بارزانی.. ئیرادەیەكی پۆڵایین بۆ وەدیهێنانی مافی گەل و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان

:: AM:08:42:09/01/2018 ‌
خەڵكی كوردستان ماڵئاوایییان لە ساڵی 2017 كرد، گرنگترین ڕووداوی كاریگەر لە مێژووی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لەو ساڵەدا، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان بوو بە دەنگی خۆیان. سەرۆك بارزانی وەك ڕێبەرێكی نەتەوەیی گەلی كوردستان، سەرەڕای فشارە زۆرەكان، توانی كۆسپەكان بەلاوە بنێ و ئەو ئامانجەی گەلی كوردستان بهێنێتە دی.  بارزانی لە 2017 پێشوازی لە زۆرترین شاندی بیانی و لەناو زۆرترین دیدار و كەرنەڤاڵی جەماوەری كوردستان بوو، بە عەقڵێكی پڕ لە ئەزموون و وزەیەكی زۆرەوە كەوتە جووڵە تا هەنگاوە گەورەكەی لە گەیاندنی دەنگی كوردستان بۆ سەربەخۆیی هەڵگرت. 
شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە كە سەرۆك بارزانی لە 2017 پەردەی لەسەر سیستەمی جیهانگیری لادا، بۆ هەمووانی ڕوون كردەوە كە وڵاتان باوەڕیان بە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، هاوكات وەك یەكێك لە كاریگەرترین كەسایەتیی ساڵەكە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی ستراتیجی ئیسلامی شاهانەی ئوردن هاتە هەڵبژاردن. 

خۆ تەرخانكردن بۆ خەونی میلەتێك
سەرۆك بارزانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بە بەردەوام، ڕۆژێك لەگەڵ پێشمەرگەكان بە جلێكی كوردانەوە لە سەنگەرەكانی پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان بووە و ڕۆژێكی تر لەگەڵ بەرپرسی وڵاتانی دنیا كاتەكانی بۆ پرسی كورد تەرخان دەكرد، تا دەنگی گەلی كوردستان و داوا ڕەواكانی بە دنیا بگەیەنێ.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی  "وشە"، بارزانی تەنیا لە ماوەی ساڵی 2017 زیاتر لە 140 دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دنیا ئەنجام داوە، لەوانە لەگەڵ سەرۆكی پێنج وڵات و سەرۆك وەزیرانی چوار وڵاتی تر و جێگری سەرۆكی چەند وڵاتێك دیداری هەبووە. جیا لەوە، لەگەڵ 23 وەزیری دەرەوە و بەرگری وڵاتانی زلهێزی دنیا كۆ بووەتەوە، لە تەك ئەمانەیشدا چاوی بە 40 باڵوێز و كونسوڵی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كەوتووە و پێشوازی لە 61 شاندی بیانیی جیاجیا كردووە، جگەلە دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ حزب و بەرپرس و كەسایەتی و چین و توێژەكانی ناوخۆی كوردستان.
بە گەڕانەوە بۆ وێستگە گرنگەكانی كار و چالاكییەكانی سەرۆك بارزانی لە ساڵی ڕابردوودا، چوار گەشتی گرنگی بۆ وڵاتانی دەرەوە كردووە، بە ئامانجی برەودانی زیاتر بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و گەیاندنی پەیام و ویستی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە سەرفرازی و ئازادی یەكجاریی. یەكەم گەشتی 2017ی بارزانی بۆ سویسرا و بەشداریكردنی بوو لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس كە لە  20ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەو ساڵەدا بەڕێوە چوو. بارزانی لە ڕۆژەكانی كۆڕبەندەكە جگەلەوەی پانێڵێكی هەبوو، لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆكی چەندان كۆمپانیای گەورەی دنیا كۆبووەوە.
