جه‌میل چه‌تۆ خڕۆ، ئه‌و كه‌سه‌ی ٤٠ كه‌س له خێزانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ده‌ست تیرۆرستانی داعش، چیرۆكی پڕ كاره‌ساتی خۆی له "وشه" ده‌خاته ڕوو كه له سێی ئاب/ئۆگستسی ٢٠١٤ـه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كاتێك له ناوچه‌ی گرعوزێری باشووری شنگال كۆمه‌ڵێك هه‌مه‌ڕی داعش ده‌گه‌نه ناوچه‌كه و ئه‌مان فریوی قسه‌ی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌یان خواردووه كه پێیان گوتن رامه‌كه‌ن داعش نایه‌نه ئێره، به‌ڵام دواتر "هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه خێزانه‌كانمانی راده‌ستی چه‌كدارانی داعش كردن".
جه‌میل چه‌تۆ خڕۆ ئازاره‌كه‌ی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه ده‌ربڕینی ئاسان نییه. ئه‌و ده‌ڵێ، داعش هاتن و هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌میان له خوارووی گونده‌كه كۆ كرده‌وه و ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌نج بوون جیایان كردنه‌وه، به‌ته‌مه‌نه‌كانیان كوشت و كچ و ژنانی گه‌نجیشیان سواری ئۆتۆمبێله‌كان كرد و هه‌موویان بردن، به‌ڵام ١٤ كه‌سیان له خێزانه‌كه‌م كوشت.
به‌دوای ئه‌و رووداوه‌دا هه‌واڵی كه‌سوكاری جه‌میل نامێنێ تا ده‌ركردنی تیرۆرستان له‌و ناوچه‌یه، به‌ڵام جه‌میل نه‌ك هه‌واڵی خۆشی ده‌ست نه‌كه‌وت، بگره به گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ له نزیك ناوچه‌ی گرعوزێر گه‌یشت كه ته‌نیا هی ماڵباته‌كه‌ی خۆیه‌تی و گۆڕه‌كه كراوه به‌ناوی ئه‌وانه‌وه، له‌و هه‌موو یاده‌وه‌ری و كه‌سوكاره ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه كه خۆی ده‌ڵێ، "به هاوكاری لیژنه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له پارێزگای دهۆك، توانرا گۆڕه‌كه بناسرێته‌وه و به‌ناوی ئێمه‌وه تۆمار بكرێت".
جه‌میل له‌ناو كاره‌ساته مرۆیییه‌كه‌یدا دڵخۆشه به‌وه‌ی تا ئێسته ٢٠ كه‌س له خێزانه‌كه‌ی له ده‌ست داعش رزگار كراون به هاوكاری نووسینگه‌ی رفێنراوانی كوردانی ئێزیدی له پارێزگای دهۆك. به‌ڵام ئه‌مه فرمێسكی ئه‌و كورده ئێزیدییه راناگرێت و دیمه‌نه جه‌رگبڕه‌كان له به‌رچاوی ون ناكات.
له‌ناو هه‌موو رووداوه‌كاندا چیرۆكێك هه‌یه كه جه‌میل چه‌تۆ خڕۆ له باسكردنی خۆی پێ ناگیرێت و له قوڵپه‌ی گریان ده‌دات، "بووكێكم هه‌بوو به‌ناوی (زێڕێ) كاتێك داعش بردیانه مووسڵ ئه‌و نه‌یهێشت ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ری و خۆی كوشت". به ده‌م گریانه‌وه چۆنیه‌تیی زانینی ئه‌م رووداوه‌ی گێڕایه‌وه و زیاتر گوتی، "كه‌سێك له مووسڵ پێوه‌ندی پێوه كردم و گوتی بووكه‌كه‌ت خۆی كوشت و به‌چاوی خۆم بینیم، كاتێك تیرۆریستانی داعش هه‌وڵیان دا ده‌ستدرێژیی بكه‌نه سه‌ر، به‌ڵام به‌رپه‌رچی دانه‌وه و نه‌یهێشت و كۆتای به ژیانی خۆی هێنا".
