سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى وەڵامى گۆڕان دەداتەوە

:: AM:11:34:18/11/2016 ‌

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى کوردستان بەتوندى رەخنە لە بزووتنەوەى گۆڕان و هەڵوێستەکانیان دەگرێت و حزبەکە بە هێزێکى فەوزەوى ناودەبات.

ئومێد خۆشناو سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکرات لە پەرلەمانى کوردستان لە رێگەى پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک راى گەیاندووە کە بزووتنەوەى گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانى لە بارێکى دەروونى خراپدان و دەڵێ، "بەیاننامەکەى گۆڕان ئیفلاسى سیاسى ئەو بزووتنەوەیە دەردەخات، ئەوان کەوتوونەتە ئەو حاڵەتە دەروونییە نائاساییە و هەمیشە هەوڵى چەواشەکارى دەدەن. ئەوان تووشى هێستریا بوون و هەموو بنەماکانى ئەخلاقى سیاسى و بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتیان لە دەستداوە، بۆیە بزووتنەوەى گۆڕان دەیەوێت لە ڕێگەى بەیاننامەى جۆراو جۆرەوە زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات، چونکە لەبنەما حزبێکى فەوزەوین".

سەرۆکى فراکسۆنى پارتى دەڵێ "ئەو دۆخەى ئێستەى گۆڕان دەرئەنجامى ئەو سیاسەتە هەڵەیەى ڕابردوویانە کە کەسى یەکەمیان وەکو کەسایەتییەکى نادیار ناوە ناوە دەردەکەوێت و دواتر وەکو فریادڕەسى بێچارە دەگەڕێتەوە و ناتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت".

ئەو گوتانەى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان لەکاتێکدا دێت کە پێوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکرات و بزووتنەوەى گۆڕان تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، پاش ئەوەش لە 16ى ئەم مانگەدا، مەسعوود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوتارێکى لە باشیک پێشکەش کرد، بزووتنەوەى گۆڕان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بەتوندى هێرشیان کردە سەر بارزانى، ئەوەش ئەوەندەى تر گرژى و کاردانەوەى دروست کرد.


وشە - رامیار جەواد