چی لە بارەی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا دەزانیت؟

:: PM:12:50:10/01/2018 ‌

لە كۆی 195 وڵات تەنیا 25 وڵات لە دنیادا سیستەمی پادشایەتی تێیدا ماوەتەوە و پێڕەوی لێدەكرێت، دیارترین و ناسراوترینیان سیستەمی پادشایەتی بەریتانیایە كە لە دەسەڵات ماونەتەوە و لای بەریتانیایییەكان جێی رێز و ستایشن.

ئیلی كوسورن نووسەری بەریتانی لە گوتارێكیدا كە پێگەی هیستوری ئێكسترای سەر بە ماڵپەڕ بی بی سی ئینگلیزی بڵاوی كردووەتەوە، تێیدا پەنجە دەخاتە سەر نهێنی مانەوەی ماڵباتی پادشایەتی لە بەریتانیا دەكات، ئەگەرچی رژێمی حوكم لەو وڵاتە لە پادشایەتییەوە بۆ دەستووری دیموكراتی گۆڕا، بەڵام هێشتا گەلی بەریتانیا پێوەستن بە بنەما و ئادابی پادشایەتی كە لە بەریتانیا مێژوویەكی لە مێژینەی هەیە. شاژنی ئێستەی بەریتانیا وەك هەر هاووڵاتییەكی تری وڵاتەكەی باج دەدات و لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەریش تویت دەكات.

لەگەڵ هەموو ئەو تویتانەی بەریتانییەكان بڵاوی دەكەنەوە، بەڵام هێشتا هەندێ بنەما و نەریت هەیە لێی لا نادەن و لەسەر بنەماڵەی پادشایەتی نانووسن، تەنانەت وەك یاسایەكی لێ هاتووە ئەگەرچی پێگەی فەرمی پادشایەتی رەتی دەكاتەوە هیچ بنەمایەكی فەرمی هەبێت، بەڵام خەڵكەكە وا راهێنراون كە رێز لە بنەماڵەی پادشایەتی دەگرن و بە چێژ لێوەرگرتنەوە ناوی شاژن بە (خاوەن شكۆ) دەهێنن، یان بە تاكەكانی ماڵباتی پادشایەتی دەڵێن (بەڕێزتان..) یان تەنانەت زۆر بە رێزەوە سڵاویان لێدەكەن.

زۆرجار روویداوە میدیای بەریتانیا رەخنەی توندیان لە كەسایەتییە بەناوبانگەكانی ئەمەریكا گرتووە بەهۆی بەزاندنی بنەماكانی ئەتەكێتی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ شاژن و تاكەكانی ماڵباتی شاژن. میشێل ئۆباما خێزانی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا، ساڵی 2009 باوەشی بە ئەلیزابێز شاژنی بەریتانیا كرد، بەهۆیەوە دووچاری رەخنەی توند بووە لەلایەن میدیای بەریتانیا بەوەی پابەندی ئەتەكێتی پادشایەتی بەریتانی نەبووە كە نابێت دەست لە جەستەی شاژن یان نەوەكانی بدرێت چ جای ئەوەی لە باوەشی بگرێت، كە بەگوێرەی پڕۆتۆكۆڵی پادشایەتی بێت، پیاوان وەك رێزلێنان لە شاژن دەبێت كڵاوەكانیان بهێننە خوارەوە و ژنانیش لەسەر قاچەكانیان كەمێك داچەمنەوە، لەوە زیاتر هەر جووڵەیەكی تر دەرچوونە لە پڕۆتۆكۆڵ.

میدیای بەریتانی بە بەردەوام رەخنە لە ئەمەریكییەكان دەگرێت كە رێز لە پڕۆتۆكۆڵی پادشایەتی بەریتانیا ناگرن، ئەمجارەیان لیبرۆن جیمس یاریزانی بەناوبانگی باسكەی ئەمەریكی رەخنەی لێگیرا بەهۆی ئەوەی دەستی لەسەر شانی كیت میدلتون شازادەی كەمبردیج دانا بوو بە مەبەستی وێنەگرتن دوای بردنەوەی تیپەكەیان لە یەكێك لە یارییەكاندا.