هه‌ر ئه‌م شایه‌تحاڵه‌ی زانیارییه‌كانی به جه‌میل داوه، خۆی ناچار ده‌بێت ته‌رمی بووكه‌كه‌ی جه‌میل ببات له‌ناو زبڵ فڕێی بدات به فه‌رمانی تیرۆریستان. به‌ڵام گوتوویه‌تی، "ناچار بووم فه‌رمانه‌كه جێبه‌جێ بكه‌م، ئه‌گه‌ر نا منیان ده‌كوشت"، به‌ڵام دواتر لاشه‌كه‌ی زێڕێ له زبڵه‌كه هه‌ڵده‌گرێته‌وه و به خاكی ده‌سپێرێ.
"ئه‌و كه‌سه مووسڵاوییه نه‌یده‌وێرا ناوی ئاشكرا بكات له ترسی داعش، به‌ڵام كه شاره‌كه ئازاد كرا، لیژنه‌یه‌ك له تۆماری جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان له هه‌ولێر و دهۆك و نووسینگه‌ی رفێنراوانی كوردانی ئێزیدی، به هاوكاری ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، پێوه‌ندیمان به كه‌سه‌كه‌وه كرد و چووینه سه‌ر گۆڕی زێڕێ له (وای عه‌كاب)ی مووسڵ بوو، گۆڕه‌كه‌مان هه‌ڵدایه‌وه و ته‌رمه‌كه‌مان گواسته‌وه، ئێسته له په‌رستگه‌ی لالش به خاكمان سپاردووه". جه‌میل چه‌تۆ خڕۆ وای گوت.
به‌رده‌وام بوو له قسه پڕ هه‌نسكه‌كانی "زێڕٍێ شه‌ره‌ف و نامووسی هه‌موو خاوه‌ن شه‌ره‌فێكه و ناتوانم له بیری بكه‌م، هه‌ر جارێك بێته‌وه به‌رباس ئازاری دنیا ده‌چێژم. بووكه‌كه‌م ناوێكه دووباره نابێته‌وه له فه‌رهه‌نگمدا، زێڕێ شه‌ره‌ف و نامووسی ئێزیدیخان و مرۆڤایه‌تییه".
جه‌میل چه‌تۆ خڕۆ هه‌ر له یه‌ك لاوه لێی نه‌قه‌وماوه، به‌ڵكو هێشتا شه‌ش كچی خێزانه‌كه‌ی له ده‌ست تیرۆریستانی داعشدا ماون و به‌گوته‌ی خۆی، "له ره‌قه و مه‌داین بوون و پێوه‌ندیمان به یه‌كه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام دوای ئازادكردنی ره‌قه و ده‌وروبه‌ری، هه‌واڵمان نه‌ما له‌باره‌یانه‌وه و پێوه‌ندییه‌كانمان پچڕا و ئێسته هیچ ده‌نگوباسیان نازانم".
له سێی ئاب/ ئۆگستسی ٢٠١٤ داعش شنگالی داگیر كرد و كۆمه‌ڵكوژی به‌سه‌ر كوردانی ئێزیدی هێنا، له‌و رووداوه‌دا زیاتر له شه‌ش هه‌زار ئێزیدی رفێنران و ٣٦٠ هه‌زار كه‌س ئاواره بوون و ٩٠ هه‌زاری تریش كۆچی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كرد. داعش نه‌ما، به‌ڵام دوای خۆی ٤٠ گۆڕی به كۆمه‌ڵ و تاكی جێ هێشتووه له لاشه‌ی ئێزیدییه‌كان كه تا ئێسته دۆزراونه‌ته‌وه، ٦٠ مه‌زارگه و شوێنی پیرۆزیشی وێران كردن.
نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی كوردانی ئێزیدی له دهۆك، له كۆی شه‌ش هه‌زار و ٤١٧ كچ و ژنی رفێنراو، تا ئێسته سێ هه‌زار و ٣٠٠ كه‌سی رزگار كردووه. به‌ڵام جه‌میل نیگه‌رانه كه به‌و دۆخه سه‌خته‌یشه‌وه حكوومه‌تی عێراق بۆ رزگاركردنی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی هیچ شتێكی نه‌كردووه و هیچ ئێزیدییه‌كیشی رزگار نه‌كردووه و هاوكاری چاره‌سه‌ركردنیشی نه‌كردوون.