نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌وان پشتیوانی خۆپیشانده‌رانی ئێران ده‌كه‌ن كه له پێناو ئازادی و ژیانێكی باش دژی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی وه‌ستاونه‌ته‌وه، له كاتێكدا ئه‌و ڕژێمه به به‌رده‌وام پاره‌ی هاووڵاتییانی بۆ كێشه‌كانی ناوچه‌كه خه‌رج ده‌كات.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه نیكی هایلی نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به ناوی وڵاته‌كه‌یه‌وه خوێنده‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، گه‌لی ئێران له ده‌یان شوێنی وڵاته‌كه‌یان دژی سته‌م ڕابوونه‌ته‌وه كه خۆڕسكین و هیچ ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له پشته‌وه نییه.
دوێنێ هه‌ینی، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران كه بووه‌ته هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دان و گرتنی خه‌ڵك، له‌سه‌ر داوای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستی پێ كرد و له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه داخراوه‌كه‌دا، ڕووسیا ئه‌مه‌ریكای به ده‌ستوه‌ردان له كاروباری كۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمه‌تبار كرد و دواتر له‌لایه‌ن نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكاوه وه‌ڵام درایه‌وه.
نیكی هالی گوتی، ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یه كه داوای ئازادی و خۆشگوزه‌رانی ده‌كه‌ن له ئێران، له كاتێكدا ڕژێمه‌كه‌ی به ته‌واوی ئه‌و گه‌له‌ی له مافه‌كانی مرۆڤ سه‌ندووه‌ته‌وه و ڕووی گوتاره‌كه‌ی له حكوومه‌تی ئێرانی ده‌كات و ده‌ڵێ: دنیا ده‌تانبینێ، ده‌زانین چی ده‌كه‌ن.
نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، گه‌لی ئێران ده‌یه‌وێ پاره و سامانی وڵاته‌كه‌ی بۆ خۆی بگه‌ڕێته‌وه و حكوومه‌ت واز بهێنێ له پشتیوانیكردنی تیرۆر و میلیشیاكان له عێراق و یه‌مه‌ن و شوێنه‌كانی تر، ئه‌وان ته‌نیا بۆ ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، ساڵانه شه‌ش ملیار دۆلار خه‌رج ده‌كه‌ن.
له یاداشتێكدا كه دوێنێ هه‌ینی، له‌لایه‌ن تای برۆك زرهۆن یاریده‌رده‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش خوێنرایه‌وه، ئه‌وه دووپات كراوه‌ته‌وه كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌یه‌وێ چاودێریی ئه‌و پێشهاتانه بكات كه له‌سه‌ر خاكی ئێران روو ده‌ده‌ن و گوتی، یوئێن پێوه‌ندی به تارانه‌وه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی تاوتوێی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری داوا ره‌واكانی خه‌ڵك بكات، هه‌روه‌ها یۆنێن هاوكارییان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كاری توندوتیژی له‌دژی خۆپێشانده‌ران ئه‌نجام نه‌درێت.
جگه له هاوكاریكردنی ئه‌سه‌د، به‌پێی ڕاپۆرتێك كه رۆژنامه‌ی " النهار"ی لبنانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئاماژه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی په‌یمانگه‌ی واشنتن كراوه كه 12 ساڵ پێش ئێسته كراوه، ئه‌وكات گوتراوه ئێران ساڵانه 100 ملیۆن دۆلار به حزبوڵا ده‌دات، هه‌ر راپۆرته‌كه ده‌ڵێت به‌ڵام دوایین پێشبینی 800 ملیۆن دۆلاره، ئه‌م ژماره‌یش له‌لایه‌ن راگه‌یاندنی ئیسرائیله‌وه باس كراوه.
نێرده‌ی فڕه‌نسا له دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گوتی، ئێمه دڵه‌ڕاوكێی خۆمان ناشارینه‌وه به‌رانبه‌ر ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له خۆپیشاندانه‌كانی ئێران ده‌كرێ كه قوربانی زۆر هه‌یه و داوا له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ین خۆی له هه‌ر پێشێلكردنێكی مافی مرۆڤ بپارێزێ و ڕێز له ئازادییه‌كان بگرێ، به تایبه‌تی ئازادیی ده‌ربڕین و خۆپیشاندانی هێمنانه، ئێرانییه‌كانیش ده‌بێ ڕای خۆیان به هێمنی بده‌ن ڕێی توند نه‌گرنه به‌ر.