دواتر لە 19 شوبات/فێبرایەری هەمان ساڵ، سەرۆك بارزانی سەردانی ئەڵمانیای كرد و بەشداری لە كۆنگرەی ئاسایشی جیهانی لە میونشن كرد، بە هەمانشێوە لەم گەشتەیدا لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای چەندان وڵاتی دنیا گفتوگۆی كردووە، پاشان لە  20ی ئایار/مایۆ   2017بارزانی سەردانی ئوردنی كرد و بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووریی دەریای مردوو كرد، لەوێش بەهەمانشێوە لەگەڵ شای ئوردن و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی بەشدار لە كۆڕبەندەكە، پێوەندییەكانی كوردستان و وڵاتانی تاوتوێ كردووە و هانی داون پشتیوانی ڕزگاریی كوردستان بكەن. 
دوا گەشتی فەرمی سەرۆك بارزانی لە 12 تەمووز/یۆلیۆی 2017 بوو بۆ بەلجیكا و لە برۆكسلی پایتەخت لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا، دیدارێكی كراوەی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاجیاكانی ناو پەرلەمانی ئەوروپا ساز كرد و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و مانەوە لەگەڵ عێراقێك كە باوەڕی بە پێكەوەژیان و هاوبەشایەتی نییە، بە وردی بۆ بەشدارانی دیدارەكە خستەڕوو.
جیا لەمانە، لە دووی كانوونی دووەم/یەنایەری  2017، سەرۆك بارزانی لە هەولێری پایتەختی كوردستان بۆ دووەمین جار پێشوازی لە فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی پێشووی فڕەنسا كرد و دواتر هەردوولا كۆبوونەوە و هۆلاند سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیشی كرد و دووپاتی لە پشتیوانی گەلی كوردستان كردەوە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەی كوردستانیشی زۆر بە گرنگ هەڵسەنگاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەكەدا.
هاوكات لە ڕێی تەلەفۆنەوە سەرۆك بارزانی لە ساڵی 2017 لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی باڵای چەندان وڵاتی زلهێزی دنیا گفتوگۆی كردووە و لە شەشی ئادار/مارسی 2017یش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نامەیەكی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و دووپاتی لەوە كردەوە، بەیەكەوە بەردەوام دەبن لە شەڕی تیرۆر و پشتیوانی خۆیشی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

ڕیفراندۆم.. هەنگاوە مەزنەكە
ڕۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی  2017، سەرۆك بارزانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان و سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت كۆ بووەوە و هەمووان یەكهەڵوێست بوون لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و هاوڕا بوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی  25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری هەمان ساڵ، ڕۆژی دوای ئەمە واتە لە هەشتی حوزەیران/یۆنیۆ، بارزانی فەرمانێكی هەرێمی بە ژمارە 106 دەركرد و ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كرد و داوای لێ كردن ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری  2017.
زۆرینەی ڕەهای حزبە سیاسییە نیشتمانپەروەرەكان، جیا لەو حزبانەی خۆیان لە بەرپرسیاریەتییە نیشتمانییەكە دەدزییەوە، بە هەموو تواناوە پشتیوانی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان كرد و كات وردە وردە لە وادەی ڕیفراندۆم نزیك بووەوە و بانگەشەكردن دەستی پێ كرد، وڵاتانی دنیا دەستیان بە فشارە زۆر و بەردەوامەكانیان كرد، بەڵام بارزانی و حزبە سیاسییەكان سووربوونی خۆیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دووپات كردەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆر بەرژەوەندیی كەسیی گەورە لەلایەن وڵاتانەوە خرایە بەردەم سەرۆك بارزانی، بەڵام ئەو لە وەڵامدا دووپاتی دەكردەوە كە ئەو لە تەمەنی لاوێتییەوە بۆ ئەو ڕۆژە چەكی كردووەتە شان و هەموو ئەو فشار و دەرفەتانەی دەخرێنە بەردەمی، ناتوانن لە ڕیفراندۆم پاشگەزی بكەنەوە.
بارزانی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ڕیفراندۆم، ڕۆژانە لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاكانی شارەكانی كوردستان بە كەركووك و دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی تریشەوە دیدار و گفتوگۆ هەبوو، لە ئاهەنگ و كەرنەڤاڵەكانی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی لە ڕیفراندۆم بەشداری دەكرد و بەوپەڕی ورەبەرزی و ئیرادەی پۆڵایینەوە هەنگاو بە هەنگاو خەونی 100 ساڵەی میلەتێكی گەیاندە جێی خۆی، لەوەی دەرفەتیان پێ بدرێ خۆیان بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن، لە كۆتادا ڕیفراندۆم ئەنجام درا و  92.3%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا.
