میدیاكانی مەكسیك ئاشكرای دەكەن كە هەڵمەتێكی گەورەی رووسی هەیە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە كە بڕیارە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت. ئەمەش نیگەرانی ئەمەریكای لێكەوتۆتەوە و ترسی ئەوەی هەیە رووسیا دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنێت كە سنوورێكی بەرفرراانی لەگەڵدا هەیە.
لە شەشی كانونی دووەمی رابردوو، رۆژنامەی ریفورمای مەكسیكی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە لەسەر هەڵبژاردنەكانی مەكسیك كە بڕیارە لە مانگی تەمووزی داهاتوو ئەنجام بدرێت، لە راپۆرتەكەدا باس لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكان دەكات و دەڵێ مەكسیك بە هەڵمەتێكی زەبەلاح و ئاڵۆز تێدەپەڕێت كە رووسیا لە پشت ئەو دەستوەردانە دایە، هەروەك دەستی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا وەردا.
جین ماكماستر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو هۆشداریدا لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی مەكسیك و نیگەرانی وڵاتەكەی نەشاردەوە كە سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتە و دەستنیشان كردنی سەرۆكی داهاتووی مەكسیك.
بۆچی رووسیا دەستوەردان لە هەڵبژاردنی وڵاتانی دیموكراسی دەكات؟
بەگوێرەی ماڵپەڕی رۆیتەرز، سەرۆكی شارەوانی مەكسیكۆی پایتەخت كە پالێوراوە بۆ سەرۆكی داهاتووی وڵات، كەسێكی چەیە. لوپیز ئوبرادور پالێوراو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە دوو هەڵبژاردنی رابردوود بە جیاوازییەكی كەم دووەم بووە و سەركەوتوو نەبووە، رەنگە بوونی باكگراواندی چەپ هۆكاری نزیكی بیركردنەوەی بێت لە رووسیا كە مێژووێكی درێژی لەگەڵ ئایدۆلۆجیای چەپدا هەیە.
لوپیز.. بژاردەیەكی خواستراو لای رووسیا
رۆیتەرز دەڵێ، حكوومەتی رووسیا هەوڵدەدات پشتگرییەكی گەورەی میدیایی لوپیز بكات لە رێگەی ماڵپەڕی سپوتینك و رووسیا تودەی. ساڵێ 2016 كەناڵی رووسیا تودەی بە زمانی ئیسپانی لەسەر یوتیوبی خۆی پارچە ڤیدیۆیەكی لوپیزی بڵاوكردەوە و لەسەری نووسی بوو، جەنگی داهاتووی مەكسیك، بەڵام هەر زوو ڤیدیۆیەكەی رەشكردەوە.
بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی مەكسیك دوو هۆكاری هەیە، یەكەمیان وادەكات ئەمەریكا دەسەڵات و هەژموونی بەسەر ئەمەریكای لاتین نەمێنێت بەتایبەت بەهۆی لاوازی توانای ترەمپ، هۆكاری دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ باشتر بوونی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و كوبا لەسەردەمی باراك ئۆباما، كە كوبا چەكێكی بەهێزی رووسیا بووە چەندین دەیەی رابردوو دژ بە ئەمەریكا.
رووسیا بۆ دەستگەیشتنی بەسەر قرم خەریكبوو ئیسپانیا دابەش بكات
لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو، لە كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری یەكێتی ئەوروپا، ماریا دولوریس وەزیر بەرگری ئیسپانیا رای گەیاند دوا بەدوای چەندان لێكۆڵینەوە دەركەوت كە رووسیا دەستوەردانی راستەوخۆی كردووە و پشتگیری لە جیابوونەوەی كەتەلۆنیا لە ئیسپانیا كردووە,
دولوریس روونی كردەوە كە كۆمەڵێك گروپی ئەلكترۆنی كە سەر بە حكوومەتی رووسیا بوون لەگەڵ هەندێك گروپی تر، دەركەوت 50%یان لە خاكی رووسیان و 30%یان لە ڤەنزوێللاوە پشتگیری لە سەربەخۆیی كەتەلۆنیان دەكەن.
