لە دوو هەفتەدا نەوت 17% بەرز بووەتەوە

:: AM:11:12:11/10/2016 ‌
لە دوو هەفتەی رابردووەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لەو ماوەیەدا نزیكەی هەشت دۆلار لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە.

بەو پێیە لە ٢٨ی ئەیلوولی رابردووەوە تا ئێستە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا 17% بەرز بووەتەوە و نرخی ئێستەی نەوت بە بەرزترین نرخی ئەو بەرهەمە ستراتیژییە هەژمار دەكرێت لە ماوەی ساڵێكی رابردوودا.

لە ٢٨ی ئەیلوول واتە نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر، نرخی نەوت سەرووی ٤٥ دۆلار بوو و ئەوەی هۆكاری سەرەكی بوو لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، لە قۆناغی یەكەمدا ئەو رێككەوتنە بوو كە لە ٢٨ی مانگ لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ژمارەیەك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە جەزائیر كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لەسەر ئەوە رێك كەوتن ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە ٣٣ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار بەرمیلەوە دابەزێنن بۆ خوارووی ٣٣ ملیۆن بەرمیل.

هۆكاری دووەم بۆ بەرزبوونەوەوی نرخی نەوت بریتی بووە لە دابەزینی ئاستی نەوتی كۆگەكانی ئەمەریكا كە كاریگەریی بۆ سەر زیاتر داخوازی نەوت هەیە و دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیادا.



هۆكاری سێیەم لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، پێوەندی بەو كۆنگرەیەوە هەیە كە دوو رۆژە لە ئیستانبوڵ دەستی پێ كردووە و شەوی رابردوو كاتێك ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا گوتی، هاوكاری وڵاتانی ئۆپێك دەكات لە دانانی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، یەكسەر كاریگەریی خستە سەر بازاڕی نەوت و نرخەكەی بەرەو ٥٣ دۆلار و ٧٠ سەنت هەڵكشا.

كۆنگرەكەی ئیستانبوڵ تا ١٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە میانەی ئەو كۆنگرەیە، وەزیرانی نەوتی چەند وڵاتێكی ئەندامی ئۆپێك و رووسیا لە دانیشتنێكی نائاسایی تاوتوێی بەرهەمهێنانی نەوت بكەن و ئەگەر لەو كۆبوونەوەیەشدا بڕیاری ئەرێنی لە پێناو رێگەگرتن لە زیادە بەرهەمهێنانی نەوت دەربكرێت، ئەوا دیسان كاریگەریی بۆ سەر زیاتر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت دەبێت.

لە ماوەی رابردوودا تەنیا نرخی نەوتی برێنت بەرز نەبووەتەوە كە بە باشترین جۆری نەوت لە دنیا هەژمار دەكرێت، نەوتەكانی جۆری ئۆپێك و ئەمەریكیش بەرز بوونەتەوە. نەوتی جۆری ئەمەریكی كە بە WTI ناسراوە بۆ نزیكەی ٥١ دۆلار و ٦٠ سەنت بەرز بووەوە كە بەرزترین نرخییەتی لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا. هاوكات نرخی نەوتی ئۆپێكیش بۆ ٤٨ دۆلار و ٦٠ سەنت بەرز بووەوە.



بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسوودی هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە كە لە دوو ساڵی رابردوو دابەزینی نرخەكەی گوشارێكی زۆری ئابووری خستووەتە سەریان. لە هەرێمی كوردستان كە سەرووی ٩٥%ی داهاتی حكوومەت پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەریی دەبێت بۆ سەر بەرزكردنەوەی بڕی داهات و سووكتركردنی باری تەنگژەی دارایی كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

نرخی نەوت پێش سەرهەڵدانی داعش، سەرووی ١١٥ دۆلار بوو، بەڵام لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە رووی لە دابەزین كرد و لە سەرەتای ئەمساڵ تا ٢٧ دۆلار دابەزی. مەترسی ئەوە هاتە ئاراوە نرخی نەوت بگاتە خوارووی ٢٠ دۆلار و ئەمەش هۆشدارییەك بوو بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، هەوڵەكانیان بەگەڕ بخەن و هاوكاری یەكتر بكەن لە رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی زیادەی نەوت. 

گۆڕانكاری رۆژانەی نرخی نەوت

گۆڕانكاری هەفتانەی نرخی نەوت

گۆڕانكاری مانگانەی نرخی نەوت

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان