عێراق لە یەكەم یاریی جامی ئاسیا سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد

:: PM:01:19:10/01/2018 ‌

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق لە یەكەم یاریی خۆیدا لە جامی ئاسیای خوار تەمەن 23 ساڵی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر هەڵبژاردەی مالیزیا بەدەستهێنا.

هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق لە یەكەم تاقیكردنەوەی جامی ئاسیا كە ئێستا لە وڵاتی چین بەڕێوە دەچێت، بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی مالیزیای بردەوە و یەکەم 3 خاڵی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.

گۆڵەكانی هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق لەلایەن یاریزانان محەمەد خالید جەفال لە خولەكی 5، ئەمجەد عەتوان لە خولەكی 28، عەلا عەلی مەهاوی لە خولەكی 56، حوسێن عەلی لە خولەكی 81 تۆمار كران، تاكە گۆڵەكەی هەڵبژاردەی مالیزیاش لە خولەكی 79 لەلایەن سەفوا راسید هاتە تۆماركردن.

هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق كە پاڵەوانی یەكەمی جامەكە بوو لە ساڵی 2014، ئەمساڵیش چاویان لەوەیە ناسناوەكە ببەنەوە و بۆ دووەمجار ببنە پاڵەوانی ئاسیا.

هەڵبژاردەی ئۆڵەمپیی عێراق لە پاڵەوانیەتیی ئەمساڵی جامی ئاسیا لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی سێیەمدایە كە پێكهاتوون لە هەڵبژاردەكانی (عێراق، ئوردن، سعوودیە و مالیزیا).

هەڵبژاردەی عێراق رۆژی شەمووی داهاتوو دووەم یاری خۆی لە پاڵەوانیەتییەكە بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیە ئەنجام دەدات، دواتریش لە رۆژی سێشەم رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوردن دەبێتەوە.

پاڵەوانیەتی جامی ئاسیا بۆ خوار تەمەن 23 ساڵی كە دوێنێ سێشەم لە وڵاتی چین دەستی پێ كرد، لە چوار كۆمەڵە پێك دێت و هەر كۆمەڵەیەكیش 4 هەڵبژاردە لە خۆدەگرێت و 2 هەڵبژاردەی خاوەن زۆرترین خاڵی كۆمەڵەكان بۆ قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە سەردەكەون.

كۆمەڵەكانی پاڵەوانیەتییەكەش بەمشێوەی خوارەوە دابەشبوون:-

كۆمەڵەی یەكەم/ چین، قەتەڕ، ئۆزبەكستان و عومان

كۆمەڵەی دووەم/ ژاپۆن، كۆریای باكور، تایلاند و فەڵەستین

كۆمەڵەی سێیەم/ عێراق، ئوردن، سعوودیە و مالیزیا

كۆمەڵەی چوارەم/ كۆریای باشوور، ئوستڕالیا، سووریا و ڤێتنام



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م