مێركڵ یان ماكرۆن كامیان سەركردایەتیی ئەوروپا دەكەن؟

:: PM:02:33:10/01/2018 ‌

 پرسی سەركردایەتیكردنی یەكێتیی ئەوروپا ساڵانێكی زۆرە ئەنجێلا مێركڵ ئەو رۆڵە دەبینێت، بەڵام دەركەوتنەكانی ئەمدواییانەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكە گەنجەكە، سەرنجی دنیای بەلای خۆیدا راكێشاوە، ئەمە لە كاتێكدایە چاوێران پێیان وایە هیچ كامیان بە تەنیا ناتوانن ئەو رۆڵە ببینن و هەردووكیان پێویستیان بە یەكتر هەیە.

ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا ساڵانێكی زۆر رۆڵی سەركردایەتیكردنی یەكێتیی ئەوروپا دەكات و كەسیش ململانێی لەگەڵدا نەكردووە، بۆیە دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا میدیا جیهانییەكان بەتایبەت ئەوانەی بە زمانی ئینگلیزی دەنووسن، نازناوی سەركردەی دنیای ئازادیان لە مێركڵ نا.

ناونانی مێركڵ بە سەركردەی ئەوروپا، لە ئاستی ناوخۆدا و لە دوا هەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولی رابردوو حزبەكەی دەنگێكی زۆری لە دەست داوە و زیانێكی زۆریشی پێ گەیشتووە، ئەمە وای كردووە تا ئێستە نەتوانێت حكوومەتی نوێی ئەڵمانیا پێك بهێنێت و ئەگەری زۆرە هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.

مێركڵ كەسایەتیی یەكەمە لە ئەوروپا، بەڵام لەولاوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا ئەستێرەی لە درەوشانەوەدایە و لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی فڕەنسا براوە دەرچوو.

هەر دوای دەرچوونیشی، ماكرۆن توانی چاكسازی لە بازاڕی كاردا بكات، ئەگەرچی بە هێزێكی زۆرەوە بەرەنگاری بوونەوە، بەڵام هەر سەركەوت. سەركەوتنەكانی ماكرۆن لە ئاستی ناوخۆی فڕەنسا، قسەی میدیاكان نییە، بەڵكو ئامارەكانن دەری دەخەن و بە بۆنەی بوونی بە 40 ساڵیش، زۆرینەی فڕەنسییەكان گوتیان ئەو سەرۆكێكی باشە. 

هەوڵەكانی ماكرۆن بێ بەربەست نین، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنی فڕەنسا ماكرۆن بەوە تۆمەتبار دەكەن كە خۆی وەك پادشا دەردەخات، بەڵام فڕەنسییەكان لەگەڵ ماكرۆن دڵخۆشن و ئەگەری زۆرە خولێكی تریش سەرۆكایەتی وڵات بكات.
 
لەسەر ئاستی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش، ماكرۆن وەك سەركردەیەكی بە توانا دەردەكەوێت، دوای نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ ترەمپ لەسەر بورجی ئیڤل و پێشوازیكردن لە پوتین لە كۆشكی ڤێرسای، ماكرۆن ئامادەكاری تەواو كرد بۆ رێكخستنی كۆنگرەی نێودەوڵەتی كەشوهەوا لە پاریس، پاشان دەستپێشخەری لەبارەی سیاسەتی ئەفریقا و سەردانی ئەردۆغان بۆ فڕەنسا، هەموویان نیشانی دەدەن كە سەركردەیەكی گەنجی تازە دەركەوتووە و هەوڵ دەدات رۆڵ و پێگە و هێزی دیپلۆماسیی كلاسیكی فڕەنسی بگەڕێنێتەوە جارانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایەی هەموو پرسەكانی دنیا بەلای فڕەنساوە گرنگن و دەبێت بەشداری تێدا هەبێت.

شتیڤان زایدندورڤ جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئەڵمانی فڕەنسی دەڵێ، ماكرۆن سیاسەتێكی نوێی بۆ دەرەوە گرتووەتەبەر و هیچ كاتێكیش ئەوە لە بیر ناكات، تەنانەت شانازی بەوەش دەكات و قورسایی خۆیشی لەوەدا دەبینێتەوە كە خۆی بە ئەوروپی نیشان دەدات.

