دوا زانیاری لەسەر ژمارە و گوڕی بوومەلەرزەكانی ئەمرۆ

:: PM:04:59:11/01/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم ژمارەیەك بوومەلەرزە هەرێمی كوردستان هەژاند و بەو هۆییەوە لە بەشێكی زۆری شارەكان هەستی پێكراوە و چەقی بوومەلەرزە و گوڕی بوومەلەرزەكان جیاواز بووە.

ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە سەعاتی نێوان 9 و 10 ی بەیانی، پێنج بوومەلەرزەی بەرچاو و هەستپێكراوی پلە پێنج بەرەو سەروو لە رۆژهەڵاتی مەندەلی و لەنێو خاكێ ئێران دا روویان داوە، كە گوڕەكانیان جۆراوجۆر بوو.
 
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی و بووملەرزەزانی هەرێمی كوردستان گوتی، سەعات نۆ و 59 خولەكی بەیانی بوومەلرزەییەك بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر و لە دووریی 18 كم لە رۆژهەڵاتی مەندەلی ڕوویدا و سەعات 10ـی بەیانی بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەرو لە دووریی 23 كم لە رۆژهەڵات بۆ باكووری رۆژهەڵاتی مەندەلی بوومەلەرزەیەكی تر ڕوویدا.
 
ئەژی زیاتر گوتی، سەعات 10 و 14 خولەكی بەیانی بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر لە دووریی 22 كم لە رۆژهەڵات بۆ باكوری رۆژهەڵاتی مەندەلی بوومەلەرزەیەكی تر ڕوویدا و سەعات 10 و 21 خوولەكی بەیانی بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەر و لە دووریی 27 كم لە رۆژهەڵاتی شاری مێهران لە ئێران ڕوویدا و سەعات 11ـی بەیانی بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەرو لە دووریی 14 كم لە رۆژهەڵاتی مەندەلی بوومەلەرزەیەكی تر ڕوویدا.

زێبار كەریم شارەزای بواری جیۆلۆجی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوومەلەرزەكانی ئەمڕۆ هیچیان پاشماوەی بوومەلەرزە نەبوو بەڵكو تێكشكانی تەبەقەكانی چینی خوارەوەی زەوییە.

ئەو شارەزاییە زیاتر گوتی، ئەو بوومەلەرزانە ڕوو دەدەن بەهۆی كڵۆڵ بوونی بەشێك لە زەوی ڕوودەدات، كە ئێستە مرۆڤایەتی كاری هەڵكۆڵین و دەرهێنانی كانزای تێدا دەكرێت.

لە ماوەی ڕابردوو چەندان بوومەلەرزە باشووری كوردستان و ڕۆژهەلاتی كوردستانی هەژاند و بەو هۆییەوە چەندان هاووڵاتی گیانی لە دەستدا.




وشە - رامیار جەواد