ویلیام هنسون شارەزا و پسپۆڕی ئەتەكێتی بەریتانی دەڵێ ئەمەریكییەكان هەمیشە ئارەزوو دەكەن دەست لە دەست بدەن، یان دەست لە جەستە بدەن كە ئەمە پێچەوانەی رۆشنبیریی بەریتانییەكانە كە خۆیان لەمەدا بە دوور دەگرن بەتایبەت لەگەڵ ماڵباتی پادشایەتی. گوتی "پێویستە ئەمەریكییەكان فێری چۆنیەتیی مامەڵەكردن ببن لەگەڵ شاژن و ماڵباتی پادشایەتی".

هاوكات كیت ویلیامز مێژوونووسی بەریتانی دەڵێ، ئەو خووە لە سەدەكانی ناوەڕاستەوە بۆ بەریتانییەكان ماوەتەوە كە ئەوكات بۆچوونێك هەبووە كە پادشاكان پیرۆزن و ئەوان لەلایەن خوداوە دەستنیشان كراون بۆ حوكمكردنی ئەو وڵاتە، بۆیە نابێت دەستیان لێ بدرێت، ئیتر ئەو خوە بووە بە بەشێك لە كولتوور و داونەریتی بەریتانییەكان تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت.

نابێت سێلفی لەگەڵ شاژن بگریت یان داوای واژووی لێ بكەیت
ئەگەرچی بەپێی پڕۆتۆكۆڵی پادشایەتی بەریتانی بێت، شاژن و ماڵباتی شاهانە نابێت واژوو بۆ خەڵك بكەن یان وێنەیان لەگەڵ بگرن، بەڵام ئەم پڕۆتۆكۆڵەش زۆر كەس رەچاوی ناكات بەتایبەت كە ئێستە هەموو كەسێك مۆبایلی زیرەكی لایە و هەوڵدەدات وێنەیەكی سێلفی بگرێت.

چەندانجار شازادەی وێڵز رەتی كردووەتەوە واژوو بۆ هەوادارانی بكات، بەڵام دواجار لە هیندستان واژووی لەسەر تۆماری سەردانكارانی كرد.

پرسی واژوو نەكردن لای ماڵباتی پادشایەتی ترسە لە ساختەكردنی واژووەكە و بەكارهێنانی لە كاری تاوانكاری، هەروەها سێلفیش ناگرن، بەڵام شاژن ئەلیزابێز لە سەردانی بۆ ئێرلەندای باكور دووچاری حاڵەتێكی سێلفی گرتن بووەوە كاتێك مناڵێك داوای لێ كرد، ئەویش زۆر بەنادڵی داواكەی قبووڵ كرد.

 ماسیۆ برازون باڵوێزی ئەمەریكا لە بەریتانیا دەڵێ شاژن ئەلیزابێز حەز ناكات كەس وێنەی سێلفی لە تەكدا بگرێت. لە یەكێك لە سەردانەكانیان بۆ كەندا، شازادە ویلیام و شازادە كیت بۆ كەنەدا، بە فەرمی حكوومەتی كەنەدی لە میدیاكانیدا ئەتەكێتی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ماڵباتی شاهانەی بەریتانی بڵاوكردەوە تا خەڵك بزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.

لە بڵاوكراوەكەدا هاتبوو، نەگونجاوە باوەش بە شازادە یان خاتوونە شازادە بكەیت، یان وێنەی سێلفییان لە تەكدا بگرێت.

میراتی ئەتەكێت.. تا پادشاكان هەر بە پادشا بمێننەوە
زۆرینەی ئەو بنەما و رێسایانەی لەناو ماڵباتی پادشایەتی بەریتانیا جێبەجێ دەكرێت، هەموویان بە میرات بۆ ماوەتەوە، میراتی كولتوور و داونەریتی كۆنی پادشایەتی. بۆ نموونە لەبەركردنی فەروو قەدەغەیە، ئەمەش لەو كاتەدا قەدەغە كرا كە پادشا ئیدواردی سێیەم بینی ئەوانەی جلوبەرگە هێندە لەناو خەڵك بڵاو بووە هەر كەسێك داهاتێكی مامناوەندیشی هەبێت، ئەوا دەتوانێت بیكڕێت و لەبەر بكات، بەمەش دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ پادشا بەراورد بكەن، بۆیە بڕیاریدا لەناو ماڵباتی پادشایەتی لەبەركردنی قەدەغە بێت.

