‌رژینه‌كه له ڕووی پاكوخاوێنییه‌وه نا‌بینیت، كه پاكی ڕێڕه‌وه‌كانی ده‌ره‌وه دیاری شاره‌وانین و هی ناو كۆمه‌ڵگه‌كانیش پاره‌ی دانیشتوانیه‌تی.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" زیاتر له ٨٣ كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌ولێر هه‌ن، ٥٥یان كۆڵێك پاره به‌ناوی خزمه‌تگوزاری له دانیشتوان وه‌رده‌گرن و بڕی وه‌رگیراویش له پڕۆژه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كی تر جیاوازه و له ٥٠ دۆلاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا ٢٧٠ دۆلار بۆ هه‌ر مانگێك. ئه‌و نرخه كه پێشتر بۆ دانیشتوانه‌كانیان ئاسایی بوو، ئه‌مڕۆ هاواری لێ هه‌ڵساندوون.
"وشه" پێوه‌ندی به به‌شی خزمه‌تگوزاری چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونه‌وه كرد. ئه‌وان ئاماده‌ی لێدوانیش نین، به‌ڵام دووپاتیان كرده‌وه كه "نیازیان نییه نرخ كه‌م بكه‌نه‌وه".
ئه‌وه له كاتێكدایه به‌پێی ڕێنوێنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌به‌رهێنان كه له مانگی ئابی 2015ـه‌وه نرخی خزمه‌تگوزاری پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونی هه‌ولێر به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سلێمانی و دهۆك یه‌ك خراوه و بڕی 65 هه‌زار دینار وه‌ك ئه‌وپه‌ڕی نرخ له به‌رانبه‌ر خزمه‌تگوزاری ناو كۆمه‌ڵگه‌كان دانراوه، به‌ڵام كه‌س كار به‌و ڕێنوێنییه ناكات و كه‌سیش نییه لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
"وشه" چه‌ند جارێك پێوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێره‌وه كرد وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه، به‌ڵام پێشتر سامان عاره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به ڕێنوێنییه‌كه داوه كه هه‌موو پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونی هه‌ولێریان لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه و باسی له‌وه كردبوو كه هیچ وه‌به‌رهێنێك بۆی نییه له نرخی دیاریكراو زیاتر وه‌ربگرێت".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وكات به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر نه‌یشارده‌وه كه هه‌ندێك پڕۆژه به بیانووی ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری زیاتر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، پابه‌ند نین به بڕیاره‌كه. به‌ڵام گوتی "له هه‌رسێ پارێزگاكه لیژنه بۆ چاودێریكردن پێك هاتووه و ئاگاداری خاوه‌ن پڕۆژه‌كانمان كردوونه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر ناتوانن به‌و نرخه به‌رده‌وام بن، پێویسته خزمه‌تگوزارییه‌كان به كۆمپانیایه‌كی تر بسپێرن". به‌ڵام له‌مانه‌یش به‌دی نه‌هات.
ئێسته سه‌رباری ته‌نگژه‌ی دارایی و دابه‌زینی هه‌موو نرخه‌كان له كوردستان، پاره‌ی خزمه‌تگوزاری له پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون هه‌ر نرخه‌كه‌ی پێشووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ڕێنوێنییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌به‌رهێنان سزا بۆ كه‌سانی پابه‌ند نه‌بوو له ملیۆنێكه‌وه تا پێنج ملیۆن و له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه پڕۆژه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه و به كۆمپانیایه‌كی تر ده‌درێت، كه‌چی به‌رده‌وامی پڕۆژه‌كان له‌سه‌ر نرخی به‌رزی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه تا ئێسته كه‌سێك له‌سه‌ر سه‌رپێچییه‌كه‌ی سزا نه‌دراوه.
بێخه‌می حكوومه‌ت له چاودێری و لێپرسینه‌وه، جیا له‌و هه‌موو سه‌رمایه‌داره هه‌ڵتۆقیوه‌ی به‌هۆی نیشته‌جێبوونه‌وه دروستی كردن، ئێسته‌یش مانگانه و بۆ هه‌تا هه‌تا "ده‌یان هه‌زار دۆلار قازانج"ی سافی له خه‌ڵكی ناو پڕۆژه‌كان وه‌رده‌گرن.
خزمه‌تگوزاری ناو پڕۆژه‌كان ته‌نیا بریتین له پاسه‌وانی ده‌روازه و كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ. ره‌نگه تێچووی ئه‌مه بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك مانگانه پێنج هه‌زار دۆلاری تێبچێت بۆ خاوه‌ن پڕۆژه، به‌ڵام سه‌رووی 20 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرن له دانیشتوان، ئیتر به‌پێی رێژه‌ی دانیشتوان قازانجه‌كه به‌رزتر ده‌بێته‌وه. جیا له‌وه‌ی كاره‌بای مۆلیده به كارته و ئه‌ویش بزنسێكی تره هه‌ر له سایه‌ی كه‌مته‌رخه‌می حكوومه‌ت بۆ خاوه‌ن بۆ پڕۆژه.
وشه/ هه‌ولێر- چواس خالید