تا دێت نرخی دیبالا بەرزتر دەبێتەوە

:: AM:10:08:11/01/2018 ‌

یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بڕیاریداوە نرخی ئەستێرە ئەرجەنتینییەكەی پاولۆ دیبالا بەرزتر بكاتەوە دوای ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی ئیمزا كرد.

رۆژنامەی (توتو سپۆڕت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی یۆڤانتۆس بڕیاریاندا نرخی دیبالا بۆ 165 ملیۆن یۆرۆ بەرز بكەنەوە دوای ئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە یانەی بەرشەلۆنە بە 160 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ كۆتینیو ئیمزا كرد.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە تا ئێستا چەندان گەورە یانەی ئەوروپا ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دیبالا لەسەرووی هەمووشیانەوە یانەكانی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە بەرپرسانی یانەی یۆڤانتۆس پێیانوایە دەبێت نرخی فرۆشتنی دیبالا لە نرخی كۆتینیو زیاتر بێت، لەبەر ئەمە بە 165 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندوویانە.

جێی باسە دیبالا لە وەرزی ئەمساڵی یانەی یۆڤانتۆس تا ئێستا بەشداری لە 28 یاری لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردووە و 17 گۆڵیشی تۆمار كردووە لەگەڵ دروستكردنی 4 گۆڵی تر بۆ هاوڕێكانی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م