خەوی تەندروست بەمانای ئەوە نایەت تۆ چەند سەعاتێكی زۆر بخەویت و هەست بە ئارامی و حەسانەوە بكەیت، نەخێر مەرج نییە زۆر بخەویت، مانای زۆر پشوودان و ئارامی مێشك بێ، بەڵكو زۆر هۆكاری تریش هەن، ئەگەر لە تۆدا هەبن، ئەوا هەر چەند زۆریش بخەوی، هیچ كات ئارامی و حەسانەوەی تەواوت دەست ناكەوێ.
مرۆڤ كاتێك دەخەوێ، بە تەواوی پشوو و ئارامی وەردەگرێ، ئەوا جەستەی بە تەواوی هەست بە نوێبوونەوە دەكات، بە درێژایی ڕۆژ ئیتر میزاجێكی خۆش و وزەی زۆرت هەیە و بێتاقەت نابیت، بەڵام ئەگەر خەوەكەت ئەو هۆكارانەی تێدا بێ، كە لە خوارەوە باسیان لێوە دەكەین، ئەوا جەستەت نوێ نابێتەوە و پشووی تەواو وەرناگریت و هەرچەند زۆریش بخەوی، هەر هەست بە هیلاكی دەكەیت.
هۆكارەكان
یەكەم: خواردنەوە كحوولییەكان، ئەو كەسانەی كە خواردنەوە كحوولییەكان دەخۆنەوە، وا هەست دەكەن بەدرێژای شەو بە ئارامی دەخەون، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە. لەكاتی هەستان لە خەودا هەست بە هیلاكیەكی زۆر دەكەیت، ئەمەش بەهۆی خواردنەوی ئەو بڕە زۆرەی كحوولەوەیە كە ڕێگە لە نوێبوونەوەی لەش دەگرێت.
دووەم: جگەرەكێشان، دوو هۆكار هەیە لە جگەرە كێشاندا و ڕێگە لە نوێبوونەوەی لەش دەگرێت لەكاتی نووستندا. یەكەم، لەكاتی نووستندا ڕێگە لە هەناسەدانی دروست دەگرێت و بەمەش زیان بە خانەكانی مێشك دەگات، دووەم: بەهۆی بوونی ماددەی نیكۆتینەوە كە لەگەڵ تەنە بێگانەكانی لەشدا یەك دەگرێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پچڕانی خەو.
سێیەم: بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان، سەیركردنی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی یان سەیركردنی ڤیدیۆ لەسەر لاپتۆپ یان هەر ئامێرێك ئەلیكترۆنی تر، هۆكارێكە بۆ ڕێگە گرتن لە نوێبوونەوە و چالاكی لەش، چونكە لە شاشەی ئەو ئامێرانەدا زۆر كات ڕووناكی شین بڵاو دەبێتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی میلاتۆنین كەم دەكاتەوە كە بەهۆرمۆنی نووستن دادەنرێت.
چوارەم: شارەزایان دەڵێن هۆكاری تر ئەوەیە، پێویستە ژووری نووستن بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكارنەهێنرێت وەكو دانیشتن یان سەیركردنی تەلەڤزیۆن یان كارەكانی رۆژانە، چونكە ئەمە وا دەكات كاتەكانی نووستنت تێك بچێت و بیرت بەلای ئەو شتانەدا بڕوات كە پێش چوونە نێو جێگە لە ژووری خەو ئەنجامت داون.