هێڤین بەهۆی پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەی سزا دەدرێت

:: PM:02:08:09/01/2018 ‌
ژیانی كچێك بەهۆی ئەوەی پێوەندی لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دادەنێت، ئێستە لە مەترسیدایە و خۆشەویستەكەیشی بەهۆی هەڕەشەكانی ماڵی باوكی ئەو كچە كوردستانی جێ هێشتووە، هێڤین چیرۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات.

هیڤین، دوای ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەیدا پێوەندی سۆزداری دروست دەكات، لە ماڵەوە پێوەندییەكەیان ئاشكرا دەبێت و لەلایەن باوك و براكەیەوە ئەشكەنجە دەدرێت و لە ماڵەوە بەند دەكرێت، ئەو پیاوەشی كە پێوەندی هەبووە لەگەڵی و بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، هەڕەشە كوشتنی لێ دەكەن و كوردستان جێ دەهێڵێت. ماڵی باوكی هێڤین دەیانەوێ بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێكیاندا پێ بكەن و ئەویش كچێنی خۆی پێشكەشی خۆشەویستەكەی كردووە.

كێشەی ئەو كچە لەوكاتە دەستی پێ كرد كە ماڵی باوكی بە پێوەندییەكەیان زانیوە، هێڤین باسی كێشەكەی خۆی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، دوو ساڵ دوای دەرچوونم لە زانكۆ و چاوەڕوانی كار لەڕێی "نازێ" ی هاوڕێمەوە كە خۆشەویستی براكەم بوو، كارم دۆزییەوە لە بەشی ژمێریاری كۆمپانیایەك، چونكە زۆر ئارەزووی كاركردنم هەبوو، زۆر سەركەوتوو بووم لە كارەكەم، ئەو سەركەوتنەشم بووە جێی سەرنجی بەڕێوەبەرەكەم، وردە وردە كارەكانم باشتر دەبوو تا گەیشتە ئەوەی زۆربەی زۆری كاری ژمێریاری و كڕین و فرۆشتن و ڕێككەوتنە گەورەكان من سەرپەرشتیم دەكرد، ئەوش وای كرد لە "شەماڵ" كە بەڕێوەبەرەكەیە زیاتر نزیك بم و كارەكانمان زۆری بەیەكەوە دەكرد و زۆربەی دەرچوونەكانمان بەیەكەوە بوو.

لە باسكردنی پێوەندی لەگەڵ شەماڵ لە بەڕێوەبەرەوە بۆ خۆشەویستی گوتی، لە زۆربەی دەرچوونەكانمان بەیەكەوە بووین لەناو كۆمپانیاش زیاتر من كارەكانی ئەوم دەكرد، كەسایەتیمان زۆر لەیەكەوە نزیك بوو، یەكەم جاربوو لە ژیانم كەسێك ببینم هەندەی ئەو لێم تێبگات و لێی تێبگەم. شەماڵ خێزاندار بوو خاوەنی دوو منداڵ بوو، لە خێزانەكەی جیا بووبووە و لە دەرەوە دەژیان، كاتێك هەستی خۆشەویستی لە نێوانمان دروست بوو، هەموو خاڵێكمان لەبەرچاو گرت.

نازێ ساڵێك پێش هێڤین لەو كۆمپانیایە دەستی بەكار كردووە و هەر لە بەشەكەی خۆیدا ماوەتەوە، كاتێك هێڤین دەبینێت لەماوەی چەند مانگێكدا كار و مووچەكەشی زیاتر دەبێت، ئیرەیی دەبات و بەردەوام كێشەی بۆ دروست دەكات. هێڤین باسی پێوەندی خۆیی و شەماڵی بۆ ناكات لە ترسی ئەوی بە براكەی نەڵێت، بەڵام ئەو هەست دەكات و بەردەوام بە دواداچوونی بۆ دەكات، تا ئەو كاتەی ئاشكرایان دەكات.

هێڤین ئاشكرای دەكات لە ماوەیەكی كەم لە پێوەندی خۆشەویستی زۆر لە یەكتر نزیك دەبنەوە و هەموو شتێكی خۆی پێشكەش بە شەماڵ دەكات، ئەو نایشارێتەوە كە بە ویستی خۆی هەموو شتێكی كردووە و زۆریش دڵنیا بووە و ئێستەش لەوە دڵنیایە كە شەماڵ زۆر بەڕاستی خۆشی دەوێت و دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات. ئەو دەڵێت، مرۆڤ جارێك لە ژیانیدا ئەو كەسە دەدۆزێتەوە كە بەدڵ و رۆح دەیەوێت، بۆیە ئەو جارە ئەگەر بە مردنی خۆیشی كۆتابێت، بە هەموو ژیانێكی بەتاڵ لەو هەستە نایەتە گۆڕین.

نازێ دوای بەدواداچوون لە پێوەندی ئەو دووانە، بۆی دەردەكەوێت كە پێوەندییەكی نهێنییان هەیە، بۆیە بە شێوازێكی زۆر خراپ وەك هێڤین باسی دەكات بە براكەی گوتووە كە گوایە لەناو كۆمپانیا بەخراپ باسی خوشكەكەی دەكرێت و ئابڕووی بردوون و لە ژووری بەڕێوەبەر نایەتە دەرەوە، هەموو كات خەریكی زۆر هەڵسوكەوتی نەشیاون لە بەرچاوی كارمەندەكان.

 ئەو قسانەی نازێ وەك فیشەكێكی ژەهراوی دەچنە خوێنی براكەی و بەخێزانەكەیاندا بڵاو دەبێتەوە، هەر ئەو ڕۆژە هێڤین بە لێدان تا لێواری مەرگ دەبرێت و لە ماڵ بەند دەكرێت، هەڕەشەی كوشتنیش لە شەماڵ دەكرێت.

هەرچەندە دوای ئەو ڕووداوە شەماڵ ڕاستەوخۆ دەچێتە داوای و بابەتەكەیان بۆ ڕوون دەكاتەوە، بەڵام ماڵی باوكی هێڤین دەری دەكەن و هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكەن ئەگەر بێتەوە داوای كچەكەیان. شەماڵ ئێستە لە دەرەوەی وڵاتە و هێڤین لە ژێر هەڕەشەی ماڵەوەیاندایە، زۆری لێ دەكرێت تا هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێكی خۆیدا بكات.

هێڤین لەدوا قسەیدا گوتی، ئەگەر بشمكوژن هاوسەرگیری ناكەم، ئەگەر تا كۆتا هەناسەم چاوەڕوانی شەمال بكەم. ئەو دووپاتی دەكاتەوە كە نە خۆی و نە خۆشەویستەكەی، هیچ تاوانبار نین، بەڵكو ماڵی باوكی ژیانی كچەكەی خۆیان تێك داوە.

وشە/ ئیڤان عەبدوڕەحمان






وشە - سه‌رخێڵ هاشم