80 کیلۆمەتر دیوار لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا دروست كرا

:: PM:02:06:11/01/2018 ‌

 

لە ١١٤ کیلۆمەتر سنووری تورکیا لەگەڵ ئێران، ٨٠ کیلۆمەتر دیوار بنیات نراوە و ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە قاچاغی لە سنوورەکان کەم بکرێتەوە و رێگری لە کۆچی نایاسایی و دزەی سەربازی بکرێت.

 

ئارگون توران سەرۆکی رێخراوی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون کە ئەرکی دروستکردنی دیوارەکەی بە ئەستۆ گرتووە گوتی پڕۆژەی بنیاتنانی ئەو دیوارە لە هاوینی ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کردووە و سەرووی نیوەی کارەکانی تەواو بووە و ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە کایەوە ئەوا لە بەهاری ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەکەن.

 

ئەو رێکخراوە تەنیا ئەو دیوارە دروست ناکات بەڵکوو لە سنووری تورکیا لەگەڵ رۆژئاوای کوردستانیش دیوار بنیات دەنێت. مەبەستی تورکیا ئەوەیە رێگری لە پێوەندی نێوان کوردی باکور و رۆژئاوا بگرێت و خۆیشی بە فەرمی گوتوویەتی مەبەستی لەم کارە رێگرییە لە تیرۆر.

 

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەردۆغان ساڵی رابردووش گوتی پێویستە لە نێوان سنوورەکانی تورکیا لە گەڵ هەرێمی کوردستانیش دیوار رابکێشرێت.

 

ئەوکات بەرپرسانی تورکیا بە ئاشکرا گوتیان مەبەستیان لە راکیشانی دیوار لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە رێگری لە دزەکردنی گەریلاکان بۆ ناو خاکی تورکیا بکەن.

 

سنووری نێوان رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستانیش ٩١١ کیلۆمەترە و ٩٨%ی ئەو پڕۆژەیە تەواو کراوە.

هەموو ئەو سنوورەی تورکیا لە گەڵ سووریا، عێراق و ئێراندا هەیەتی، سنوورێکی دەستکردن کە بەناو دڵی کوردستاندا تێدەپەڕن و رۆژێک دادێت ئەو دیوارانە دەڕووخێنرێن.




وشە - سلێمان تاشان