سەربردەی سالمی سنە

:: PM:11:10:08/01/2018 ‌
سالمی سنە ناوی تەواوی سەلیم کوڕی شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ عەبدولغەفار کوڕی شێخ مەحموود کوڕی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ مستەفای تەختەیییە، باپیرانی بەبنەچە دەچنەوە سەر شێخ مستەفای تەختە لە بنەماڵەی مەردۆخی.  

سەلیم لە ساڵی ١٢٧٤ی قەمەری  لە گوندی تەختە لە دایک بووه، ئەمە گوندێکە کەوتووەتە لای باشووری شاری سنەوه. سەرەتای خوێندنی لای باوکی بووه. نەحو سەرف و وانە سەرەتاییەکانی لای باوکی خوێندووە، لە قۆناغی سوختەییدا لە سنە خوێندوویەتی، ئینجا چووە بۆ بیارە و لەوێوە بەڕێگەی مەریوان گەڕاوەتەوە سنە. ماوەیەک لای مامۆستا شێخ محەمەدی ناسراو بە (فخر العلما‌و) و هەروەها لای حاجی مەلا ئەحمەدی نۆدشەیی ناسراو بە (حاجی مامۆستا) سەرگەرمی خوێندن دەبێت.

(مەنتیق) بە تەواوی لای شێخ محەمەد و (فقە) لای مامۆستا دەخوێنێت. پاشان بە مەبەستی درێژە پێدانی خوێندن، گەلێک ناوچەی کوردستان بەتایبەتی سلێمانی و سابڵاخ دەگەڕێت و لەم سەفەرانەیدا، هەروەها سوود لە فەزڵی شێخ عەبدولقادری موهاجیر و مەلای پیرە باب وەردەگرێ. بەتایبەتی (حیکمەت) و (کەلام) لە خزمەتی شێخ عەبدولقادری موهاجیردا فێر دەبێت. دواجار ڕوو دەکاتە، بیارە و ماوەیەکی زۆر لە خزمەتی مەلا عەبدولقادری مودەڕیسی بیارەدا دەخوێنێ و لەلایەن ئەو بووە، ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە.

سالم دوای وەرگرتنی ئیجازەی فەتوا و تەدریس ئارەزوو بەلای سەیر و سلوک و دیتنی دنیای مەعنەوی پەیدا دەکات و لە بیارە لە خزمەت مورشیدی کامل و مامۆستای تەریقەت (حەزرەتی شێخ عومەر زیائەدین)دا دەبێتە مورید و بەتوانای ئاسایی خۆی و کۆششی مورشیدەکەی لەم زانستەدا بەباشی دەردەکەوێت. ئیجازەی ئیرشادکردن وەردەگرێ. پاشان دەگەڕێتەوە سنە و پاشماوەی تەمەنی بە گوتنەوەی زانستەکان و ئیرشادکردن دەباتە سەر، تا ساڵی ١٣٣٧ دوای ٦٣ ساڵ تەمەن کۆچی دوایی دەکات. سالمی سنە هەموو ژیانی بە وانەگوتنەوە بەسەر بردووە و لە ساڵی 1911 لە سنە کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتەکەی خۆیدا نێژراوه.

شێخ سەلیم ناوی "سالم"ی کردووە بەناسناو بۆ شیعری خۆی. لە نێوەندی وێژەییدا بەناوی "سالمی سنە" ناوبانگی دەرکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ "سالم"ی ساحێبقرانی سلێمانی تێکەڵی یەکتری نەبن. شیعری سالمی سنە دەچێتە ناو شیعری کلاسیکی کوردستانی باشوور، کردەوەی شاعیر شۆڕشێک بوو لەو ناوچەیەدا چونکە زمانی سەرەکی میرنشینی ئەردەڵان و زمانی نووسین و قسەکردنی ناو خەڵکی دیالێکتی گۆرانی بوو، لەبەر ئەوە شیعری تازەی لەم بابەتە دەوری گرنگی هەبوو لە بڵاوبوونەوەی بزووتنەوە وێژەیییەکەی سلێمانی. شاعیر بەگشتی وەک سۆفییێکی تەریقەت خۆی دەخاتە روو. وشە و زاراوەی سۆفیزم بەکاردێنێ، بەمە بەرهەمی لە شیعری پەروەردەیی نزیک دەبێتەوە دوور لە شیعری سۆفیزمی کۆزۆمسی.

