فراکسیۆنی پارتی به‌ توندی وه‌ڵامی گۆڕان ده‌داته‌وه‌

:: PM:12:48:18/11/2016 ‌


فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان راگه‌یه‌نراوێکی له‌باره‌ی به‌یاننامه‌که‌ی پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاوکرده‌وه‌ و به‌توندی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت،  گۆڕان نوێنەرایەتیی ڕەوتێکی فیکریی فەوزەوی و تێکدەر دەکات.


ده‌قی په‌یامی فراکسیۆنی پارتی:

لە وەڵامی بەیاننامە پڕ لە هیستریاکەی ڕۆژی پێنجشەممە 17-11-2016ـی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیێنین گۆڕان بە هیچ شێوەیەک ئەو مافەی نییە بەناوی گەلی کوردستانەوە بدوێت و بەناوی خەڵکی سەربەرزی کوردستان و چین وتوێژ و هاووڵاتیان قسە لەسەر چارەنووس و ئاییندە و پرسە سیاسییەکان بکات.

 گۆڕان نوێنەرایەتیی ڕەوتێکی فیکریی فەوزەوی و تێکدەر دەکات و قوتابیی ئەو کەسەیە کە تەنیا بیر لە تێکدانی ڕەوشی سیاسیی کوردستان و ئاسوودەیی خەڵک دەکات. شاگردی ئەو کەسەن کە هانی لایەنگرانی داوە تەقە لە کونسوڵخانەکان بکەن و ئەندازیاری بیانی بڕفێنن و داهێنەری جنێوفرۆشی و ئیرهابی فیکرییە لەناو کورددا. ئەو ڕەوتە بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نییە ببێتە دەمڕاست و نوێنەری گەلی کوردستان، ئەو گەلەی  سیمبوڵی پێکەوەژیان و ئازادیخوازی و تێکشکاندنی تیرۆر و دیکتاتۆرییە.
 
پێویستیش ناکات موزایەدە بکەن و خۆتان بکەن بە نوێنەری مووچەخۆر و مامۆستایانی کوردستان. مەبەست لە تێکدەر و ئاژەوەچی و جنێوفرۆش تەنیا ئێوەن کە کوردستان و یەکڕیزیی گەلی کوردتتان تێکداوە. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە ئێوەی شاگردی جنێوفرۆش و دیلکوژ و هاندەر بۆ کوشتنی کونسوڵەکان، هەتا دەتوانن جنێو بدەن، هەڵپەڕن، ئیرهابی فیکری بڵاو بکەنەوە. چونکە ئەمە پیشەی خۆتانە و ناتوانن خەڵکی سەربەرزی کوردستان پەلکێشی نامەسئولیی خۆتان و هزری تێکدەرانەتان بکەن.
 
باسی یەکڕیزیی دەکەن؟ هەر ئێوە و مامۆستاکەتان بوو حزبێکی گەورە و تێکۆشەرتان لەت کرد، ئێستایش خەریکی خواردنی سەری یەکتر و پیلانگێڕانن لەدژی یەکتری. یەکڕیزیی گەلی کوردستان کاری ئێوە نییە. جنێوفرۆشی و ئیرهابی فیکری و تێکدان ئەو ئەخلاقەیە لەسەری پەروەردە کراون و دوور و نزیک پەیوەندی بە بەها بەرزەکانی گەلی کوردستانەوە و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆر و مامۆستایان نییە.
 
دەرفەتتان پێدرا مەدەنی بن و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و زیاتر لە حەقی خۆتان لە حکوومەت و پارلەمان بەشتان برد، بەڵام ناپاکیتان لە تەوافوق و پڕۆسەی سیاسی کرد و یاریتان بە ئاسوودەیی خەڵک و دامودەزگاکانی هەرێم کرد. کە تەپوتۆزی ئیرهابە فیکرییەکەتان لە سلێمانی نیشتەوە ئەو کات بۆ خەڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی ڕوون دەبێتەوە کە چیتان کردووە و چۆن یاریتان بە چارەنووسی گەل کردووە.
 
بۆشتان نییە ناوی پێشمەرگە و شنگال بهێنن، ئەوەی لەسەر تێکدان و ڕق و دووبەرەکی و ناپاکی پەروەردە کرابێت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ هاوسۆزی نەهامەتی و ئازاری کوردستان و شنگال بێت. گەلی کوردستان خۆڕاگر بوو، پێشمەرگە مەردانە تۆڵەی شنگالی کردەوە و ئەفسانەی داعشی شکاند، بەڵام ئێوە چیتان کردووە بۆ پێشمەرگە و شنگال؟ ئەوە سەرکەوتنی پێشمەرگەیە ئێوەی تەنگاو کردووە و تووشی هیستریا بوون.
 
لە کۆتاییدا دەڵێین گەلی کوردستان لەسەر ڕێگەی خۆی بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتن و شکۆ تۆمار دەکات و پاڵپشتی پێشمەرگە و بەها و ئامانجە بەرزەکان دەبێت. ئێوەی پەروەردەی مەدرەسەکەی ڕق و تێکدانی گۆڕانیش هیچتان لەدەست ناکەوێت جگە لە جنێو و هەڵپەڕین. 
 
فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارلەمانی کوردستان
18ـ11ـ 2016


وشە - وشه‌