توركیا: به‌شوودانی كچان له‌ نۆ ساڵی شه‌رعه‌ و ئاسایییه‌

:: PM:12:10:08/01/2018 ‌
پارتی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن و چالاكانی توركیا بە توندی ڕەخنە لە لێدوانێكی سەرۆكی كاروباری ئاینی لە توركیا دەگرن و داوا دەكەن لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێ و بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕێ بدرێ، كچانی تەمەن نۆ ساڵ بەشوودانیان ببێتە شتێكی ئاسایی و ڕێگەپێدراو.

تا ئێستە بە پێی یاساكانی توركیا، هەر كچ و كوڕێك تەمەنیان كەمتر لە 18 ساڵ بێ، ڕێ نادرێ هاوسەرگیری بكەن، بەڵام دەستەی بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئاینییەكان لە توركیا، دەیەوێ چەند بنەما و خاڵێكی شەرعیەتی ئیسلام لە وڵاتەكە بچەسپێنێت، یەكێك لەوانەیش ئاسایی بوونی هاوسەرگیری كچانە لە تەمەنی نۆ ساڵان.

لە ماوەی ڕابردوو سەرۆكایەتیی كاروباری ئاینی توركیا "دیانەت" لە ڕاگەیەنراوێكدا لە پێگەكانی ئینتەرنێت بڵاوی كردووەتەوە، تەمەنی پێگەیشتنی كچان دیاری دەكات و ئاماژەی داوە، بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام، سەرەتای تەمەنی پێگەیشتن بۆ كوڕان 12 ساڵییە و بۆ كچانیش نۆ ساڵییە، ئاسایییە هەر كەسێكیش لەو تەمەنانە كە بە تەمەنی پێگەیشتن دادەنرێن، هاوسەرگیری بكەن.

ئەو ڕاگەیەنراوەی دەستەی كاروباری ئاینی لە توركیا ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و چالاك و ژنان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هاشتاگ و هەڵمەتێكی گەورەیان دژ بەو كارە دەست پێ كرد و بە توندی سەركۆنەی ئەو بەیاننامە و هەوڵەی سەرۆكایەتی كاروباری ئاینیی توركیایان كرد.

هاوكات 30 پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" كە پارتەكەیان ئۆپۆزسیۆنی سەرەكیی حكوومەتی ئاكپارتییە، داوایان كرد بە پەلە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بكرێتەوە و بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕێ بدرێ كچان لەو تەمەنە بە شوو بدرێن. موراد باكان پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئەزمیر لە تویتەری خۆی نووسیویەتی، لە یاسای مەدەنیی توركیا بە ڕوونی هاتووە، تەمەنی پێگەیشتن بریتییە لە 18 ساڵ، هاوسەرگیری بەر لەو تەمەن و پێشوەختە پێشێلی مافی منداڵ و ژن و مرۆڤە، بۆیە ئێمە وەك نوێنەرانی خەڵك بە توندی دژی ئەمە دەوەستینەوە.

سەرەڕای ئەوەی یاسا لە توركیا تەمەنی 18 ساڵی بە تەمەنی پێگەیشتن هەژمار كردووە، بەڵام سەدان حاڵەتی هاوسەرگیری پێش ئەو تەمەنەیش لە توركیا تۆمار كراون، لە دادگانی وڵاتەكەیش بە ڕەزامەندی دایك و باوكی كچ یان كوڕ لە تەمەنی 17 ساڵی و 16 ساڵیش كچان بەشوو دراون و كوڕان هاوسەرگیرییان كردووە.

سەرچاوە/BBC.


وشە - باز ئه‌حمه‌د