رۆژهەڵاتی كوردستان بێ بەرەیەكی كوردستانی چاوی بڕیوەتە گۆڕانكارییەكانی ئێران

:: AM:11:26:06/01/2018 ‌


لە 28ی كانوونی یەكەمی مانگی رابردووەوە، خۆپێشاندانی ناڕەزایی زۆربەی شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان گرتووەتەوە و رۆژ بە رۆژیش بەربڵاوتر و دروشمەكانیش توندتر دەبن، لە بەرانبەردا رژێمی ئێران زیاتر سەركوتی خەڵك دەكات و تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی چەندان خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پۆلیس و پاسدارانی رژێم بكوژرێن.
ماوەی هەشت ساڵە زۆربەی خۆپێشاندانەكان كە لە ئێران كراون، لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوون و حكوومەتی ئێرانیش دوای ماوەیەك بە بیانووی دەستی دەرەكی و هاندانی حزبە كوردییەكان سەركوتی كردوون، جگە لە گرتنی سەدان كەس و سزادانیان بە زیندانیی چەند ساڵە یان لەسێدارەدان هیچ دەرەنجامێكیان نەبووە. ئەوەی زیاتر چاوەڕێ دەكرێت دەرەنجامی ئەرێنی لێ بكەوێتەوە خۆپێشاندانی سەرانسەرییە.
لە ساڵی 2009ەوە خۆپێشاندانی سەرانسەری لە ئێران نەكراوە و هی ئەوكاتیش بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامەكەی لە قازانجی مەحموود ئەحمەدی نەژاد یەكلا كردەوە، سەرەڕای ئەوەی میرحوسێن مووسەوی پاڵێوراوی رێفۆرمخوازەكان خۆی بۆ جەژنی سەركەوتن ئامادە دەكرد. خۆپێشاندانی ئەوكات بۆ ئەوەبوو دەنگیان نەفەوتێت و خەڵك داوای رێفۆرم و چاكسازیی دەكرد.

بەڵام خۆپێشاندانی ئەمجارە جیاوازە و خەڵك لە ریفۆرم و چاكسازی نائومێد بووە و داوای گۆڕینی كۆی سیستەم و رووخاندنی رژێمەكە دەكەن. 

حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان لە شارەكانی ئێران بە بەیاننامەی جیاواز پاڵپشتی خۆیان بۆ خۆپێشاندەران راگەیاندووە، داوایان لە خەڵكی كوردستانیش كردووە پاڵپشتی لە داواكاری خۆپێشاندەرانی تری ئێران بكەن، بەڵام هێشتا بە رژدی خەڵكیان بۆ خۆپێشاندان هان نەداوە.

بەهێزترین خۆپێشاندانەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە كرماشان بووە و دوای ئەویش شارەكانی سنە و ورمێ و بۆكان و چەندان شاری تری گرتووەتەوە، هەرچەندە كورد بە پارێزەوە خۆپێشاندان دەكات، چونكە دەستی حكوومەت لە سەركوتكردنی كورد كراوەترە.

ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە حزبە كوردییەكان بە پەرت و بڵاوی لەگەل خۆپیشاندانن و پلاتفۆرمی هاوبەشی كورستانییان بۆ ئەو رووداوانە نییە.

حەمەنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ "وشە" پێی وایە، هۆی سەرەكی ئەو خۆپێشاندانانە پێشێلكردنی مافی هاووڵاتییان و درێژەدان بە سیاسەتی سەركوت و چەوساندنەوەیە كە چەندان دەیەیە كۆماری ئیسلامی گرتوویەتەبەر و بە هیچ شێوەیەك نایەوێت رێز لە ویست و داخوازییە رەواكانی خەڵك بگرێت. 

ئەو پێی وایە گەورەترین ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئێران خەڵكی ئێرانە و ناشكرێت بگوترێت ئەم خۆپێشاندانانە بێ رێبەرین، چونكە خەڵكی كارامە و بە ئەزموون و تێگەیشتوو بە شێوەی جیاواز لە پشت ناڕازییەكانن و ئەو هاوئاهەنگییەی لە خۆپێشاندانەكان دەبینرێت، جێی دڵخۆشییە.

