ئاشوورییەكان داوایەك ئاراستەی ترەمپ دەكەن

:: PM:04:09:17/11/2016 ‌

گرووپێكی جیهانیی ئاشوورییەكان وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا، داوایان لێ كردووە بە خێرایی لە هەر جۆرە مەترسییەكی جینۆساید لە لایەن داعشەوە بیانپارێزێت كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەریان دەكرێت.

كارلۆ كووكتافێ بەرپرسێكی یەكێتیی ئاشوورییەكانی دنیا ئەو داواكارییەی لە ترەمپ كردووە. ئەو داواشی كردووە ترەمپ یارمەتییان بدات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان كە لە دوو ساڵی رابردوو بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

لە بەشێكی تری داواكارییەكدا هاتووە راهێنان بە هێزەكانی ئاشوورییەكان بكرێت بۆ ئەوەی دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان بتوانن لە بەرامبەر هەر هێرشێكی داعش بەرگری لە خۆیان و ناوچەكانیان بكەن.

هاوكات یۆناتان بێتكۆلیا سكرتێری گشتی یەكێتیی جیهانیی ئاشوورییەكان باسی لەوە كردووە كە ئاشوورییەكان بۆ ماوەیەكی درێژ تووشی ئازار بوون بەدەستی هێزێك كە تاوانبارە بە جینۆساید، توندوتیژی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.

ئەو نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە داعش منداڵان و ئافرەتان و خەڵكی بەساڵاچووی كوشتووە یان لە ماڵ و حاڵیان دەری كردوون و لە دوو ساڵی رابردووش خەڵكی ئاشووریی ئازار و مەینەتێكی زۆریان چێشتووە.

یەكێتییەكە داوای لە ترەمپ كردووە یارمەتییان بدات تا ئەوان لە ناوچەی رەسەنی باپیرانیان دەسەڵاتی خۆیان بەڕێوە ببەن، چونكە ناوچەی تایبەتی خۆیان هەیە كە بە دەشتی نەینەوا ناسراوە و بەشێكی لە لایەن پێشمەرگە و بەشێكی تری لە لایەن سوپای عێراقەوە رزگار كراوە.

سەرچاوە/theway


وشە - سلێمان تاشان