ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌ شوێنی كاره‌كه‌ت تووشی شكستت ده‌كەن


ئه‌گه‌ر له‌ شوێنی كاره‌كه‌ت تووشی چه‌ندان كیشه‌ی جۆراوجۆر و نه‌بڕاوه‌ بوویت، ئه‌وا بزانه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی خۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نه‌تتوانیوه‌ دركی پێ بكه‌یت، بۆیه‌ وات لێ ده‌كات هه‌ست به‌ شكست بكه‌یت.

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شوێنی كاره‌كه‌ت به‌ ئاسووده‌یی بمێنیته‌وه‌، سه‌رقاڵی شتی لا به‌لا مه‌به‌  خۆت له‌م هه‌ڵانه‌ به‌ دوور بگره‌:

_ كاتێك ده‌ڕۆیت بۆ كار، با پلانێكی پێشوه‌خته‌ت هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ تووشی دڵه‌ڕاوكێ و بێزاری نه‌بیت، كاركردن بێ پلان تووشی شكستت ده‌كات.

_ له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانت به‌ ڕێزه‌وه‌ ڕه‌فتار بكه‌، هه‌وڵ بده‌ بێزاریان نه‌كه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی تا له‌سه‌ر كاره‌كه‌ت ده‌بیت، هیچ كه‌سێك چاوه‌ڕێێ ڕۆیشتنه‌وه‌ت نه‌كات و بێتاقه‌تت نه‌كه‌ن.

_ براده‌ر و هاوكاره‌كانت له‌یه‌كتر جیا بكه‌ره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌وێ له‌گه‌ڵت كار ده‌كه‌ن ته‌نیا بۆ كار ده‌یانناسیت، پێویست ناكات كێشه‌ی خێزانی یان نێوان خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌تی بۆ باس بكه‌یت، چونكه‌ دواتر كێشه‌ت بۆ دروست ده‌بێت و لێی په‌شیمان ده‌بیته‌وه‌.

_ كێشه‌ی ماڵه‌وه‌ و ئیشه‌كانی به‌جێت هێشتووه‌، له‌گه‌ڵ خۆت مه‌هێنه‌ شوێنی كاره‌كه‌ت، چونكه‌ ئه‌م تێكه‌ڵكردنه‌ مێشكت ئاڵۆز ده‌كات، هه‌م كێشه‌ی ماڵه‌وه‌ت له‌سه‌ر قوڕستر ده‌كات، هه‌م له‌ كاره‌كه‌ت شكستت پێ دێنێت، بۆیه‌ باشتره‌ هه‌ر شته‌و له‌ كات و شوێنی خۆی گرنگی پێ بدرێت.

_ شتێك مه‌كه‌ كه‌ له‌ تواناتدا نه‌بێت، هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ده‌كات له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی لێهاتوو بێت و ڕۆژانه‌ فێری شتی نوێ ببێت، به‌ڵام كاتێك بۆ خۆ ده‌رخستن كارێك ده‌كه‌یت و پێت ناكرێت، یان له‌ توانای سروشتی تۆدا نییه‌، ئه‌مه‌ بێ هیوات ده‌كات و كاره‌ باسه‌كانی پێشتریشت له‌به‌رچاو ده‌خات.

_ له‌ خۆده‌رخستن دوور بكه‌ره‌وه‌ و خۆت به‌ هیچ كام له‌ هاوكاره‌كانت به‌راورد مه‌كه‌، هه‌میشه‌ وا ڕه‌فتار بكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كاری لێ ده‌كه‌یت، موڵكی خۆته‌ و پێویستت به‌وه‌ نییه‌ خۆت به‌سه‌ر هیچ كه‌سێكدا گه‌وره‌ بكه‌یت، یان بیر له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ كێ ئیش زۆر ده‌كات و كێ نایكات، ئه‌مانه‌ ته‌نیا مێشكت ئاڵۆز ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ت ئه‌و شتانه‌ ده‌بینێت و پێویستی به‌ قسه‌ هێنان و بردنی تۆ نییه‌.

سه‌رچاوه‌/ ئه‌نازه‌هره‌


وشە - ڕێناس شابان


AM:10:17:07/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 323 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