یەكلایی بووەتەوە.. لۆف راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدە

:: AM:09:15:11/01/2018 ‌

داهاتووی زێنەدین زێدانی فڕەنسی تادێت لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی لە یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یانەكە ئێستا 16 خاڵ لە دواوەی یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی خولی ئیسپانیایە، دوای ئەوەی لە یاریی ئەم هەفتەیەدا 2 خاڵی گرینگی لەدەست دا و بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی سێلتا فیگۆ یەكسان بوو.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید خۆی یەكلایی كردووەتەوە لە دەكردنی زێدان لە كۆتایی ئەم وەرزەدا تەنانەت ئەگەر بتوانێ بۆ سێیەمجار لەسەریەك ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیاش بباتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە بەم دواییە ناكۆكییەكانی زێدان و پێرێز پەرەیان سەندووە بەهۆی ئەنجامە خراپەكان و رەتكردنەوەی راهێنەرەكە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانانی نوێ.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید خوازیارە لە هاوینی داهاتوودا بتوانی لەگەڵ یواكیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رێك بكەوێ دوای تەواوبوونی یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا، هەرچەندە ئەو راهێنەرە گرێبەستەكەی لەگەڵ یەكەتیی تۆپی پێی وڵاتەكەی تا یارییەكانی كۆتای جامی نەتەوەكانی ئەوروپای 2020 بەردەوامی هەیە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا پێرێز لە كۆتایی ئەم وەرزەدا زێدان دەردەكات تەنانەت ئەگەر لەگەڵ لۆفیش رێك نەكەوێ و هەوڵی جێبەجێكردنی پلانی دووەم دەدات كە ئەویش گرێبەستكردنە لەگەڵ ماوریسیۆ پوكیتینیۆی راهێنەری ئەرجەنتینی كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی پێشانداوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م