یاریزانانی ریال مەدرید ئینقلاب لەسەر رۆناڵدۆ دەكەن
رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد چەند یاریزانێكی یانەی ریال مەدرید لە خۆهەڵكێشانە زیادەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تیپەكەیان توڕە بوونە و بڕیاریانداوە چیتر ئەوە قبووڵ نەكەن و شۆڕشی لەسەر بەرپا بكەن.
یانەكە لە وەرزی ئەمساڵدا بەتایبەتیش لە خولی ئیسپانیا ئاستی وەك پێویست نییە و ئێستا بە 16 خاڵ لە دواوەی یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی خولەكەیە.
رۆژنامەی (دیاریۆ گۆڵ) بڵاوی كردەوە: چەند یاریزانێكی یانەی ریال مەدرید بێزاربوونە لە خۆبەگەورەزانییەكەی رۆناڵدۆ و هەروەها خۆ هەڵقوڵاندنی بەهەموو جومگەكانی یانەكە.
ئەو یاریزانەی كە پێشەوایەتی ئینقیلابەكەی بەسەر رۆناڵدۆ دەكات برێتییە لە سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەكە، هەروەها بە پاڵپشتی چەند یاریزانێكی تریش كە لەسەرووی هەموویانەوە برێتین لە ماركۆ ئەسینسیۆ، ئیسكۆ، لوكاس ڤاسكێز و دانی سیپایۆس.
رامۆس و یاریزانەكانی تر پێیانوایە چیتر نابێت كەڵەگایەتی رۆناڵدۆ لەنێو یاریگە قبووڵ بكەن و هەوڵ دەدەن سەرۆكایەتی یانەكە رازی بكەن سنوورێك بۆ ئەمە دابنێت و یاخود ئینقیلابی لەسەر بكەن و بەیەكجاری لە یانەكە دەری بكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لە ماوەی رابردوودا ئاشكرایان كردبوو رۆناڵدۆ لە دۆخی ئێستای یانەی ریال مەدرید و كێشەكانی لەگەڵ دادگای ئیسپانیا سەبارەت بە دۆسییەی خۆدزینەوە لە باج بێزار بووە و دەیەوێ لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەیەكجاری ریزی یانەی شاهانە جێبێڵێ و بگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی.
وشە -
ئامانج ئهكرهم