بڕیارە ١٩ی یەکی ساڵی ٢٠١٨ حەمەسەعید حەسەن حەوت کتێب چاپ و وەشان بکات. کتێبەکان بابەتی جۆراوجۆرن و ناوەندی "ئاوێر" بە چاپ و بڵاوکردنەوەی هەڵدەستێت.
لەم بارەوە حەمەسەعید حەسەن بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٣دا سێ کتێبی ترم بەهەمان شێوە بڵاو بووەتەوە، دیارە من ئەو دەقەکانی لە ڕووداو و ڕۆژنامەکانی تر دەینووسم، بە پلان دەینووسم و مەبەستمە دواتر بیکەمە کتێب. ئەو حەوت کتێبەیشم، دەقەکانیان بە نەفەسی کتێب نووسراون."
ئارێز حەسەن بەڕێوەبەری ناوەندی "ئاوێر" لە هەولێر لەبارەی کتێبەکانەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ناوەندی ئاوێر لە مێژووی دووی ڕێبەندان حەفت کتێبی نووسەری بەناوودەنگ (حەمەسەعید حەسەن) چاپ دەکات و بە ئامادەبوونی نووسەر بڵاویدەکاتەوە."
زیاتر گوتی: "شایەنی باسە، کتێبەکانی (حەمەسەعید حەسەن) نووسراوی نوێن و پێشتر بەشێوەی کتێب وەشان نەکراوە. ئەمجارە نووسەر جیاوازتر کاری لەسەر کتێبەکان کردووە، کە بابەتەکانی فرە لایەنن و بریتین لە: لێکۆڵینەوەی جیاوازتر بۆ ئایین و مەسەلەکانی تری، شیعر، چەند توێژینەوەیەکی کولتووریی و ئەدەبی، تێڕوانینێکی نوێ بۆ فەلسەفەی ئازادی، خۆشەویستیی فەیلەسووف "ئۆشۆ" و چەند توێژینەوە و ڕەخنەیەک لەبارەی ڕۆمانەوە."
بڕیارە ١٩ی یەکی ساڵی ٢٠١٨ حەمەسەعید حەسەن حەوت کتێب چاپ و وەشان بکات، ناوەندی "ئاوێر" بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، وەشانیان دەکات.