هەرچی پێوەست بە ماكرۆن و ئەنجێلا مێركڵ كە لای ئەوروپییەكان خۆشەویستە، ماكرۆن كەمێك جیاوازە، كاتێك مێركڵ بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامبوونی توركیای لە یەكێتی ئەوروپا راگەیاند، ماكرۆن رای گەیاند توركیا هاوبەشێكە ناكرێت دەستی لێ بەربدەین، ئەمەش وای كرد ئەرۆدغان سەردانی فڕەنسا بكات و ئاستەمیشە بتوانێت سەردانی ئەڵمانیا بكات.

جگە لەمە، لە پرسی تریش ماكرۆن و ئەنجێلا جیاوازییان هەیە، مێركڵ ئارەزوو دەكات لەگەڵ ترەمپ و پۆتین و ئەردۆغان گفتوگۆ بكات، بەڵام هەمیشە گفتوگۆكانی زۆر بابەتییە و پێڕەوی تەواوی پڕۆتۆكۆڵ دەكات، بەڵام ماكرۆن دەیەوێت وا نیشانی بدات دوو هاوڕێن.

تاكڕەوی هەمیشە بۆ ئەوروپا خراپ بووە
گۆڤاری تایمی ئەمەریكی پێش ماوەیەك ئەنجێلا مێركڵی بە خانمی ئەوروپا ناساند و ئێستەش ماكرۆن بە سەركردەی داهاتووی ئەوروپا دەناسێنێت.

 بەڵام شتیڤان زایدندورڤ پێی وایە ئەوە كارێكی خراپە كەسێك یان وڵاتێك سەركردایەتی هەموو ئەوروپا بكات، ئەمە دەمێكە پرسێكی مەترسیدار بووە كە وڵاتێك یان كەسایەتییەك سەركردایەتیی یەكێتیی ئەوروپا بكات، چونكە ئەو كەسە یان ئەو وڵاتە هەمیشە هەوڵ دەدات سیاسەت لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆیدا بكات نەك ئەوروپا، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئێستەی ئەوروپا ئەوەیە كە مێركڵ و ماكرۆن بەیەكەوە ئەو رۆڵە ببینن.

 ئیمانوێل ماكرۆن لە چەندان بۆنەدا رای گەیاندووە نایەوێت بە تەنیا سەركردایەتیی ئەوروپا بكات، دەڵێ دەمانەوێت لەگەڵ ئەڵمانیا یەكێتیی ئەوروپا نوێ بكەینەوە.

ماكرۆن تا ئێستە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی وەڵامە لەسەر چاكسازییە سیاسییەكانی پێشكەشی یەكێتیی ئەوروپای كردووە، لەوانە دامەزراندنی وەزیرێك وەك وەزیری دارایی ئەوروپا و دانانی بودجەیەك بۆ یەكێتی ئەوروپا.

لەمەدا ئەنجێلا مێركڵ كەمێك دوورەپەرێزە، ئەگەرچی لە رووكەشدا وا خۆی نیشان دەدات كە كراوەیە، بەڵام لەناو حزبەكەی خۆیدا كە یەكێتی مەسیحی دیموكراتی ئەڵمانیایە. چونكە پێشتر یولیا كلوكنیر جێگری سەرۆكی حزبەكە رای گەیاندبوو كە دژی پڕۆژەكەی ماكرۆنن و نامانەوێت ئەڵمانیا بچێتە ژێر باری قەرزی وڵاتانی تر.

هاوكات كلیر دیمیسمی شارەزای كاروباری فڕەنسا لە كۆمەڵەی ئەڵمانیا بۆ سیاسەتی دەرەوە دەڵێ، نەك تەنیا لای یەكێتی مەسیحی دیموركرات، بەڵكو زۆرینەی ئەڵمانەكان ئەو هەستە بەرانبەر بە پڕۆژەكەی ماكرۆن هەیە، چونكە قبووڵكردنی پڕۆژەكە زیاتر لە بەرژەوەندیی فڕەنسایە.

زیاتر گوتی، "بەڵام هێشتا نەچوونەتە ناو وردەكاریی پڕۆژەكە، چونكە هێشتا ئەنجێلا مێركڵ حكوومەتی پێك نەهێناوە، بۆیە ناتوانێت هیچ بەڵێنێك بە ماكرۆن بدات".

سەرچاوە/ DW


وشە - فه‌رمان سادق