خۆپێشاندانه‌كانی ئێران له 28ی مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو له مه‌شهه‌د ده‌ستی پێ كرد كه كه‌وتووه‌ته باكوری رۆژهه‌ڵاتی ئێران. دروشمه‌كانی یه‌كه‌م رۆژی خۆپێشاندان زیاتر بۆ پرسی ئابووری و گرانی و بێكاری بوو، به‌ڵام رۆژی دواتر له كرماشان درێژه‌ی پێ درا و دروشمه‌كانیش گۆڕان بۆ دروشمی سیاسی. ته‌نانه‌ت خۆپێشاندان ده‌یان شاری گه‌وره‌ی ئێران گرته‌وه و له زۆربه‌ی ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ش دروشم له دژی سیسته‌می سیاسی وڵات و خامه‌نه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رز كرانه‌وه. وه‌ك ئاژانسه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن تا ئێسته 50 كه‌س كوژراون و ده‌یان كه‌سی تریش بریندارن، زیاتر له سێ هه‌زار كه‌سیش گیراون.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ له رێی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه سزای ئێران بدات و ئێسته‌ش به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، ده‌بێت پاڵپشتی له گه‌لانی ئێران بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی رژێمی كۆماری ئیسلامی بڕووخێت.
رووسیا به پێچه‌وانه‌وه پێی وایه ته‌نانه‌ت پێویست ناكات ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی ئێران بكات، چونكه هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بۆ ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تێدا نییه و بابه‌تێكی نێوخۆیی ئه‌و وڵاته‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌شه ڕای فڕه‌نسا، به‌ڵام نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، بابه‌ته‌كه پێوه‌سته به مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر گه‌لی ئێران هه‌یه، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه پێوه‌سته به ئاشتی و ته‌ناهیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه.
كۆتای هه‌فته‌ی ڕابردوو، شیرین عه‌بادی له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا بۆ "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" داوای له ئێرانییه‌كان كرد، چیتر پاره‌ی ئاو، كاره‌با، غاز و گومرگی نه‌ده‌ن و هه‌رچی پاره‌شیان له بانكه‌كان هه‌یه له ماڵه‌وه هه‌ڵی بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ستانی ئابووری بكه‌وێته سه‌ر حكوومه‌ت و ناچار بێت واز له توندوتیژی بهێنێ و داواكانیان جێبه‌جێ بكات و ئه‌م خۆپیشاندانه به ئازایانه‌ترین به‌رهه‌ڵستی بۆ سه‌ركرده‌كانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ناوی ده‌بات و ده‌ڵێ، له‌وه‌ته‌ی خۆپیشاندانی ساڵی 2009 كراوه، هه‌ڵوێستێكی ئاوا گه‌رم و گشتگیر له ئێران‌دا نه‌كراوه، بۆیه پێویسته ئه‌م جاره بره‌وی ته‌واوی پێ بدرێ تا حكوومه‌ت ناچار به چاكسازی ده‌بێ.
وێڕای ئه‌و هه‌موو ته‌نگژه ئابووری و بێكارییه، خه‌ڵكی ئێران به‌ده‌ست نه‌بوونیی ئازادی ده‌ناڵێنن. تاكی ئێرانی به‌ده‌ست خۆی نییه چۆن به‌رگ له‌به‌ر ده‌كات، چۆن ئاین و مه‌زه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێ و پێڕه‌وی ده‌كات، چۆن سیاسه‌ت ده‌كات، چۆن ده‌نووسێ و بیر ده‌كاته‌وه. هه‌ر جیاوازییه‌ك له تاكی ئێرانی‌دا هه‌بێت جگه له‌و سیسته‌مه مه‌زه‌وییه‌ی ئێران بۆ خۆی هه‌ڵی بژاردووه، به‌بێ دوودڵی حكوومه‌ت ده‌یگرێ و به بیانووی جیاواز تۆمه‌تی بۆ دروست ده‌كات و ئه‌گه‌رێكی به‌هێزیش هه‌یه له سێداره بدرێ، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گشتییه بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی ئێران. نه‌ته‌وه‌كانی تری ئێران جگه له فارس، كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یییان هه‌یه. حزبێكی كوردستانی بۆی نییه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات و بچێته په‌رله‌مان و وه‌زیری هه‌بێ، عه‌ره‌بێكیش بۆی نییه حزبی هه‌بێ و نوێنه‌رایه‌تیی گه‌له‌كه‌ی بكات، به‌ڵكو ده‌بێ كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، بلووچ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر، له ژێر سه‌قفی موحافیزكاران یان ڕیفۆرمخوازان جێی خۆیان بكه‌نه‌وه، ته‌واوی لایه‌نه‌كانی تر ئۆپۆزیسیۆنن و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین، هه‌ر تاكێكی ئه‌و وڵاته‌ش حكوومه‌ت بزانێ سه‌ر به یه‌كێ له‌و حزبانه‌ن، ئه‌گه‌ر فریا نه‌كه‌وێ له وڵات ڕا بكات، ئه‌وا به دڵنیایییه‌وه ده‌گیرێ و پاش ماوه‌یه‌ك له‌وانه‌یه له سێداره‌ش بدرێ.