شارەزایان و پسپۆڕانی بیانی بەر لە ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە، دووپاتیان لەوە دەكردەوە كە بارزانی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەگەر لەو كاتەیشدا گەلەكەی سەربەخۆ نەبێ، ئەوا هەنگاوێكی مەزنی بەرەو سەربەخۆبوونی كوردستان هەڵگرتووە، چونكە ئەنجامی ڕیفراندۆم هەرچییەكی لەگەڵ بكرێ و هەرچۆنێك خەڵكی كوردستان سزا بدرێ، ناتوانێ ئەنجامەكە بگۆڕێ و بگەڕێنرێتەوە كە ئیرادەی گەلێكی خەباتكارە بۆ ئازادی، بەڵكو ئەمە بۆ هەمیشە دەبێتە گرنگترین بەڵگەی مێژوویی بەدەست گەلی كوردستانەوە و هەركات بیانەوێ و دەرفەت لەبار بێ، دەتوانن سەربەخۆیی خۆیانی پێ ڕابگەیەنن.
ئەوان شارەزایانە دەیانووسی، ئەو خەڵكانەی لە ناوخۆی كوردستانیش كورتبینن و هەر بۆ ئێستە بیر دەكەنەوە و دوور و ستراتیجی لە پرسەكە ناڕوانن، ڕەنگە ناڕازی بن بەهۆی فشار و سزا و دۆخی قورسی ژیانیانەوە، بەڵام ئەگەر دووربینانە لە پرسەكە بڕوانن، ئەوا گەورەترین دەسكەوتی گەلی كوردستان لە 100 ساڵی ڕابردوو، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و رێژە بەرزەكەی دەنگی خەڵك بوو بۆ سەربەخۆیی، ئیتر ئەمە چەكێكە بە دەست خەڵكی كوردستانەوە ڕەنگە ئەمڕۆ دەرفەت لەبار نەبێ، بەڵام داهاتوو هەر كاتێك دەرفەت گونجا، سەربەخۆیی كوردستان تەنیا ڕێوڕەسم و ڕاگەیاندنێكی پێویست دەبێ.

ریفراندۆم مافی مرۆڤ و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانی خستە ژێر پرسیارەوە
بەردەوام لە دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ كەناڵە جیهانییەكان، سەرۆك بارزانی پرسیای ئەوەی دەورووژاند كە  بۆچی وڵاتانی ئازاد و دیموكرات دژی ڕیفراندۆمی كوردستان دەوەستنەوە و فشار بۆ ئەنجام نەدانی خواستی گەلێك دەكەن، ڕووی لەو وڵاتانە دەكرد و دەیگوت، ئایا مافی مرۆڤ و بڕگە و بنەماكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر قسە و مەرەكەبی سەر كاغەزن؟، یان ئەگەر بە كردەیی مافن و بۆ هەموو گەلێك دەستەبەر كراوە، بۆچی هەمووان مافیان هەبێ ڕیفراندۆم بكەن و یان دەوڵەتیان هەبێت و خۆیان چارەنووسی خۆیان بنووسنەوە، ئێمەی كورد نەبێ؟، دەبێ وڵاتانی دیموكرات خۆیان یەكلا بكەنەوە، ئایا باوەڕیان بە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە یان باوەڕییان پێی نییە؟، ئایا ئەو بڕگە و مافانە تەنیا دروشمن و هیچی تر، یان پەیماننامە و دۆكیۆمێنی باوەڕی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانە و دەبێ هەموو لایەك پێوەی پابەند بن.
