لە هەندێ وڵاتی دنیا، كولەكەی سەوز وەك هەر میوەیەكی تر شەربەتی لێ دروست دەكرێ و خەڵكی زۆر هۆگری خواردنەوەی ئەم جۆرە شەربەتەن، ئەگەر بەلاتانەوە شەربەتێكی ناخۆش و خوازراو نییە، پێویستە سوودەكانی بزانن، ئەوكات بڕیاری لەسەر بدەین.
شارەزایان دەڵێن، خواردنی پەرداخێك شەربەتی كولەكە بڕێكی زۆر ئاسن، پۆتاسیۆم، زینك، ڤیتامین C و Bی تێدایە، هاوكات سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ڕیشاڵ و دژە ئۆكسیدە و یەكێكە لە خواردنە درووستەكان بۆ لەش .
گرنگترین سوودەكانی خواردنەوەی شەربەتی كولەكە
یەكەم: سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەكات، خواردنی ئەم شەربەتە یارمەتیدەر و هاوكارێكی سەرەكی دەبێ، بۆ بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش، پارێزگاری كردن لە جەستە لە كاتی هاتنە ناوەوەی هەر ڤایرۆ و بەكتریا و تەنێكی نامۆ بۆ ناوەوەی لەش، جیالەوەی هەوكردن و هەستیاری و ئازاریش كەم دەكاتەوە.
دووەم: رێگە لە قەبزی دەگرێت، ئەم شەربەتە گرنگە بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆری ڕیشاڵ و ئاو لە پێكهاتەكەی، ڕێژەی شلەی لەش زیاد دەكات و ڕێگە لە قەبزی دەگرێت و ڕیخۆڵەكان پاك دەكاتەوە.
سێیەم، ڕێژەی شەكر لە خوێن ڕێك دەخات، ئەو ڕێژە زۆری ڕیشاڵ لە پێكهاتەكەی هەیە، سوودی گەورەی هەیە و یەكێك لە گرنگترین سوودەكانیشی ڕێكخستنی ڕێژەی شەكرە لە خوێن و ڕێگرییە لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە.
چوارەم: پەستانی خوێن كۆنترۆڵ دەكات،بەهۆی بوونی پۆتاسیۆم لە كولەكە، ڕێژەی پەستانی خوێن كۆنترۆڵ دەكات، ڕۆیشتنی خوێن ئاسانتر و سووڕی خوێن چالاكتر دەكات.
پێنجەم: پێست جوان دەكات، بەكارهێنانی شەربەتی كولەكە بەشێوەی رۆژانە، پێست لە گرفتەكان دوور دەخاتەوە و جوانی زیاتری پێ دەبەخشێت، ئەمەیش بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی باشی دژە ئۆكسید و ڤیتامین C كە گرنگە بۆ بەرهەم هێنانی كۆلاجین، كە جۆرێكە لە پرۆتین و ڕێگە لە چرچ بوونی پێست دەگرێت.