لەسەر رێككەوتنە ئەتۆمییەكە ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریكا

:: PM:02:00:09/01/2018 ‌

كۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداری دەداتە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی كە بە هاوكارییەكانی لەگەڵیدا دەچێتەوە ئەگەر ئەمەریكا پابەندی رێككەوتنی وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران نەبێت. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكا كە ئەگەری درێژ كردنەوەی لێدەكرێت.

هۆشدارییەكەی ئێران لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ لە دوا لێدوانی لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران، رەتی كردەوە ددان بەوەدا بنێن ئێران بە پابەند رێككەوتنەكە پابەند بووە، رای گەیاند ئەو پرسە دەخەنە بەردەم كۆنگرێسی ئەمەریكا بۆ دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكانی. ئەو لێدوانەی ترەمپ كە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو رای گەیاندبوو، هاوكاتە لەگەڵ كۆتاهاتنی ئەو ماوەیەی ئەمەریكا دەستنیشانی كردبوو بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران كە هەفتەی داهاتوو كۆتای دێت.

لای خۆیەوە عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەكاری بۆ كشانەوەی چاوەڕوانكراوی ئەمەریكا بكەن لە رێككەوتنەكە كە ماوەی ساڵێكە سەرۆكی ئەمەریكا قسەی لەبارەوە دەكات.

زیاتر گوتی "ئێران ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرێك كردووە، لەمەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیانمەندی گەورە دەبێت".

هاوكات بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هۆشداری لە كشانەوەی واشنتن دا لە رێككەوتنەكە و رای گەیاند، وەڵامێكی بەهێزمان بۆیان دەبێت. قاسمی ئەوەشی خستەڕوو لەمەدا ئیدارەی كۆشكی سپی پەشیمان دەبنەوە.

هەروەها عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی ئاژانسی وزەی ناوەكی ئێرانی رای گەیاند، وڵاتەكەی كۆمەڵێك بڕیار دەردەكات رەنگە ئەمە كاریگەری بەسەر هاوكارییەكانمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی بهێنێت ئەگەر ئەمەریكا پابەندی تەواوی رێككەوتنەكە نەبێت.
 
پرسی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی پێنج وڵاتەكەی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران، لەلایەن ئەمەریكا لە كاتێكدایە وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لە هەڵوەشاندنەوەكە و كۆتای ئەم هەفتەیەش وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فڕەنسا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری ئەنجام دەدەن، كە هاوشانی دۆسیەی خۆپیشاندانەكان، ئەوا دۆسیەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش بەشێك دەبێت لە گفتوگۆكانیان.

سەرچاوە/ حەیات


وشە - فه‌رمان سادق