بە فشارەكان و ڕێزنەگرتن لە ئەنجامی ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و دواتریش كەتەلۆنیا، دروشمەكانی مافی چارەی خۆنووسین و ئازادی و دیموكراتی و ڕێزگرتن لە بڕیاردانی گەلان كە لە ناو پەیماننامەكانی دنیادا بە فرەوانی ڕەنگی داوەتەوە و زۆر لە وڵاتانی دنیاش لە دەستووری خۆیاندا وەك بنەمای سەرەكیی جێگیریان كردووە، كەوتوونەتە ژێر پرسیاری جەوهەرییەوە. بە دیوێكی تردا بارزانی بۆ ئازادیخوازانی دنیای سەلماند ماف و پەیماننامەكان تەنیا دروشمن و سیستەمی جیهانگیری ئەوسا و ئێستەیش تەنیا بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی وڵاتان لێك دەدرێتەوە و ئەوان بە ڕووكەش باوەڕیان پێیەتی، لە بنەڕەتدا سیستەمی جیهانگیری شتێكی ترە و جیایە لەوەی لە پەیماننامەكان هاتووە و هەموو وڵاتان واژوویان كردووە.

دوای وازهێنان خۆری بارزانی درەوشاوەتر بووە
هەرچەندە سەرۆك بارزانی لە یەكی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر ڕەتی كردەوە ماوەی سەرۆكایەتیەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە و یاسای بۆ هەموار بكرێتەوە، بەڵام پێگە و سەنگی خۆی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە نەك هەر ئاوا نابێ، بەڵكو بەردەوام ڕوو لە درەوشانەوەیە، دوای ئەوەی بەغدا و میلیشیاكان لە ئەنجامی خیانەتە گەورەكەی  16ی ئۆكتۆبەری گرووپێكی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، وەهمی سەركەوتن گرتوونی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەرچەندە حكوومەتی هەرێم بە فەرمی ڕای گەیاندبوو ڕێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، بەڵام ئەو داوای دەكرد سەرۆك بارزانی خۆی ئەنجامی ڕیفراندۆم و پرۆسەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە بە بڕوای بەغدا هەرچەندە بارزانی لە پۆستەكەی نەما و بەجێی هێشت، بەڵام سەنگ و پێگەی ئەو لە گۆڕەپانەكە لەوپەڕی بەهێزیدایە  و لە دیدی نەیارانەی كوردەوە هەمیشە وەك رێبەرێكی نەتەوەیی سەیر دەكرێت و هیچ پۆستێك رایناگرێ، بەڵكو داگیركارانی كوردستان تەنانەت لە بوونی بارزانی هەمیشە لە دڵەڕاوكەی ئەوەدان، خواستی كوردستان وڵاتەكانیان شەق بكات.
سەرەڕای ئەوەیش، دوای ڕێگەنەدان بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی و خیانەتە گەورەكەی یەكێتی، بارزانی ڕۆژانە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە ورەی پێشمەرگەی بەرز دەكردەوە و هیچ كات ڕێی نەدا سوپا و میلیشیاكان بگەنە خەتی سەوزی سەردەمی بەعس، بەتایبەت لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و هەولێر، بارزانی وەك پێشمەرگە "هەمیشە شانازی پێوە دەكات"، بە قاتە كوردییەكەی لە خەبات بۆ داهاتووی گەشاوەتری گەلەكەی بەردەوامە و سوورە لەسەر بەهێزكردنی پێشمەرگە و مانەوە لە سەنگەرەكان بۆ بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان. 
بوونی بارزانی لەناو پێشمەرگە وەك فەرماندەیەك كە ئەزموونێكی گەورەی پڕ سەروەری و سەركەوتنی لە بواری دیپلۆماسی و سیاسیدا هەیە، ورە و وزەی لەبن نەهاتووی بە پێشمەرگە بەخشیوە، ئەمەیش هێندەی تر ترسی لای دوژمنانی گەلی كوردستان دروست كردووە، چونكە پێشتر بەهۆی دیدارە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی و ئەركەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم، بارزانی هەرچەند زۆربەی كات لەناو پێشمەرگەدا بووە، بەڵام دوای وازهێنان لە پۆستەكەی بەتەواوی خۆی تەرخان كردووە بۆ پێشمەرگایەتیی و بەردەوام لەناو ئەو قارەمانانەدایە كە داعشیان بە بەرچاوی دنیاوە شكاند.