یەكێكی تر لە رێساكان دەبێت ژنانیان خۆیان تەواو دابپۆشن، ئەمەش رێسایەكی پادشایەتی زۆر كۆنە و پێیان وایە جلوبەرگی تەنك و رووت هی ژنانی خراپن. ئەگەرچی شازادە خاتوون دیانا پێڕەوی ئەو رێسایەی نەدەكرد و خۆی تەواو دانەدەپۆشی، ئەمەش وایكرد بوو زۆرجار لەكاتی دابەزینی لە ئۆتۆمبێل بە جانتاكەی سنگی بشارێتەوە.

رێسایەكی تری تایبەت بە ژنان، دەبێت لە رۆژدا كڵاو لەسەر بكەن و لە شەوانیشدا تاج بخەنە سەر سەریان، دەبێت هەموویان پابەندی ئەتەكێتی نانخواردن بن كە زیاتر لە 20 ئەتەكێتە.

دەست لە كاروباری سیاسەت وەرنادەن و یاریی مۆنۆپۆلیش ناكەن
دوو لە هەرە بنەما و رێسا گرنگەكانی ماڵباتی شاهانەی بەریتانیا، پابەندیشن پێیەوە كە دەست لەكاروباری سیاسی وەرنادەن و لە هەڵبژاردنەكانیش دەنگ نادەن، ئەمەش وایكردووە زۆر بێلایەنانە دەربكەون.  

یاریی مۆنۆپۆڵی بەناوباگ كە بە بانكی خۆشگوزەرانیش ناسراوە، قەدەغەیە ئەندامانی ماڵباتی شاهانەی بەریتانی بەتایبەت مناڵەكانیان ئەو یارییە بكەن. رۆژنامەی تەلیگرافی بەریتانی ساڵی 2008 لە زاری شازادە ئەندرۆ بڵاوی كردەوە كە بۆیان نییە یاریی مۆنۆپۆڵ بكەن، چونكە یارییەكی زۆر وەحشیگەرایییە.

قەدەغەیەگوێچكە ماسی بخۆن
گوێچكە ماسی تاكە خواردنە كە نابێت و قەدەغەیە ماڵباتی شاهانەی بەریتانی لێی بخۆن، ئەمەش لەبەر هۆكارە تەندروستییەكەیەتی، چونكە بەیەكێك لەو خواردنانە دادەنرێت رەنگە كەسەكە دووچاری ژەهراویبوونی بكات.

ئایا رێساكان دەشكێنرێت.. ئەگەر شكا چی روودەدات؟
لەگەڵ بوونی رێوشوێنی توند و رێسای توند، بەڵام زۆرجار ئەو رێسایانە شكێنراون، بەتایبەت كاتێك یەكێك لە ماڵباتی پادشایەتی لەگەڵ كەسێكی دەرەوەی ماڵباتەكە تێكەڵ دەبێت، بۆ نموونە شازادە ویلیام ئەو پڕۆتۆكۆڵەی شكاند كاتێك سەردانی كەسوكاری قوربانییانی بورجی گرینفیلی كرد لە لەندەن و ئەو ژنەی لە باوەش گرت كە پیاوەكەی بەهۆی رووداوەكە لە دەست دابوو.

بەهەمانشێوە شازادە چارڵز ساڵی 2010 پڕۆتۆكۆڵی واژووكردنی شكاند كاتێك بەشداری كرد لە یەكێك لە ئاهەنگەكان كە داهاتەكەی بۆ قوربانییانی یەكێك لە لافاوەكان بوو. تەنانەت زۆرێك لە ژنانی ماڵباتی شاهانەی بەریتانی جارجار ئەتەكێتیان شكاندووە.

ئەو رێسایانەی خەڵك لە دەرەوە پێیان وایە زۆر توند و نامۆیە، لای ئەوان پابەندبوون پێیەوە مانایەكی گەورە دەبەخشێت و شاژن خۆی پێ كەسێكی ئۆرۆستوكراتی شاهانەیە، بۆیە پڕۆتۆكۆڵەكان كە سەدان ساڵە بەردەوامی هەیە، نیشانەیە بۆ پادشایەتی بەریتانیا و ئەو هێزەی هەیەتی، بۆیە ئەوان تەنانەت خۆیان پێ دەسەڵاتداریش نییە، بەڵكو زۆرجار لە هەواڵەكان وەك بەناوبانگەكان ناویان دەهێنرێت نەك دەسەڵاتدار، چونكە ئەوان خۆیان پێ لە دەسەڵاتدار زۆر گەورەترە.

سەرچاوە/ ساسە پۆست


وشە - فه‌رمان سادق