كێ كۆمەكی دارایی پارتە عێراقییەكان دەكات؟

:: PM:02:47:11/01/2018 ‌

بەگوێرەی دوا داتای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ، لە عێراقدا 206 پارتی سیاسی هەن، زۆرینەی ئەو پارتانەش خۆیان لە ئاشكرا كردنی سەرچاوەی كۆمەك دزیوەتەوە كە دەبێت بە گوێرەی یاسا سەرچاوەی كۆمەكی حزبەكان دیار بێت. نووسەرێكی عێراقیش دەڵێ ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستە تاكی عێراقی لە پارتەكانی نەپرسیوەتەوە كە سەرچاوەی داهات و كۆمەكتان چییە.

دوای رووخانی رژێمی بەعس تا ئێستە لە كوردستان و عێراقیش رۆژ دوای رۆژ ژمارەی پارتە سیاسییەكان لە بەرز بوونەوە دایە، بە گوێرەی دوا بەدواداچوون دوای هیندستان زۆرترین پارتی سیاسی  دنیا لە عێراقە كە ژمارەیان بە گوێرەی یاسای دامەزراندنی پارتی سیاسی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق 206 پارتە.

هیشام ئەلهاشمی نووسەر و چاودێری تەناهی دەڵێ، ئەوەی جێی سەرنجە تاكی عێراق لە هەڵبژاردنی 2005 ەوە تا ئەم هەڵبژاردنەی بڕیارە ئەمساڵ 2018 ئەنجام بدرێت، هیچ بایەخی بە سەرچاوەی كۆمەكی پارتە سیاسییەكان نەداوە. ئەمە لە كاتێكدایە زۆرینەی ئەو پارتە سیاسییانەش بێدەنگیان هەڵببژاردووە و باسی راستی كۆمەكی دارایی پارتەكانیان ناكەن، ئەگەرچی هەموویشیان باسی شەفافیەت دەكەن.

(كۆمەكی دارایی پارتەكەمان لە ئابوونەی مانگانەی ئەندامان پێكدێت) ئەوە ئەو رستەیەیە كە زۆرینەی پارتەكان لە پرسیار كردن لە كۆمەكی داراییان خۆیان پێ دەپەڕێننەوە، وەك بڵێی رێككەوتنی پێشوەختیان لەسەر كردبێت.

هاشمی كە بەیەك لە نووسەر و كەسە نزیكەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەناسرێت، دەڵێ زۆرجار وا رێككەوتووە پارتەكان تەنانەت دۆسیەی دارایشیان نییە و باجیش نادەن بە حكوومەت و هیچ راپۆرتێكیش نانێرن بۆ دیوانی چاودێری دارایی یان دەستەی دەستپاكی یان فەرمانگەی باج.

بە گوێرەی یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆن، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەكان لە تۆماركردنی قەوارەكانیاندا بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵێننامە پڕ بكەنەوە كە هیچ كۆمەكێكی دارایی بیانی وەناگرن.

هیشام پێی وایە كەس باوەڕ بەو قسەیە ناكات بە تایبەت لە پارتە گەورەكاندا چ لە ریزی شیعەكان یان سوننە یان كورد بێت، تەنانەت توركمان و مەسیحییەكانیش.

زیاتر گوتی "ئەوە راستە هەندێك لە بازرگانان هاوكاری و كۆمەكیان پێشكەش بە پارتەكان كردووە، بەڵام بەو ئامانجەی دەستیان بگات بە ناوەندێكی سیاسی یان حكوومی بۆ پاراستنی ئەو بازرگانیەی ئەنجامی دەدەن، ئەو كەسانە خۆیشیان راستی پێدانی ئەو كۆمەكە داراییەیان پشتڕاست نەكردووەتەوە و باس نەكردووە".

 لە ماوەی مانگی شوبات بۆ مانگی ئایار كە زیاتر وەك ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لێی دەڕوانرێت، پارتە سیاسییەكان سەرقاڵی كردنەوەی ئەژماری بانكی و دروستكردنی كۆمپانیای وەهمی و شووشتنەوەی پارەی سیاسیی دەبن، هەر پارتێك لەو پارتانە كۆمەڵێك بازرگان و بەڵێندەر و ئەفسەری هەواڵگری نێودەوڵەتی لە دەوریان كۆ دەبێتەوە و كۆبوونەوەی نهێنیان لەگەڵدا دەكەن.

چاودێرانی تایبەتمەند پێیان وایە یەك ملیۆن دۆلار بڕێكی گونجاوە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی  هەر پارتێك، بەڵام بۆ پارتە بچووك و مامناوەندەكان 200 تا 250 هەزار دۆلار بەسە.

ئەلهاشمی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" بەگوێرەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 2005 تا 2014، هەر پارتێك لیژنەیەكی دارایی هەیە و داهاتەكەی پارتەكە كۆ دەكاتەوە و خەرجیشی دەكات، رەنگە ئەوانەی لەو لیژنەیە كار دەكەن بۆچوونیان كاریگەری بەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی پارتەكەیان هەبێت".

ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو پارتانەی كۆمەكی بیانی وەردەگرن یان كۆمەك لە پارتێكی ترەوە وەردەگرن ئەوا دەكەونە ژێر هەژموونی سیاسی ئەو لایەنە، ئەوانیش دڵنیان لەوەی دەتوانن كاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی ئەو پارتە دابنێن، تەنانەت زۆرجار وا رێككەوتووە كە گوشار بخەنە سەر ئەندامانیان و كاریگەرییان لەسەر دابنێن تا حزبەكانیان بەجێ بهێڵین یان لێیان جیاببنەوە یانیش ئەو كەسانە دەستنیشان بكەن كە ئەوان مەبەستیانە.


سەرچاوە sng


وشە - فه‌رمان سادق