مەترسیدارترین داعشە فڕەنسییەكە هاتە گرتن

:: AM:11:38:09/01/2018 ‌


هێزەكانی سووریای دیموكرات ئیمیلی كوینگ ناوداترین ژنی شەڕكەری فڕەنسی لە ریزەكانی داعش دەگرن كە لێپرسراوی سەرەكی بووە لە خستنەڕیزی ژیان و پیاوانی فڕەنسی بۆ ناو داعش.

ئیمیلی كوینگ لە ژنە هەرە پێشەنگە فڕەنسییەكان بوو كە فڕەنسای جێ هێشت و پێوەندی بە داعش لە سووریا كردووە و پەروەردە كردنی منداڵەكەی خستە ئەستۆی دایكی لە فڕەنسا و مێردەكەشی جێ هێشت، لە ماوەی پێوەندیكردنیشی بە داعش تا ئێستە سێ منداڵی بووە.

دایكی ئیمیلی گرتنی كچەكەی پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ، پێوەندی پێوە كردووم و ئێستە لە یەكێك لە سەربازگەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات هاتووەتە گرتن. 

زیاتر گوتی "ئیمیلی لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و لێی دراوە، بۆیە داوا لە حكوومەتی فڕەنسا دەكەم دەستوەردان بكات و بیگەڕێنێتەوە بۆ فڕەنسا".

لای خۆشیەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات رەتی دەكەنەوە لە ئیمیلی درابێت و رای دەگەیەنێ ئەو لەگەڵ سێ منداڵەكانی لە سەربازگەی هول لە رۆژئاوای سووریا دەستبەسەرە.
ئاماژە بەوە دەدەن كە لە هەشتی ئەم مانگە تەنیا بۆ ماوەی دوو كاتژمێر، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئیمیلی لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دراوە و هیچ ئازارێكیشی نەدراوە.

بەرپرسێكی باڵای فڕەنسی كە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كار دەكات، دەڵێ ئیمیلی ساڵی 2015 بە یەكێك لە ئەندامە هەرە گرنگ و چالاكە جیهادییەكانی داعش دانراوە كە رۆڵێكی باڵای هەبووە لە خستنەڕیزی ژنان و پیاوانی فڕەنسی بۆ چوونە ناو داعش لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

دەستگیركردنی ئیمیلی لە كاتێكدایە پێشتر بەرپرسانی فڕەنسا رایان گەیاندبوو كە حكوومەتی فڕەنسا بە وردی چاودێری دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەكات و دەخوازێت دادگایەكی دادوەرانە هەبێت و هەموو ئەو فڕەنسیانەی لە ریزی داعش بوون لە سووریا، ئێستە دەستگیر كراون لەو دادگایەدا دادگایی بكرێن. هۆشیداریشیدا لە نەبوونی دادگایەكی دادگەرانە ئەوا فڕەنسا هەموو دەستگیر كراوەكان دەگوازێتەوە وڵاتەكەی و لەوێ دادگاییان دەكات.

ئیمیلی.. لە مادەی هۆشبەرەوە بۆ جیهاد لە ریزی داعش
 ئیمیلی تەمەن (33ساڵ) بچووكترین كچی ئەفسەرێكی فڕەنسییە كە چووەتە ریزی داعش و بووە بە مسوڵمان، هاوسەری یەكەمی كەسێكی بە رەچەڵەك جەزائیری بووە و بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر گیراوە.

ئیمیلی كە ناوی خۆی بۆ (سەمرا) گۆڕیوە، لە تەمەنی 17 ساڵی نیقابی پۆشیوە و كەمێكیش فێری زمانی عەرەبی بووە، كاتێك لە فڕەنسا ئاشنای كۆمەڵێكی ئیسلامی توندڕۆ بووە بە ناوی (فرسان العز)، ئەمەش بوو وای كرد پۆلیسی فڕەنسی ساڵی 2010 بیخەنە ژێر چاودێری بە تایبەت كە چووە ریزی خۆپیشاندەران دژی قەدەغەكردنی بڕیاری نیقاب كە حكوومەتی فڕەنسی دەریكردبوو.

 ئیمیلی ساڵی 2010 لە نزیك مزگەوتێك لە شاری لۆریان بینراوە كاتێك بڵاوكراوەی هاندان بۆ جیهادی بڵاو دەكردەوە، هاوكات سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ئیسلامییەكانیشی كردووە لە شاری پاریسی پایتەختی فڕەنسا.

كاتێك ساڵی 2012 حكوومەتی فڕەنسا گرتی و دادگا داوای لێ كرد كە نیقابەكەی فڕێ بدات، ئیمیلی رەتی كردەوە و لەگەڵ دادوەر مشتومڕی كردووە.

دواتر كاتێك حكوومەتی فڕەنسا چالاكییەكانی (فرسان العز)ی قەدەغە كرد، ئیمیلی چەندان پێگە و ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی دامەزراند و داوای جیهادی لە خەڵك دەكرد.

دوای ئەو رووداوانە، پۆلیسی فڕەنسا زۆر بە وردی چاودێرییان دەكرد بە تایبەت ئەوكاتەی توانی چەند كەسێك بخاتە ریزی داعش لە شاری نیم باشووری فڕەنسا، پاشان ئیمیلی سەردانی سووریای كرد، بەڵام داعش رێی نەدا بەشداری شەڕەكان بكات و خستیە ناو بەرنامەی پڕوپاگەندە و كاری سەرەكیی هاندانی جیهادییەكانی ناو داعش بوو.

دوای جێهَشتنی فڕەنسا، حكوومەتی فڕەنسا دەستی بەسەر ماڵ و سامانی ئیمیلی گرت، ساڵی 2014ش نەتەوە یەكگرتووەكان ناوی ئیمیلی خستە لیستی چالاكترین تیرۆریستەكانی دنیا.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ ئیمیلی دوای ئەوەی ساڵی 2012 فڕەنسای جێ هێشت، ساڵی 2013 گەڕایەوە و هەمان ساڵیش جارێكی تر فڕەنسای بەجێ هێشت و بەرەو سووریا رۆیشت.

ئیمیلی لە سووریاوە هەمیشە پەیوەندی بە كەسوكارە نزیكەكانی دەكرد و هانی دەدان بۆ ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە و تیرۆریستی دژ بە كۆمەڵێك ئامانجی دەستنیشان كراو لە وانە دامەزراوە فڕەنسییەكان و كوشتنی ژنی ئەفسەرانی پلە باڵای ناو سوپای فڕەنسا.

جێی باسە زۆرترین فڕەنسی لە ئەوروپا چوونەتە ریزی داعش، لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی فڕەنسا گەڕانەوەی زیاتر لە 200 هاوڵاتی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد كە پێشتر لە ریزی داعش بوون.

سەرچاوە/ بی بی سی






وشە - فه‌رمان سادق