له‌ مه‌كسیك و هندۆراس تسۆنامی ڕوو ده‌دا

:: AM:08:48:10/01/2018 ‌
ناوەندی هۆشداركردنەوە لە هاتنی شەپۆلەكانی زەریای هادی ئاشكرای كرد، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر باكوری هندۆراسی لە ناوچەی دەریای كاریبی هەژاندووە، هۆشداری توندیش بە هەمووان دەدەین، مەترسی درێژبوونەوە و بەرزبوونەوەی شەپۆلەكانی ئاوی زەریا هەیە بۆ ناوچەكە و دروستبوونی كارەساتی تسۆنامی.

پەیمانگەی ئەمەریكی بۆ پێوانەكردنی بوومەلەرزەكان بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەكە زیانێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتووەتەوە و  سەعات 2:51 خولەك بە كاتی بەرەبەیان ڕووی داوە و گوڕەكەی 7.6 پلە بە پێوەری ڕێختەر و قووڵایییەكەیشی 10 كیلۆمەتر بووە.

لەلایەكی ترەوە ناوەندی ئەمەریكا بۆ هۆشداری لەبارەی مەترسی ڕوودانی تسۆنامی ئاشكرای كرد، داتا و زانیارییەكانی بوومەلەرزەكە ئاماژە بەوە دەكەن، كە مەترسی هەیە بوومەلەرزەكە كاریگەری لەسەر زەریاش دروست كردبێ، ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی زەریا بە ڕێژەیەكی زۆر، چونكە بوومەلەرزەكە بە درێژاییی هەزار كیلۆمەتر لە ناو زەریا كاریگەری هەبووە.

ئاماژەی داوە، ئەو هۆشدارییە بۆ خۆئامادەكردنە لە ئەگەری ڕوودانی تسۆنامی لە ناوچەكە، بە تایبەت لە وڵاتانی كوبا و مەكسیك و هندۆراس، ئەوەی زیاتریش لە مەترسیداین، دوورگەكان و مەترسی زۆر گەورەیان لەسەرە و دوای دوورگەكان ئینجا مەترسی بۆ سەر ئەو سێ وڵاتە دروست دەبێ.

سەرچاوە/سكای نیوز.
باز
https://www.skynewsarabia.com/web/article/1011538/%D8%B2%D9%84%D8%B2%D8%A7%D9%84-%D9%82%D9%88%D9%8A-%D9%88%D8%AA%D8%AD%D8%B0%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B3%D9%88%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%A8%D9%8A


وشە - باز ئه‌حمه‌د