ئەمەریكا 150 ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیریی عێراق تەرخان دەكات

:: AM:10:38:09/01/2018 ‌

دۆگڵاس سیلێمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند، وڵاتەكەی 75 ملیۆن دۆلاری تر بۆ سەقامگیریی عێراق تەرخان دەكات، بەمەش كۆی هاوكارییەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2018 بۆ سەقامگیری باری تەناهی دەگاتە 150 ملیۆن دۆلار.

لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ سێشەم نۆی كانوونی دووەم، باڵوێزخانەی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە و كۆپییەكی  دەست "وشە" كەوتووە، رای دەگەیەنێ كە حكوومەتی ئەمەریكا بڕی 75 ملیۆن دۆلاری تر لە ساڵی 2018 وەك هاوكاری بۆ سەقامگیركردنی باری تەناهی پێشكەش بە عێراق دەكات.

باڵوێزخانەی ئەمەریكا روونی دەكاتەوە بەمە كۆی هاوكارییەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2018 دەگاتە 150 ملیۆن دۆلار. زیاتر گوتی "لە ساڵی 2015 تا ئێستە هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ سەقامگیركردنی باری تەناهی بڕی 265 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار هاوكاری پێشكەش بە عێراق كردووە". 

ئاماژەی بەوە دا پابەندی ئەمەریكا بەرانبەر گەلانی عێراق بە كۆتاهاتن و سەركەوتن بەسەر داعش كۆتای نایەت، چونكە خەڵكی ناوچە ئازادكراوەكان رووبەڕووی ئاڵنگارییەكی زۆر گەورە دەبنەوە تا دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی پێشتری خۆیان. گوتی "ئەو بڕە هاوكارییە، یارمەتیدەر دەبێت لە دووبارە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو و كارەبا تا خێزانەكان بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان".

سیلێمان روونی كردەوە كە هاوكارییەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان خەرج دەكرێت لە رێی ئاژانسی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی ئەمەریكی (USAID).


وشە - فه‌رمان سادق