دوای یەكێتی حزبێكی تریش پێشنیازەكەی گۆڕانی ڕەت كردەوە

:: PM:04:47:17/11/2016 ‌

حزبێكی تری كوردستان پێشنیازەكەی بزووتنەوەی گۆڕانی ڕەت كردەوە و دەڵێت، ناكرێت هەر حزبێك بێت و بڕیارێك لەسەر هەرێمی كوردستان بدات.

هەندرێن ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ناكرێت ئێمە سەروەری خۆمان لە دەست بدەین بۆ چەند شتێك كە دەستووری عێراق دانی پێدا ناوە و دەڵێ: لە دەستووردا كۆمەڵێك مافی بۆ هەرێمی كوردستان جێگیر كردووە، ناكرێت "تۆ" بۆ چەند پێشنیازێكی خۆت، ئەم مافانە هەمووی بەلاوە نێیت و بەرژەوەندی حزبی خۆت پێش بخەیت.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان هەروەها دەڵێ: ناكرێت تاكە حزبێك بڕیار لەبارەی چارەنووسی هەرێمێك بدات، ڕاستە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران داواكارییەكی ڕەوایە، بەڵام ناكرێت تۆ كێشە سیاسییەكانی خۆت تێكەڵی كێشەی ناوخۆی هەرێمەكەت بكەیت بۆ بەرژەوەندی خۆت.

لە رۆژانی ڕابردوو لە میانەی خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، ئارام شێخ محەمەد هەڵسووڕاوی گۆڕان و جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەگەر بەغدا و هەولێر نەگەنە رێككەوتن، ئێمە داوا دەكەین و هەوڵ دەدەین بەغدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بودجە و مووچە بۆ شاری سلێمانی بنێرێت، بەگوتەی چاودێرانیش ئەمە زیندووكردنەوەی فیدراڵیی پارێزگاكانە كە پێشتر هەوڵی بۆ دەدرا.

دوێێ چوارشەم، دوای كۆبوونەوەیەكی دوو سەعاتیی پەرلەمانتارانی یەكێتی لە  شاری كەركووك، پڕۆژەكەی بزووتنەوەی گۆڕانیان ڕەت كردەوە و پێشنیازی چارەسەری لە ڕێگەی بودجە و دابینكردنی شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

شوان داودی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاند: فڕاكسیۆنی یەكێتی، پشتگیری مامەڵەكردنی پارێزگاكان لەگەڵ بەغدا ناكات، بەڵكو پشتگیری چەسپاندنی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكات بۆ ڕازیبوون بە ناردنی شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان و پێدانی نەوت بە بەغدا.


وشە - رامیار جەواد