بە بۆچوونی قادری "هەستی سیاسی و تێگەیشتوویی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خەڵكی تری ئێران لە سەرترە و ئەزموون و خەبات و بەربەرەكانی زیاتریشی دژی ئەم رژێمە هەیە، ئەوەیش بینرا كاتێك كرماشان درێژەی بە خۆپێشاندانەكەی مەشهەد دا، تەنانەت دروشمەكانیش لە هەندێك داخوازیی ئابووری گۆڕان بۆ داخوازی سیاسی و چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی خەڵكی ئێران".

 حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تا ئێستە پلاتفۆرمێكی هاوبەشیان بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتووی ئێران نییە. قادری ددان بەو راستییەدا دەنێت و ئاماژە بەوە دەكات كە لە هەنگاوەكانیان بۆ ئەو هاوبەشییە بەردەوامن. زیاتر گوتی سەرەڕای ئەم گیروگرفتە رێكخراوەیییە، دیسان هێزە سیاسییە كوردییەكان هاوهەڵوێستن لە بەدیهێنانی ئازادی و دیموكراسی و بەدیهێنانی مافی گەلانی ئێران.

لەلایەكی ترەوە ئیدریس كۆلاهدووزی بەرپرسی پێوەندییەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە سلێمانی، ئەوە دەخاتە ڕوو كە هیچ حزبێك لە ئاستی ئێران جڵەوی خۆپێشاندانەكانی بەدەستەوە نییە، بەڵكو ئەوەی روو دەدات لە ئاكامی ئەو فشار و ستەمە زۆرەیە كە دەرهەق بە خەڵك دەكرێت. 

كۆلاهدووزی بۆ "وشە" دەڵێ "حكوومەت لەلایەك خەڵكی ناوخۆی برسی كردووە و لەلایەكی تر خەریكی پارەداركردنی حەشدی شەعبی و حزبوڵا و حووسییەكانە، ئەمەش خەڵكی بێزار كردووە. بۆیە سەردەمی ئەوە بەسەرچووە هەر حزبێك خەڵك رێنوێنی بكات، ئێستە لە سایەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی پێوەندییەكان، خەڵك زۆر بەئاگاترن".

لەبارەی خۆپێشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئیدریس كۆلاهدووزی روونی كردەوە، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان هەندێك بە پارێزەوە هاتوونەتە مەیدان، چونكە ئەزموونی زۆریان لە خۆپێشاندان هەیە و رژێمی ئێرانیش لە سەركوتكردنی كورد دەستی كراوەترە و لەوانەیە هەر بە سەركوتكردنی خەڵكی كورد بیەوێت خەڵكی تاران چاوترسێن بكات. 

كۆلاهدووزی پشتیوانی حزبەكەی بۆ خۆپێشاندان و داوا رەواكانی خەڵك دەردەبڕێت و هاوشێوەی هەر حزبێكی تری رۆژهەڵاتی كوردستان، هیوای ئەوە دەخوازێت لە بەرەیەكی هاوبەشدا حزبە كوردییەكان كۆ ببنەوە و بە یەكەوە خەبات بكەن.

"راستە یەك بەرەمان نییە، بەڵام لەگەڵ حدكا رێككەوتننامەی هاوبەشی هاوكاریمان هەیە و دەكرێ ئەم رێككەوتنە بەرفراوانتر بكرێت، جگەلەمە گەشبینین بۆ دروستكردنی هەر بەرەیەك ئەگەر رووداوەكان قۆناغێكی تریان بڕی، چونكە لە هەڵبژاردنەكانیش شەش حزبی رۆژهەڵاتی كوردستان بەیەكەوە بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد" كۆلاهدووزی وای گوت. 

پێویستە بگوترێ پێوەندییەكی پتەو لە نێوان بەشێكی حزبەكانی رۆژهەڵات و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەیە كە بە كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ ناسراوە. بەڵام نە هێزە كوردییەكان هەموو لەم بەرەیەن و نە هێزە ئێرانییەكانیش سەرجەمیان لەم كۆنگرەیە ئەندامن.

لە هەر حزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەپرسی، داوای بەرەی كوردستانی و پلاتفۆرمی هاوبەش دەكات بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتوو، كەچی هەر ئەو حزبانە بە پەرت و بڵاوی لە خەباتیان دژی كۆماری ئیسلامیی بەردەوامن.






وشە - سلێمان تاشان