رافینیا دەچێتە یانەیەکی گەورەی ئیتاڵیا

:: AM:09:57:11/01/2018 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی تاڕادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ رافینیا ئەلكانتارای یاریزانی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی نزیك بووەتەوە.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان لەگەڵ رافینیا رێككەوتوون و تەنیا ئەوە ماوە بەشێوەی فەرمی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە رێك بكەون بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان.

بەگوێرەی سەرچاوەكە یانەی ئینتەر میلان داوای لە یانەی بەرشەلۆنە كردووە تا كۆتایی ئەم وەرزە بەشێوەی خواستن رافینیایان پێ بدەن لەگەڵ ئەگەری كڕینی بەشێوەی یەكجاری لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ.

رافینیا وەرزی رابردوو تووشی پێكانێكی قورس هات و ماوەی 8 مانگ لە یاریكردن دوور كەوتەوە، بەم دواییەش دەستی بە مەشق و راهێنانەكان كردووەتەوە و تا ئێستاش بەشداری لە هیچ یارییەكی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی ئەمساڵ نەكردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە هێڵی ناوەڕاست پێویستی بە رافینیا نەماوە دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی كرد، لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەكرێ یانەكە رازی بێت بە فرۆشتنی رافینیا بە یانەی ئینتەر میلان.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م