بەرهەمەکانی سالمی سنە بەزۆری ناتەواون و لە لاپەڕەی جۆراوجۆر و پەرشوبڵاو دان. ئەوەی، کە ئێستە لەبەر دەستدایە، تەواو نووسراوەتەوە، ڕاڤەکە لەسەر مەنزوومە عەڕووزییەکەی شێخ مارفی نۆ دێی، سالم بە فارسی و عەرەبی و کوردی شێعری گوتووە، زۆربە شیعرەکانی لە پێداهەڵدان مورشیدەکانی حەزرەتی شێخ زیائەدین و شێخ نەجمەدینی کوڕیدایە، دیوانی سالم تا ئێستە کۆ نەکراوەتەوە و چامە و غەزەلەکانی بە چەند خەتێ لە کەناری کتێبە پەرشوبڵاوەکاندا بوونی هەیە.


بەشێک لە چوارینەکانی سالمی سنە:

دڵم سافە وەکوو لەعلی بوخارا
دڵت سەختە مانەندی بەردی خارا
دڵم شایستەی حەساری کەوسەرە
دڵت حەقیە هەڵواسن بەخارا


ڕیازەت کێشانی زاهید بۆ ڕیایە، بۆڕییا
بۆیە لە عەسری ئیماندا پشتی شکا و بۆڕییا
ئێمە ئەهلی حەق ئەبەد ڕیگەی تۆ ناگرینەبەر
چونکە ئەو ڕیگایە سەگی گەڕۆڵ هات و پیا ڕییا


ئەی مورشیدی کامیل، مەبەڕڕا لە هەموو عەیب
ئەی فاهیمی ئەسڕار وڕمووزی علوومی غەیب
یەک یەک تەییب کردووە مەرتەبەیی عیرفان
حەققەن گەیوی بە کنووزی حوققەتی لاڕەیب


ئەی مورشیدی کامیل بە هەموو مەعنای عیبارات
ئەی حوسنت کە دەیدا بە دڵەی تارم شەرارات
نەتپرسی لە حاڵی بەدی موریدت، کە من ئێستە
موحتاجم بە سەلامیکت ئەگەر چی بە ئیشارات



باری عیسیانم سەنگینە بە سەدقات
موقابیل تای تەرازوویی عیبادات
کەشتیم خاڵیی لە بەحری پڕ تەلاتوم
مەگەر بادی ڕەحمەتت بمدا نەجات


عەیش و نۆشی ئەم دنیایە، هیچە هیچ
تێبگە لێی فەریبایە، هیچە هیچ
پیت دەدا هەنگوین چەند حەز بکەی
بەس بزانە ژەهری تیایە، هیچە هیچ


بۆ شەمعی ڕووخسارت دەسووتێم، پەروانە دەستوور
گیانم بە فیدای گیانت دەکەم، مەردانە دەستوور
جانا دڵم نەیماوە ئەوەندە حەوسەڵەی هیجران
تەحدیدی بکە وادەی ویساڵ، پیرانە دەستوور


بەزمی دنیا وەهایە، دەمی سوورە، دەمێ شوور
وەسڵی حەبیبیش وایە، گاهێ نەزدێک، گەهێ دوور
ئەزدادەکان ڕەدیف کەین، (بینا) موقبیلی (کوور)
شین و سوور و تارونوور، ئاگا هەم حاڵی مەخموور


سەرچاوە/ دیوانی سالمی سنە، حەکیمی مەلا ساڵح، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، ژمارە (٢٨٠)، چاپخانەی حاجی هاشم، ٢٠١٤ هەولێر.



وشە - ژیڤان خۆرانی