سەرۆك بارزانی لە ڕێبازە نەتەوەیییەكەی سوورە و دوای ڕیفراندۆم و خیانەتە گەورەكەیش كە بەشێكی حزبێك بوونە كەواسووری بەر لەشكری دوژمن، چەندان جار دووپاتی لەوە كردەوە كە هیچ كات و هیچ كەس ناتوانێ دەنگی سێ ملیۆن كەس هەڵبوەشێنێتەوە و ڕیفراندۆم هەڵوەشاندنەوەی نییە. لەتەك ئەمەیشدا، بارزانی لەبارەی داهاتووی كوردستان لە دوای ڕیفراندۆم گوتی "ئەگەر خیانەتی بەشێكی ناو حزبێك نەبووایە، ئێستە دۆخی كوردستان زۆر لەوەی هەیە جیاوازتر و گرنگتر دەبوو".

پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردن
بە ڕوانین لەو ڕاستییانەی لە بەردەستدان و ڕەنگە لە كاتی گرژیی نێوان لایەنەكان و ململانێ سیاسییەكان ئەوەندە لێكدانەوەی بۆ نەكرابێ، بەڵام كاتێك بەناو هەڵوێست و بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی لە پرسی كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ورد دەبیتەوە، بە ئاسایی درك بەوە دەكرێ كە بارزانی هەمیشە لەگەڵ چارەسەر بووە و هیچ كات ویستی ئەوەی نەبووە كێشەكان بێ چارەسەر بمێننەوە.
بۆ شرۆڤەی ئەمە دەبێ دوورتر لە 2017 بڕۆین و بگەڕێینەوە بۆ ساڵی  2015، بەر لە  23ی حوزەیران/یۆنیۆی 2015  و كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك بارزانی بە فەرمی داوای هەڵبژاردنی لە كۆمیسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردنی كوردستان كرد، تا بۆ پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی هەڵبژاردن بن و كەسێكی تر بە دەنگی گەل بچێتە شوێنی ئەو، بەڵام ئەو حزبانەی پێشتر هەموو بابەتێكیان دەبەستەوە بە ڕەهەندی نیشتمانی و پێویستی سازانی نیشتمانی و كۆدەنگییان كردبوو بە دروشم، لەو بڕوایەی خۆیان لایان دا لەپێناو كەسبی جەماوەر كوردستانیان لەوكاتە سەختەدا كە شەڕی تیرۆری لە هەزار كیلۆمەتردا دەكرد، دووچاری تەنگژەی ناوخۆیی كردەوە. بەڵام بارزانی كە هەرگیز مەیلی سەرۆكایەتیی بەردەوامی نەبووە، تەنگژەكانی ناوخۆ رای نەگرت و بە پەلە پلانی شەڕی لە بەرگرییەوە بۆ هێرش گۆڕی و خۆی راستەوخۆ سەركردایەتیی هێزەكانی كرد، تا تێكشكاندنی تەواوەتی تیرۆرستان.
جیا لەوە، بەر لە كۆبوونەوەی  19ی ئاب/ئۆگستسی  2015ی پەرلەمان، حزبەكان بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمەریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان، هەموو كۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرێ، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان كە لە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، رێزی واژووی حزبەكەی نەگرت و كۆدەنگییەكەی تێكشكاند و كۆبوونەكەی دەست پێ كرد، بەڵام ڕێژەیی یاسایی پێ تەواو نەكرا، دواتر خەڵك بەكار هێنرا و هەوڵی گواستنەوەی پشێوییەكان بۆ ناو هەولێر درا.
دوای ئەو رووداوە، بارزانی هەمیشە دەسپێشخەر بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لە جەژنی ڕەمەزانی هەمان ساڵ و لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێی 2016 بە فەرمی بە هەموو حزبەكان و ڕای گشتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەو هیچ پێویستی بە پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە و سێ بژارەی خستە بەردەم لایەنەكان، یان ئەوەتا لەسەر كەسێك بۆ سەرۆكی هەرێم ڕێك بكەون تا هەڵبژاردن دەكرێت و پۆستەكە ڕادەستی ئەو كەسە دەكات، یاخۆ وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێ، بۆ ئەو مەبەستەش لە 12 تەمووز/یۆلیۆ كۆمیسیۆنی ڕاسپارد لە یەكی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام بدرێ، یان شەڕی داعش بوونی هەیە و با دۆخەكە وەك خۆی بەردەوام بێ تا هەڵبژاردن دەكرێ.
