رۆژنامەی "میرەر"ی بەڕیتانیایی وێنەی پیاوێكی چینیی تەمەن 71 ساڵی بڵاو كردووەتەوە كە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێكی وڵاتەكەی كە تەمەنی 114 ساڵە كردووە.
بە گوێرەی هەواڵەكە، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان لە شاری كاشگەر شینگیانگی وڵاتی چین بەڕێوە چووە.
هاوكات لە هەواڵەكەدا هاتووە، ئەو پیاوە ماوەیەكی زۆر هەوڵی داوە بۆ ئەوەی بووكەكە رازی بكات، چونكە لە سەرەتاوە ئەو داوایەی رەت كردووەتەوە، بەڵام چونكە زاوا كۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە، بۆیە دواجار توانیویەتی مرازەكەی خۆی حاسڵ بكات.
ئەو پیاوە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە بە هۆی رووداوێكی هاتوچۆی شەمەندەفەرەوە توانای رۆیشتنی لە دەست داوە، هەر بۆیە بە درێژایی ئەو ماوەیە پێویستی بە چاودێریی كۆمەڵایەتی هەبووە و بەم دواییانەش ناچار بووە لە خانەی بەساڵاچووان بمێنێتەوە، بەڵام پێی وایە دوای هاوسەرگیرییەكەیان ئیتر پێویستی بەوە نامێنێت، چونكە هاوسەرەكەی سۆز و خۆشەویستیی پێ دەدات.
وشە/ سپوتنیك. و: ئەهمەد كەیفی