ئۆپرا كێبەركێی ترەمپ دەكات

:: PM:03:31:09/01/2018 ‌

ئۆپرا وینفری پێشكەشكاری بەناوبانگی ئەمەریكی دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنەكانی 2020 كاندید بكات.

ئۆپرا دوای وەگرتنی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب كە دەبێتە یەكەم رەشپێست ئەو خەڵاتە وەربگرێت، لە گوتەكەیدا گومانی لەسەر هەوڵەكانی بۆ خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئەمەریكا هەڵماڵی و ئاماژەی بەوە دا، بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت كە رۆژێكی نوێ دێت و رووی لە ئاسۆیە، ئەم دەستەواژەیەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا لێك درایەوە كە ئۆپرا مەبەستی ئەوە بووبێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنەكانی 2020 كاندید بكات.

ئۆپرا بە ورووژاندنی پرسی گێچەڵی سێكسی دژ بە ژنان بەرنامەكانی ناوبانگی دەركرد و بووە هۆی بردنەوەی خەڵاتی سیسیل بی دیمیل لە گۆڵدن گڵۆپ.

لای خۆیەوە گوتەبێژی كۆشكی سپی ئێوارەی دوێنێ دووشەم رای گەیاند، ترەمپ خۆشحاڵە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئۆپرا خۆی كاندید بكات.

 ئاژانسی سێ ئێن ئێن-ی هەواڵی لە دوو لە كەسە نزیكەكانی ئۆپرای تەمەن 63 ساڵ گواستیەوە كە ئۆپرا بە رژدی بیر لە خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا دەكاتەوە لەسەر پشكی دیموكراتەكان.

هاوكات ماڵپەڕی بلومبێرگ لە مانگی ئاداری رابردوو لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئۆپرا بیر لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ دەكاتەوە كە پێشتر ئەستێرەیەكی تەلەڤزیۆنی بووە، ئەمەش هانی دەدات خۆی كاندید بكات و ترسیشی لە كەمی شارەزایی كاری حكوومەت نەماوە كە پێشتر وەك بەربەستێك لێی دەڕوانی بۆ چوونە ناو دنیای سیاسەت.

 جێی باسە ئۆپرا وینفری یەكێكە لە پێشكەشكارە هەرە بە ناوبانگەكانی ئەمەریكا و یەكێكیشە لە ملیۆنێرە دیارەكان، ئەمەش بەهۆی دەستكەوتی بەرنامەكانی و هەندێك لە پڕۆژەی تر كە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامی دابوون.

سەرچاوە/ جەزیرە


وشە - فه‌رمان سادق