لای خۆیەوە زانكۆی جۆرج واشنتن لە راپۆرتێكیدا پشتگیری لە راپۆرتەكەی حكوومەتی ئیسپانیا كرد، لێكۆڵەرانی زانكۆكە دەڵێن كۆمەڵێك ئەژماری ساختە لە فەیسبووك و تویتەر زیاتر لە پێنج ملیۆن نامەیان بڵاوكردتەوە و پشتگیریان لە جیابوونەوەی كەتالۆنیا كردووە.
جێی باسە ئەنجامی راپرسیەكەی كەتالۆنیا بە جیابوونەوە لە ئیسپانیا كۆتایی هات، بەڵام حكوومەتی ئیسپانیا كە چوارەم هێزی ئابووری هەیە لە ئەوروپا، ئەنجامەكەی قبوڵ نەكرد و حوكمی زاتی لە كەتالۆنیا سەندەوە.
شارەزایان دەڵێن مەبەستی رووسیا لە پشتگیری كردنی راپرسیەكەی كەتالۆنیا ئەوە بوو كە هانی یەكێتی ئەوروپا و نەتەوەیەكگرتووەكان بدات دان بە ئەنجامەكەی بنێت تا دواتر دان بە نیمچە دوورگەی قرمیش بنێن كە لە 2014ەوە خەڵكەكەی دەنگیان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر رووسیا دابوو.
رووسیا دەستوەردانی لە ئەنجامی 39 ویلایەتی ئەمەریكا بۆ بەرژەوەندی ترەمپ كردووە
لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا بە شێوەیەكی فەرمی هەریەكە لە مایكل فلین راوێژكاری ئاسایشی ترەمپ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و پۆڵ مانافورت بەڕێوەبەری هەڵمەتی پڕوپاگەندەی تیمی دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار كرد كە پەیوەندییان لەگەڵ رووسیا بەستووە لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژارن بە ئامانجی دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردن.
زۆرێك لە چاودێران دەڵێن ئەوەی رووسیا ئەنجامی دا تەنیا مەبەست لێی دوورخستنەوەی هیلاری كیلنتن بوو لە كۆشكی سپی، بۆیەش پشتگیری لە ترەمپ دەكات چونكە كەسێكە توانا و هێزی سیاسی لاوازە، ئەمەش وادەكات رووسیا و فلادیمێر پوتین هەلێكی باشیان بێتە بەردەم بۆ بەهێزتر كردنی پێگەی خۆیان لە ئاستی سیاسەت و ئابووری دنیا.
لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا باوەڕی بەوە هێناوە كە رووسیا دەستوەردانی ئەلكترۆنی لە هەڵبژاردنەكان كردووە، بە تایبەت پرسی بڵاوكردنەوەی ئیمەیلەكانی هیلاری كلینتن كە بووە هۆی دابەزینی جەماوەریەتی هیلاری و بوو بە چەكێكی كاریگەر بە دەست ركابەرەكەی كە دۆناڵد ترەمپ بوو.
هاوكات ماڵپەری بلومبێرگی ئەمەریكی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە كە رووسیا لە 39 ویلایەتی ئەمەریكا دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنی كردووە، ئەمەشی بە هێزترین پرۆسەی هاك كردن بووە لە تۆڕی دەنگدان بە تایبەت لە ویلایەتی ئەلینوی.
بلومبێرگ دەڵێ رووسیا دەستی گەیشتووە بە 15 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە و دەستكاری كردووە، سەرچاوەیەك لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دەڵێ هەستم بەو هاك كردنە كرد كاتێك ناوی ئەو كەسانە بە تەواوی زانیارییەكانیان لە لیستی ئامارەكان دیار نەمان و پاشان هەوڵیاندا بەیەكجاری بیسڕنەوە بەڵام هەوڵەكان سەركەوتوو نەبوون.
جێی باسكردنە رووسیا بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە پێویستی بەوە نەبووە كەسێك لەناو ئەمەریكا هاوكاری بكات بەڵكو خودی سیستەمەكە رێگەی بۆ رووسیا خۆش كرد، ئەمەش وایكردووە ئەمەریكا تەواوی زانیاری و داتاكانی دەنگدەران لەسەر زیاتر لە یەك سیستەم تۆمار بكات، بۆیە رووسیا هیچ كاتێك سەركەتوو نابێت.