بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا سەرەتای مانگی شوباتی داهاتووی ئەمساڵ، هاوردەكردنی پەتاتە لە دەرەوەی هەرێمەوە لە رێگەی مەرزە نێودەوڵەتی و فەرمییەكان بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە كراوە، دەركردنی بڕیارەكەیش لە كاتێكدایە، كە بەپێی ئامارەكانی ئەو وەزارەتە بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە رووی لە زیادبوون كردووە و هەرێم دەتوانێ هاوردەی دەرەوەی بكات.
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لەو بارەیەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی كشتوكاڵ بە نووسراوی فەرمی، كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگمان كراوە، ئاگەداری كردوونیەتییەوە لەمەولا تا سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوو هاوردەكردنی هەموو جۆرە بەرهەمێكی پەتاتە لە دەرەوە هەرێم لەلایەن وەزارەتەكەوە قەدەغە كراوە.
زیاتر گوتی، لەو نووسراوەدا هیچ هۆكارێك بۆ ئەو بڕیاری قەدەغەكردنە دیاری نەكراوە، كە هۆكاری راگرتنەكە چییە، هەرچەندە داوا كراوە لە 1/1/2018وە هاوردەكردنی پەتاتە قەدەغە بكرێت، بەڵام نووسراوەكە درەنگ گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی و ئەوانیش ئێستە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی باشماخیان كردووە.
بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژەی كرد، لە سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوەوە هاوردەكردنی پەتاتە دەست پێ دەكاتەوە.
لای خۆیەوە سەمیر ئیسماعیل، بەڕێوەبەری باخداری لە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ "وشە" رای گەیاند، چەند ساڵێكە وەك هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی پەتاتەدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی.
زیاتر گوتی، ساڵانە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە گرفتی سەرەكیمان ئەوەیە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكە، خواردنی پەتاتە لە كوردستان لە نزمترین ئاستدایە، بۆیە نرخەكەی دادەبەزێت و لەبەر ئەوەیش جووتیاران بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكانی كوردستان بۆ ساغ نابێتەوە بەهۆی نەبوونی كۆگای پێویستیش بۆ هەڵگرتن، ناچار بەرهەمەكانیان دەنێرنە شارەكانی عێراق.
هاوكات بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" لە هەرێمی كوردستان، ماوەی چەند ساڵێكە گرنگی زۆر بە چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە دراوە و بەرهەمی پەتاتە بۆ (213) هەزار و (356) تۆن زیادی كردووە.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، ئەو بڕە دوو هێندەی پێویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كۆگای ساردكەرەوە و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكە لە بازارەكانی ناوخۆ، بەشی زۆری بەرهەمی جووتیاران هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت.
شایەنی بیرهێنانەوەیە پەتاتە بەهایەكی بەرزە خۆراكی هەیە، بەیەكێك لە ناسراوترین و بەرفراوانترین ئەو بەرهەمە خۆراكییە كشتوكاڵییانە دادەنرێت، كە لە زۆربەی وڵاتان گرنگی تایبەت بەخواردن و چاندن و بەرهەمهێنانی دەدرێ لەلایەن هاووڵاتییان و جووتیارانەوە.
وشە/ رێبین پێنجوێنی