ئەمە لە كاتێكدا بوو بارزانی بە پێی ڕاڤەی دادگای باڵای كوردستان مافی مانەوەی لە پۆستەكەی هەبوو و نەدەبوو لەو كاتەدا كوردستان بێ سەرۆك بمێنێتەوە، بەڵام لە هەردوو باردا لایەنەكان بەدەم داواكەی سەرۆك بارزانی نەهاتن، بۆیە بارزانی بە دەسپێشخەرییە بەردەوامەكانی بۆ هەمووانی سەلماند ئەو شەیدای پۆست و پلە نییە و هەر پێشمەرگەیە و دەیەوێ بە پێشمەرگەییش بمێنێتەوە، تا دواجار پۆستەكەی جێهێشت و ئەو دروشم و گوتارانەی پووچەڵ كردەوە كە دەگوترا بارزانی لە سەرۆكایەتیی دوور ناكەوێتەوە و پێگەی خۆی جێگیر دەكات بۆ هەمیشە لەو پۆستەدا بێت.
سەرۆك بارزانی لە 28 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر نامەیەكی ئاراستەی پەرلەمان كرد و تێیدا رای گەیاند: لە یەكی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەرەوە بەردەوامبوونم لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم ڕەت دەكەمەوە و نابێ یاسای سەرۆكایەتیی هەموار بكرێتەوە و تەمەنی سەرۆكایەتیی هەرێم درێژ بكرێتەوە، پێویستە پەرلەمان بەزووترین كات كۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی بۆشایی سیاسی لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دروست نەبێت، ئەم بابەتە چارەسەر بكرێ، من وەك مەسعوود بارزانی وەك پێشمەرگە لەناو جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان و پێشمەرگە ئازیزەكان لە خەبات و تێكۆشان بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانی میلەتەكەمان، بەردەوام دەبم.

بارزانی و كەسایەتیی  2017
سەنتەری توێژینەوەی ستراتیجی ئیسلامی شاهانەی ئوردن، ساڵانە 500 كاریگەرترین كەسایەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی دیاری دەكات و لە دیاریكردنی 500 كەسایەتیی ئەمساڵ، لە ڕیزبەندی پاشای ئوردن و مەغریب و سعوودیە و شازادە محەمەد بن سەلمان و رەجەب تەیب ئەردۆغان و خامەنەیی و سیستانی و ڕابەڕە گەورەكانی تری جیهانی ئیسلامی، سەرۆك بارزانی وەك یەكێك لە كاریگەرترین كەسایەتییەكانی ساڵی 2017 دیاری كرد، لە ڕیزبەندی 500 كەسایەتییەكە، سەرۆك بارزانی ڕیزبەندی  46ەمین كەسایەتیی كاریگەریی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی پێ بەخشرا، لە ڕیزبەندی كەسایەتییە سیاسییەكانیش لە كۆی 28 سەرۆك ڕیزبەندی  21ەمین كاریگەرترین سەرۆكی پێ دراوە.
جیا لەمە، بارزانی لە چەندان ڕاپرسی ئەلیكترۆنی لە تۆڕی جەزیرە و پێگەی سۆمەریەنیوز و كەناڵی ڕووسیا تودەی میدیای فەرمی ڕووسیا، لەبارەی كاریگەرترین كەسایەتییەكان لە عێراق زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە و هەمووان بە سووربوونی سەرۆك بارزانی بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان سەرسامن و ئیرادەی بەهێزی سەرۆك بارزانی بۆ پشتیوانی گەلەكەی بە گرنگ و گەورە هەژمار دەكەن.
پێشتریش لە  2014دا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گۆڤاری تایمی ئەمەریكی، وەك یەكێك لە  100 كاریگەرترین كەسایەتییەكانی ساڵ لەسەر ئاستی دنیا هاتە هەڵبژاردن و گۆڤاری تایم بابەتێكی وردی لەسەر خەبات و ژیان و بەرخودانییەكانی بارزانی بۆ خزمەتی گەلەكەی و سەرفرازی نیشتمانەكەی بەرز نرخاند.


وشە - باز ئه‌حمه‌د