لە پێنجوێن سێ كەس بوونە قوربانی و ماڵێكیش سووتێنرا

:: PM:10:35:10/01/2018 ‌

لە رووداوێكی نەخوازراوی كۆمەڵایەتیدا لەناو شارۆكەی پێنجوێن ماڵی هاووڵاتییەك سووتێنرا، ئەوەیش لە دوای رووداوێكی تەقەكردن و كوشتنی گەنجێك و برینداربوونی باوك و كورێك كە هەر ئەمڕۆ لە سنوورەكە رووی داوە، بەپێی زانیارییەكان رووداوەكە لە كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.

دڵشاد كەریم، لێكۆڵەری رووداوەكە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی شارۆكەی پێنجوێن، لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ "وشە" گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی خوارووی شارۆكەی پێنجوێن، ئاگەدار كراینەوە و دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی رووداوەكە.

زیاتر گوتی، بەهۆی رووداكەوە زیانی زیاتر لە سێ دەفتەر دۆلاری ئەمەریكی بەو ماڵە كەوتووە و دوای چەند سەعاتێك توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەین، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە زیانی گیانی نەبووە.

ئیقبال محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی شارۆكە و شارەدێییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی رووداوی تەقەكردنەكەی ئەمڕۆی سنووری پێنجوێن كە لەسەر رێگەی گوندی "میشیاوی" سنووری شارەدێی گەرمكی سەر بە شارۆكەی پێنجوێن رووی دا، گەنجێكی تەمەن (20) ساڵ بەناوی (ت، ج، س) كە دانیشتوی سنوورەكە بووە، گیانی لەدەست داوە و دوو هاووڵاتی تریش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوە كرد، دوای ئاگەداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیس، لەلایەن بنكەی پۆلیسی پێنجوێنەوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و دادوەریش بەگوێرەی‌ مادەی (406) لە یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی،‌ بڕیاری گرتن بۆ تۆمەتبارەكان دەركردووە و دوای گەیشتنی تیمێكی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و ئێستەیش پەڕاوی یاسایی بۆ ئەو رووداوە كراوەتەوە و لیكۆڵینەوەش دەستی پێ كردووە و بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كران و تەرمی كوژراوەكەیش، گەیەنراوەتە پەیمانگەی پزیشكی دادوەری لە سلێمانی.

هاوكات یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی ماڵە سووتاوەكە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ی راگەیاند، رووداوەكەی ئەم ئێوارەیە دوای رووداوێكی تری تەقەكردن بوو، كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی گوندی میشیاوی سەر بەشارەدێی گەرمكی سەر بە شارۆكەی پێنجوێن رووی دا و تیایدا گەنجێك بەتەقە كوژرا و باوك و كوڕێكی تر برینداربوون.

زیاتر گوتی، هۆكاری ئەم رووداوە، كۆمەڵایەتی بووە و ئەوەیش لە دوای ئەوەوە دێت، كە ساڵی پار لە سنووری پێنجوێن كوڕی یەكێك لە بنەماڵە ناسراوەكانی شارۆكەی پێنجوێن كوژراوە و ئەمڕۆیش ئەوان تۆڵەیان لەو گەنجە كردەوە و كوشتیان و دواتریش بنەماڵەكەی تر لە تۆڵەی كوشتنی ئەو گەنجەیان هاتن و ئەو ماڵەیان سوتاندووە.

شایەنی باسە رووداوەكەی ئەمڕۆی سنووری شارۆكەی پێنجوێن دەبێتە یەكەم رووداوی كۆمەڵایەتی دڵتەزێن كە لە ساڵی نوێی 2018دا، گیانلەدەستدان و ماڵ سووتانی لێكەوتەوە، ئەمەیش لەكاتێكدایە كە بەهۆی نزیكی و هەبوونی پێوەندی ژن و ژنخوازی ساڵانە رووداوی زۆری لەو شێوەیە روو دەدەن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل