ئافرەتیك بەهۆی ژنبەسەرهێنانی خۆی خنكاند

:: PM:06:46:07/01/2018 ‌
 
لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان یەكەم حاڵەتی خۆخنكانی ئافرەت بۆ ئەمساڵ تۆمار كرا و بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانیش دەڵێ، ژنبەسەرهێنان هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو ئافرەتە بووە.
 
عەمیدی یاسای لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان بە "وشە"ی  راگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی كانوونی دووەم لە گەڕەكی كەلاری كۆن، كۆنترین گەڕەكی كەلار، ئافرەتێكی تەمەن 53 ساڵ بەناوی (ا . ا) بە گوریس خۆی خنكاند.
 
زیاتر گوتی، پاش خۆخنكانی ئافرەتەكە، مێردەكەی بە بڕیاری دادوەر بە یاسای ژمارە (408) گیراوە. لەبارەی هۆكاری خۆخنكاندی ئەو ئافرتە بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان، ئاشكرای كرد، ئەو ئافرەتە منداڵی نەبووە، بۆیە مێردەكەی ماوەی سێ رۆژە ژنی بەسەردا هێناوە و ئەوەیش لە ڕووی دەروونییەوە كاردانەوەی هەبووە و پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە.
 
روونی كردەوە، ئافرەتەكە رازی بووە هاوسەرەكەی ژن بێنێت، بەڵام دواتر دیارە بەرگەی بوونی ژنێكی تری لە ماڵەكەیدا نەگرتووە و خۆی خنكاندووە.
 
لای خۆیەوە كارزان محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی لە گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئافرەتان زۆر جار بەدەم پێشوازی لە بڕیارێك دەكەن كە پێوەست بێت بەوانەوە، بەڵام لە كاتێكدا بە كردار پێیان قبووڵ ناكرێت.
 
زیاتر گوتی، هێنانی ژنی دووەم هەستی خۆ بەكەمزانین لای ئافرەتان دروست دەكات، بۆیە پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن.
 
بەپێی ئاماری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئەوە یەكەم حاڵەتی خۆخنكاندنە لە 2018دا ساڵی رابردوویش دوو حاڵەتی خۆكوشتن تۆمار كرابوو.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل